Dlshad Saifaalddin Ahmed
17 کانوونی یەکەم 2018•نوێکردنەوە: 17 کانوونی یەکەم 2018
سلێمانی – AA
بڕیارێكی وەزارەتی كاروكاروباری كۆمەڵایەتی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەبڕینی مووچەی ئەو كەمئەندامانەی رێژەی كەمئەندامییان ناگاتە لەسەدا 70 ، نیگەرانی ئەو كەسانەی لێكەوتووەتەوە.
ئەمڕۆ دوای سەردانی بانكی تووی مەلیك لە شاری سلێمانی كە مووچەی كەسانی خاوەن پێداویستی تایبەتی تیادا دابەش دەكرێت و ئاگاداركردنەوەیان بە بڕینی مووچەكانیان، ژمارەیەك لە كەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت گردبوونەوەیەكیان لە بەردەم بانكەكە ئەنجامدا بۆ ناڕەزایی دەربڕین بەرامبەر ئەو بڕیارەی حكوومەت.
سكرتێری رێكخراوی یەكێتیی كەمئەندامانی كوردستان، سامان حسێن بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئەو بڕیارەی حكوومەت و وەزارەتی كار بە بڕینی مووچەی 60 هەزار دیناری ئەو كەمئەندامانەی رێژەی كەمئەندامییان ناگاتە لەسەدا 70 ستەمێكی گەورەیە بەرامبەر كەمئەندامان كە بەشی زۆری ئەو كەسانە توانای كاركرنیان نییە و دۆخی ژیانیان سەختە".
سامان حسێن هەروەها گوتی: "وەك كەمئەندامان داوا دەكەین هەرچی زووە حكوومەت چاو بەو بڕیارەدا بخشێنێتەوە و چیتر لەژێر ناو و بڕیاری جۆراوجۆردا ژیانی كەمئەندامان سەختتر نەكەن".
لە لای خۆیەوە بەرپرسی راگەیاندن و پەیوەندییەكانی رێكخراوی رۆژ تایبەت بە كەمئەندامان، دلێر جەبار بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند، بەو بڕیارەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان مووچەی 20 هەزار كەمئەندام بڕدراوە.
لە بەرامبەر نیگەرانی كەمئەندامان، بەڕێوەبەرایەتی گشتی چاودێریی و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی لە پارێزگای سلێمانی روونكردنەوەیەكی لەسەر ئەو بابەتە بڵاوكردەوە.
لە روونكردنەوەكەدا كە كۆپییەكی بۆ ئانادۆڵو هاتووە، تیایدا رایگەیاندووە "پاش دابەشكردنی مووچەی مانگی سێی ساڵی 2018، ژمارەیەك لە هاووڵاتییانی خۆشەویستی خاوەن پێداویستی تایبەت (كەمئەندامان) بە هۆی راگیرانی مووچەكانیان، پرسیاری هۆكاری ڕاگیرانی مووچەكانیان رووبەڕوو كردینەوە، هەربۆیە بە پێویستمان زانی ئەم روونكردنەوەیە ئاراستەی هەموو لایەك بكەین بۆ بەرچاوڕوونی:
١ـ بەپێی فەرمانی وزاری، ژمارە (1710) لە 10ی 12ی 2018، ئەو كەمئەندامانەی ئەم دوو حاڵەتەیان هەیە مووچەكانیان رادەگیرێت:
أ ـ ئەوانەی بە هەر هۆكارێك تا سەرەتای مانگی 12 نەهاتوون بۆ پڕكردنەوەی فۆرمی دووبارە پشكنین.
ب ـ ئەوانەی لە ئەنجامی دووبارە پشكنین رێژەی كەمئەندامیان بەپێی ڕێنمایی ژمارە (2)ی ساڵی 2016 شایستە نییە كە بۆ نەخۆشییە جۆراوجۆرەكان بەمجۆرەیە: (جەستەیی 55%، نابینا 65%، نابیست 70%، بیركۆڵ 65%، مەنگۆل 80%، تالاسیما 60%، هیمۆفیلیا 60%، ئۆتیزم 80%، شیزۆفرینیای توند 60%، ئیفلیجی مێشك 80%).
٢ـ ئەو هاووڵاتییە كەمئەندامانەی كە كارمەندی حكوومەتن و خاوەن داهاتی جێگیرن پێویستە رێژەی كەمئەندامیان لە (70%) كەمتر نەبێت بۆ ئەوەی شایستەبن بە مووچە و هاوكاری كۆمەڵایەتی، ئەوەی لە 70% كەمتر بێت هاوكارییە كۆمەڵایەتییەكەی (مووچەی كەمئەندامییەكەی) رادەگیرێت و مافی تانەلێدانی هەیە لە رێژەكەی.
٣ـ ئەو هاووڵاتییانەی كە ناڕازین لە ئەنجامی لیژنە پزیشكییەكان، مافی ئەوەیان هەیە كە تانە بدەن لە ئەنجامەكان و پاش چوونەوە بەردەم لیژنە پزیشكییەكان كە لە ماوەیەكی نزیكدا لە لایەن بەڕێوەبەرایەتیە گتشیەكانی تەندروستیەوە پێكدەهێنرێن، ئەگەر هاتوو دەركەوت شایستەن بەپێی رێنماییەكان مووچە راگیراوەكانیان بۆ خەرج دەكرێتەوە.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی چاودێریی و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی لە پارێزگای سلێمانی رایگەیاندووە لە ئایندەیەكی نزیكدا بەڕێوەبەرایەتیەكانی تۆڕی پاراستنی كۆمەڵایەتی و فەرمانگەی شارەكان كاردەكەن بۆ ئامادەكردنی لیستی ناوی ئەو كەمئەندامانەی كە لە ساڵی 2013ەوە چاوەڕێ دەكەن و تا ئێستا تۆمارنین، بۆ ئەوەی بەرزبكرێنەوە بۆ وەزارەت و ئەنجوومەنی وەزیران بۆ ئەوەی مووچە و هاوكاریان بۆ دابین بكرێت بەپێی ڕێژەی كەمئەندامیان.