Dlshad Saifaalddin Ahmed
11 کانوونی یەکەم 2018•نوێکردنەوە: 12 کانوونی یەکەم 2018
سلێمانی – AA
بە هۆی كاریگەری كەشوهەوای ئەم چەند رۆژەی ناوچەكەوە، ماوەی دوو رۆژە شاری سلێمانی بە تەموومژێكی چڕ داپۆشراوە و ئاستی بنینی زۆر كەمكردووەتەوە و كێشەی بۆ شۆفێران دروستكردووە.

بەڕێوەبەرایەتی گشتی كەشناسی و بوومەلەرەزانی هەرێمی كوردستان لەو بارەیەوە بڵاوی كردووەتەوە، تەمێكی چڕ شاری سلێمانی گرتووە و مەودای بینینی ئاسۆیی كەمكردۆتەوە بۆ 100 مەتر و مەودای بینینی ستونیش بۆ 300 مەتر.
دوێنێ بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی، شۆفێرانی ئاگاداركردەوە لە هۆشیاری لێخوڕین لە شەقام و رێگابانەكانی ناوەوە و دەرەوەی شارەكە بە هۆی كەمبوونەوەی ئاستی بینینەوە.

لە لایەكی ترەوە ئێوارەی دوێنێ فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی بە هۆی زۆری تەم و كەمبوونەوەی ئاستی بینین لە ئاسمانی فڕۆكەخانەدا سەرجەم گەشتە ئاسمانییەكانی خۆی راگرت و كاتی راگرتنی ئەو گەشتەكانەشی تا نیوەڕۆی ئەمڕۆ درێژكردووەتەوە.
بەرپرسی راگەیاندنی فڕۆكەخانەكە، دانا محەمەد لەو بارەیەوە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "بە هۆی بەردەوامی ئەو تەموومژەی شاری سلێمانی گرتووەتەوە و مەوداى بینین بەو هۆیەوە كەمبووەتەوە لە ئێوارەی دوێنێوە گەشتەكانمان تا كاتژمێر هەشتی بەیانی ئەمڕۆ راگرت، بەڵام بە هۆی بەردەوامی تەمەكەوە كاتەكەی بۆ 11ی پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ درێژكرایەوە".

ئەو ئاماژەی بەوەش كرد، بەپێی راپۆرتی نووسینگەی كەشناسی فڕۆكەوانی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی، پێشبینیكراوە ئەو تەموومژە تا كاتژمێر 11:00 ی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ بخایەنێت، دوای ئاساییبوونەوەی دۆخەكەش گەشتەكان ئاسایی دەبنەوە.