Heman Hussein Yaseen
29 ئاب 2019•نوێکردنەوە: 31 ئاب 2019
هەولێر - AA
ئەمڕۆ پێنجشەممە، چەند کۆگایەکی کەلوپەلی ئۆتۆمبێل، ناوماڵ و بیناسازی لە شاری هەولێر ئاگریان گرت و بە هۆیەوە زەرەر و زیانێکی زۆری ماددی بەر خاوەن کۆگاکان کەوت و تا ئێستاش تیمەکانی ئاگرکووژێنەوە سەرقاڵی کووژاندنەوەی ئاگرەکەن و لە کۆنترۆڵکردن نزیکبوونەتەوە.
کاتژمێر هەشتی بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، کۆگایەکی کەلوپەلی ئۆتۆمبێل لە نزیک فامیلی مۆڵی شاری هەولێر ئاگری گرت و دواتر ئاگرەکە تەشەنەی سەند و چەند کۆگایەکی دیکەشی گرتەوە و سەرئەنجام تا کاتژمێر ١٢ی نیوەڕۆ هەشت کۆگا سووتان.
بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانی هەولێر، عەمید شوان عەبدولقادر بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "دوای ئاگادارکردنەوەمان دەستبەجێ گەیشتین بە شوێنی رووداوەکە و تیمەکانمان لە پێنج لایەوە لە هەوڵی کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکەدان و بە هۆی ئەوەی سەر کۆگاکان جەمەلۆنی تیادا بەکارهاتووە، نەتوانرا فڕۆکەی بەرگریی شارستانی بەکاربهێنین، بەڵام سەرجەم تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە بەشدارن و لە کۆنترۆڵکردن نزیکبووینەتەوە و هیچ زیانێکی گیانیشی نەبووە".
شوان عەبدولقادر گوتیشی: "لێکۆڵینەوە بەراییەکان دەستیپێکردووە و دواتر هۆکار و زیانەکان رادەگەیەنین".
لەو هەشت کۆگایەی زیانییان بەرکەوتووە، چوار کۆگا کەلوپەلی کۆمپانیای کۆمپانیای هۆم ئیستانبۆڵی تیادایە و لەمبارەیەوە بەڕێوەبەری کارگێڕی کۆمپانیای هۆم ئیستانبۆڵ، دلێر سلێمان بۆ راگەیاندنەکان گوتی: "چوار کۆگامان سووتاوە کە بە بەهای دوو ملیۆن و ٥٠٠ هەزار دۆلار دەبێت و هیچ کەلوپەلێک لەم کۆگایانە بە ساغی دەرنەچووە و سەرجەمییان سووتاون".
ئەمساڵ چەندین حاڵەتی دیکەی هاوشێوە روویانداوە و بەرپرسانی بەرگریی شارستانی بەشی هەرە زۆری هۆکارەکانیان بۆ شۆرتی کارەبا و کەمتەرخەمی لە سیستەمی ئاگرکووژێنەوەی شوێنەکان گەڕاندووەتەوە.