Dlshad Saifaalddin Ahmed
20 کانوونی یەکەم 2018•نوێکردنەوە: 21 کانوونی یەکەم 2018
سلێمانی ـ AA
ئەمڕۆ لە رێوڕەسمێکدا و بە ئامادەبوونی وەزیری تەندروستی ھەرێمی کوردستان و کونسوڵی ژاپۆن لە ھەرێم و ژمارەیەک لە بەرپرسانی تەندروستی، بەشێکی تایبەت لەناو نەخۆشخانەی ھیوا بۆ چارەسەرکردنی توشبوانی نەخۆشی شێرپەنجە بە شێوەیەکی سروشتی کرایەوە.
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ھیوا ، دۆستی نەجات رایگەیاند، بەشەکە لەناو نەخۆشخانەی ھیوا تایبەت بە چارەسەری توشبووانی شێرپەنجەیە و لە لایەن رێکخراوی شنەبای ژاپۆن-ییەوە دروستکراوە، ئامانج لێی چارەسەرکردنی سروشتی قۆناغی دوای چارەسەری نەخۆشییەکە و سەرھەڵنەدانەوەیەتی .
نەجات دۆستی گوتی: "زیاتر لە پێنج ساڵە بیرۆکەی راھێنانەوەی سروشتی و چارەسەری سروشتیمان ھەیە و زیاتر لە ٣٠٠ کەسمان ھەیە کە لە شێرپەنجە چاک بوونەتەوە ، بەڵام پێشتر ئەم خزمەتگوزارییە لەناو نەخۆشخانەی ھیوا نەبوون بەو ھۆیەوە لە دەرەوە ھۆڵمان بۆ دەگرتن".
ئەو گوتی: "بیرۆکەکە لەوەوە ھاتووە کە لە رووی زانستییەوە ئەم جۆرە راھێنانانە کە بۆ نەخۆشەکانی دەکەین چانسی دروستبوونەوەی شێرپەنجەکەیان زۆر کەم دەکاتەوە ، بۆ ئەو مەبەستەش لەئەمساڵدا توانیومانە ئەم ھۆڵە دروست بکەین و ئامێرەکانی بۆ دابین بکەین بۆ راھێنانی سروشتی و وەرزش بۆ نەخۆشەکان".
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکە ئاماژەی بەوەش کرد لە ھۆڵەکەدا ساڵانە زیاتر لە ھەزار کەسی توشبووی نەخۆشی شێرپەنجە راھێنانی پێدەکرێت و ھەوڵ دەدەن ژیانی ئەو کەسانە لە داھاتوودا ئاسایی بکەنەوە.