ژيان

قوتابخانەیەک له‌ سلێمانی ناوی بڕیاری شەھید ئاسۆ لێندرا

بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی ناوی یەک لە قوتابخانەکانی شارەکەی بۆ ناوی بڕیاری شەھید ئاسۆ گۆڕی.

Dlshad Saifaalddin Ahmed  | 02.09.2019 - نوێکردنەوە : 22.09.2019
قوتابخانەیەک له‌ سلێمانی ناوی بڕیاری شەھید ئاسۆ لێندرا

As Sulaymaniyah

سلێمانی ـ AA

ئەمڕۆ دووشەممە لە رێوڕەسمێکدا بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە بەرپرسانی حکوومی و حزبی لە شاری سلێمانی، ناوی یەک لە قوتابخانە بنەڕەتییەکانی شارەکە بۆ ناوی ئەو منداڵە گۆڕدرا کە ھەفتەی رابردوو دوای ٢٣ رۆژ لە کۆچی دوایی باوکی و بەھۆی حەسرەتی ئەوەوە، گیانی لەدەستدا.

بڕیاری تەمەن چوار ساڵان، ئێوارەی رۆژی دووشەممەی رابردوو لە نەخۆشخانەی شاری سلێمانی گیانی لەدەستدا، ئەوەش دوای ٢٣ رۆژ لە کۆچی دوایی باوکی كه‌ لە ھێرشێکی چەکدارانی داعش بۆسەر بازگەیەکی نزیک کەلار لە سنووری پارێزگای سلێمانی گیانی لەدەستدا و بەو ھۆیەوە رووبەڕووی دۆخێکی دەروونی دژوار بوویەوە و لە ئەنجامدا تووشی وه‌ستانی مێشک ھات.

مەرگی بڕیار نیگەرانی و کاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا ھێنا ، بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی سلێمانی وەک ھاوسۆزییەک بڕیاریدا بە گۆڕینی ناوی قوتابخانەی کوردستان-ی بنەڕەتی بۆ قوتابخانەی بڕیاری شەھید ئاسۆ-ی بنەڕەتی.

بەڕێوەبەری گشتی بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی سلێمانی، دڵشاد عومەر لە گوتەیەکدا بۆ ئامادەبووانی رێوڕەسمی گۆڕینی ناوی قوتابخانەکە گوتی: "بڕیاری تەمەن چوارساڵان ئەمساڵ دەچوویە باخچەی ساوایان و دەبوو خزمەتمان بکردایە، بەڵام مەرگ رێگەی نەدا و بەھۆی خۆشەویستی و حەسرەتی ئەو بۆ باوکی گیانی لەدەستدا، ئێمەش وەک ھاوسۆزییەک بۆ ئەو منداڵە بڕیارماندا بە گۆڕینی ناوی ئەم قوتابخانەیە بۆ ناوی شەھید بڕیار".

شەوی ٣١ی تەمموزی رابردوو لە ئەنجامی ئەو ھێرشەی چەکدارانی داعش بۆسەر بازگەیەکی ئەمنی نزیک کەلار لە سنووری ئیدارەی گەرمیان (١٤٠ کلم باشووری رۆژھەڵاتی سلێمانی) ئەنجامیاندا، بەھۆیەوە فەرماندەی ئۆپەراسیۆنی ھێزەکانی ئاسایشی گەرمیان، ئاسۆ جەلال مەسۆیی (باوکی بڕیار) و سێ کەسی تر گیانیان لەدەستدا.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın