Hemn Baban
17 کانوونی دووەم 2018•نوێکردنەوە: 24 کانوونی دووەم 2018
ھەولێر - AA
لە سەردەمی داعشدا چەندین سەرتاش بە ھۆی" لادانییان" لە رێنماییەکانی خەلافەتی ئیسلامی تووشی راوەدوونان یان کوشتن یان داخستنی سەرتاشخانەکانییان بوونەوە.
لە ترسی رق ئەستووریی چەکدارانی داعش مووسڵی بەجێھێشت، بەڵام کە لە کەمپێکی ژێر دەسەڵاتی ھەرێمدا گیرسایەوە بێ ئیشوکار وەکو زۆرێک لە گەنجانی ھاوڕێ و ھاوشوێنی نەمایەوە، بۆ سلێمان قەتماغەگرتنی برینەکانی ئاوارەیی زۆر قورس نەبوو، ئەو ھیچ نەبێت بۆ رزگارکردنی خانەوادەکەی لە برسیەتی و لە زەحمەتییەکانی ژیان دەتوانێت لە ئاوارەیشدا پاروویەکی نانیان بۆ پەیدا بکات.
لە دووکانێکی بچووک کە لە چوار مەتری دووجا تێپەڕناکات، دوو بەرینی و دوو درێژی سلێمان سەرتاشخانەیەکی بچکۆلانەی لە کەمپی حەسەن شام کە نزیک بە ٧٥ کیلۆمەتر لە ھەولێرەوە دوورە لە فلینە بۆ خۆی دروستکردووە، لەناو سەرتاشخانەکە دوو ئامێری سادەی سەرتاشین و سێ مەقەست و چەند شانە و ئاوێنەیەکی بچووکیش ھەیە، لێرە زۆر شت سەرەتایین و کارەباش زۆر کەمی ھەیە، بەڵام ئیشەکانی ئەم گەنجە راناوەستن.
سلێمان فارس گەنجێکی باریکەلەی قژ رەشی بەردەوام دەم بە بزەیە لە کۆتاییەکانی بیستەکانی تەمەنیدایە، لەناو دوکانەکەی کە ناوی لێناوە "سەرتاشخانەی لوێزی"، (لوێزی یەکێکە لە عەشیرەتەکانی عێراق و لە مووسڵ ھەن)، سەرقاڵی چاککردنی قژی ھەرزەکارێک بوو تا لەناو ئازارە زۆرەکاندا دڵخۆشی بکات بەو ھونەرەی لێی دەزانێت، دوای چاککردنی قژی ئەو ھەرزەکارە پێیگوتین ئەو شێوازەی ئەو قژی پێ چاککردووە بە "مارێنز" ناسراوە کە لە کەمپەکەدا زۆرێک ھاوشێوەی ئەو لە ھەرزەکار و گەنجان بۆ تاشینی قژیان داوای دەکەن.
سلێمان بەدەم قژتاشینی موشتەرییەکانییەوە کە جار و بار تەقە تەقی مەقەستەکەی دەستیشی تێدەکەوت، زوو زوو سەیری ئاوێنەکەی بەردەمی دەکرد بۆ ئەوەی بزانێت کارەکانی چۆن دەڕوات، لەو کاتانەدا کە زیاتر لە پێنج کەس سەریان بۆ تاشینی قژیان لە دەرەوەی سەرتاشخانەکەیدا گرتبوو بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو باسی لە پیشەکەی کرد و دەیگوت "من نزیکەی شەش مانگ بەر لە ئێستا بە ھۆی شەڕەکانی مووسڵ ناچاربووم ناوچەکەی خۆمان بەجێ بھێڵم، من پێشتر پیشەم سەرتاشی بوو، بۆیە کە ھاتمە ئێرە یەکسەر دەستم کرد بە دروستکردنی ئەم دوکانە کە لە فلینە دیوارەکانیم دروستکردووە و شتی زۆر سەرەتای بەکاردەھێنم، من لێرە بێ ئیش نییم و دەتوانم بۆخۆم رزق و رۆزی خۆم پەیدا بکەم و خەڵکیش ئیشی بڕوات".
لە ١٠ی حوزەیرانی ساڵی ٢٠١٤ مووسڵ و دواتریش پارێزگای نەینەوا و چەند ناوچەیەکی دیکەی عێراق لە دەستی حکوومەتی عێراق دەرچوو، چەکدارانی داعش خەلافەتێکیان بەناوی خەلافەتی ئیسلامییەوە دامەزراند، دواتر بەڵگەنامەی مەدینەیان لە مووسڵ بڵاوکردەوە و قژتاشین یەکێک بوو لەو کارانەی تەواو خستیانە ژێر کۆتوبەند و چەندین سەرتاشیشیان خستنە بەر کەلەپچە و چەندیشیان لێ کوشتن، بیانووشیان بۆ ئەو کارانەیان تاشینی قژی خەڵک بوو بە پێچەوانەی فەرمان و رێنماییەکانی ئیسلام و لاساییکردنەوەی بیانییەکان، بۆیە زۆر سەرتاش دوکانەکانییان داخست، یان بەرەو شوێنەکانی دەرەوەی ژێر دەسەڵاتی داعش ھەڵاتن.
سلێمان کە پێدەچوو دڵ و دەروونی باش بێت لەبارەی نرخەکانەوە دەیگوت نرخی دیاریکراوی بۆ قژتاشین نییە، بەڵکو ھەرچەند بدەن ئەو دەڵێت "خوا نەیبڕێت و بەزیادبێت"، ئەو زیاتر گوتیشی: "خەڵکی ناو کەمپ بە زۆری باری ماددیان خراپە، ئیشوکار نییە، پارە نییە، بۆیە منیش ئەوەم رەچاوکردووە، ئیدی ھەرچەند بدەن وەریدەگرم، سەرتاشین بە ٥٠٠ دینار و ھەزار دینار تا دوو ھەزار دیناری عێراقی ھەیە، ئەوەشی پارەی نەبێت یارمەتییان دەدەم و لێیان وەرناگرم، ھەندێکیش بە قەرز قژیان دەتاشن".
ھەروەھا دەشیگوت "من لە زووەوە سەرتاشم پێش ئەوەی بێمە ئەم کەمپە لە شوێنی خۆم دوکانی سەرتاشینم ھەبوو لە مووسڵ، کارەکەشم ئێستا سوپاس بۆ خوا باشە خراپ نییە، لێرە بەزۆرینە بێ کارین، بەڵام ئیتر ھەندێکی کەم ئیش دەکەن یان سەوزە و شت دەفرۆشن بەشێکی زۆریش بێ ئیشن، لێرە لەم کەمپە دوو سەرتاش ھەن، خەڵک بەزۆرینە دێنە لای من و وەکو ھەقدەست جەخت ناکەمەوە لەسەر پارەیەکی دیاریکراو".
رۆژانە نزیکەی ١٠ کەس لە لای سلێمان قژیان دەتاشن، ئیتر ئەویش بە پێی ئارەزووی موشتەرییەکانی قژیان دەتاشێت، دەشڵێت بۆ ئەو کەرەستانەی پێویستییەتی لە سەرتاشخانەکەی باوکی ھاوکاریی دەکات و لە مووسڵەوە ھەر ماوەیەک ھەندێک کەلوپەل و پێداویستیی بۆ دەهێنێتە ناو کەمپەکەوە.
سلێمان کە دەیگوت بۆ دروستکردنی سەرتاشخانەکەی پارەیەکی کەمی خەرج کردووە لەو فلینانەی کە کڕیونی لەگەڵ کەرەستەکان، دەیگوت زۆرینەی گەنجان و ھەرزەکاری کەمپی حەسەن شام ئارەزووی چاککردنی قژیان لەسەر شێوازی ناسراو بە "مارێنز" ھەیە.
سلێمان لەگەڵ چوونە ژوورەوەماندا بۆ چاوپێکەوتنی پێی ئاسایی بوو، زوو زووش دەیپرسی لە کوێ بڵاودەبێتەوە؟، ئەو ئەگەرچی ئێستا لە ئاوارەییدا دەژێت، بەڵام بۆ ئەو کەمپیش شوێنی پەیداکردنی پارووی نانی تیادا دەبێتەوە، بەڵام باسی لەوە دەکرد کە بارودۆخی ناوچەکەی خۆی ئاسایی ببێتەوە ئەوا دەگەڕێتەوە شوێنی خۆی و سەرتاشخانەیەکی باشتر دادەمەزرێنێت و بێ کار نابێت.