21 ئادار 2018•نوێکردنەوە: 22 ئادار 2018
بەغدا ــ AA
وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق رایگەیاند كە تا ئێستا، گەڕانەوەی 27 هەزار ئاوارە لە سووریا و توركیا بۆ سەر زێدی خۆیان دوای كۆنتڕۆڵكردنەوەی ناوچەكانیان، تۆمار كردووە.
گوتەبێژی وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق، ستار نەورۆز بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند، تا ئێستا 22 هەزار ئاوارەی عێراق لە كەمپی هۆل لە سووریا گەڕاونەتەوە ناوچەكانیان.
پێشتر ئەو 22 هەزار كەسە لە سنووری پارێزگای نەینەوا بە هۆی هێرش و كۆنتڕۆڵكردنی ناوچەكانیان لە لایەن داعشەوە، ئاوارەی سووریا بووبوون و لە كەمپی هۆل نیشتەجێ كرابوون.
كەمپی هۆل دەكەوێتە پارێزگای حەسەكە باكووری رۆژهەڵاتی سووریا نزیك سنووری عێراق.
ستار نەورۆز باسی لەوەشكرد كە هەروەها تا ئێستا وەزارەتەكەیان گەڕانەوەی پێنج هەزار ئاوارەی عێراقی لە توركیا تۆمار كردووە.
ناوبراو ئاماژەی بەوەشدا كە ئەو ئاوارانەی عێراق دوای باشبوونی رەوشی ئەمنی و كۆنتڕۆڵكردنەوەی ناوچەكانیان بە ویستی خۆیان گەڕاونەتەوە سەر زێدی خۆیان.