ژيان, عێراق

زریان ئەو گەنجە بەهرەمەندە نابینایەی دەستەکانی جێگەی چاوەکانی بۆ گرتووەتەوە

زریان لە تەمەنی پێنج ساڵیدا بەهۆی ڕووداوێکی تەقینەوە بینای چاوەکانی لەدەستداوە، بەڵام لەگەڵ گەورەبوونییدا بەهرە و تواناکانیش گەورەبوون و نابیناییەکەی نەبووەتە ڕێگر لەبەردەم تواناکانیدا.

Hemin Othman Mohammed  | 01.04.2025 - نوێکردنەوە : 07.04.2025
زریان ئەو گەنجە بەهرەمەندە نابینایەی دەستەکانی جێگەی چاوەکانی بۆ گرتووەتەوە

Arbil

سلێمانی – AA

گەنجێکی قەزای ڕانیە بەناوی زریان خدر حەسەن (٣٤ ساڵ)، لەگەڵ ئەوەی نابینایە، بەڵام زۆر بە وردی کاری چاککردنەوەی پاسکیل و ماتۆڕ دەکات.

زریان لە تەمەنی پێنج ساڵیدا بەهۆی ڕووداوێکی تەقینەوە بینایی چاوەکانی لەدەستداوە، بەڵام لەگەڵ گەورەبوونیدا بەهرە و تواناکانیشی گەورەبوون و نابیناییەکەی نەبووەتە ڕێگر لەبەردەم بەهرە و تواناکانیدا.

ئەم گەنجە بەهرەمەندە بە چاککردنی پاسکیل و ماتۆڕ بژێوی ژیانی خۆی و خانەوادەکەی دابین دەکات و، بووەتە ئاسۆیەکیش بۆ گەنجان کە بێ هیوا نەبن و، پشت بە تواناکانی خۆیان ببەستن و پەرەی پێ بدەن.

زریان کە دەستەکانی جێگەی چاوەکانی گرتووەتەوە، لە کارەکەیدا پشت بە کەس نابەستێت و تەنیا خۆی لە دووکانەکەیدا کار دەکات، پاسکیل و تەنانەت ئۆتۆمبێلیش لێدەخوڕێت. ئەو خۆی بە بینا دەزانێت و پێی وایە ئەو کەسە نابینایە کە بە دڵ شت نابینێت.

سەبارەت بە پیشەکەی و ژیانی ڕۆژانەی زریان بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو دووا و، ڕایگەیاند: "من ناوم زریان خدر حەسەنە، دانیشتووی گەڕەکی ڕاپەڕینم لە قەزای ڕانیە، لە ساڵی ١٩٩١ لە دایک بووم، لە ساڵی ١٩٩٦ بینایی چاوەکانم لەدەستداوە. یەکەم ئیشم چاککرنی ماتۆڕی ئاو بوو لە تەمەنی حەوت ساڵیدا، ئەویش بۆلبڕینەکەی تێکچوو چاکم کرد. دواتر متمانەم بە خۆم بوو، وام کرد کارەکەم پەرەبسێنێت و لە ٢٦ی حوزەیرانی ساڵی ٢٠٠٦دا، دەستم کرد بە کاری چاککردنی پاسکیل و ماتۆڕ، هەتا ئێستا بەردەوامم".

زریان تەنیا بە دەستلێدان هەستی ناسینەوەی ئەو ئامێر و کەرەستانەی هەیە کە ڕۆژانە بەکاریان دەهێنێت وەک ئیسپانە، پێویستی بە هەر قەبارەیەک ئیسپانە هەبێت زۆر بە ئاسانی دەیدۆزێتەوە.

لەو بارەیەوە خۆی دەڵێت: "لە ٢٠٠٦ەوە هەتا ئێستا من بەردەوامم و کاری چاککردنی پاسکیل و ماتۆڕە و، بەردەوام ئیشی خۆم دەکەم بەبێ ئەوەی کەس هاوکاریم بکات و بێتە ناو دووکانەکەم و شتم پێ بڵێت، بۆ خۆم کارەکە دەکەم و کارەکەم ڕادەپەڕێنم. کەسیش فێری نەکردووم بۆخۆم فێربووم. سوپاس بۆ خودا هەتا ئێستا بەردەوامم".

زریان پیشەکەی خۆشدەوێت و هەردەم پەرەی پێدەدات، داواش لە گەنجان دەکات بەهرە و تواناکانیان فەرامۆش نەکەن و پەرەی پێبدەن و، لەو بارەیەوە ڕایگەیاند: "داوام لە گەنجان ئەوەیە وا نەزانن کە خودای گەورە کاتێک بەهرەیەکت لێدەستێنێت بەهرەیەکی دیکەت ناداتێ، من یەکێکم لەو گەنجانەی شاری ڕانیە کە بیناییم لەدەستداوە، بەڵام کار دەکەم و بەردەوامم لە کار کردن. پشتیوان بەخودا هەربەردەوامیش دەبم هەتا مردن. داوا لە گەنجان دەکەم هیچ کات نەڵێن ئیش ناکرێت و کارکردن ناخۆشە. ئەگەر من بتوانم ئیش بکەم دەبێت ئێوە زۆر بە ئاسانی بیکەن".

زریان وەک خۆی باسی دەکات هەموو لایەکی شاری ڕانیە زۆر بەباشی شارەزایە و پێویستی بە کەس نییە بۆ هاتوچۆ و، دەڵێت: "من هەموو شوێنێکی ئەم ڕانیەیە شارەزام، شەقام بە شەقا، تاسە بە تاسە، هەموو پێچ و سەرە کۆڵانێکی دەزانم".

وەستا زریان باس لەوە دەکات کە ژمارەیەکی زۆری تەلەفۆنی هاوڕێیان و کەسوکار و کەسانی دیکەی لەبەرە و، هەرکاتێک بیەوێت پەیوەندیان پێوە بکات خۆی ژمارەی مۆبایلەکەی لێدەدات.

گوتیشی: "لەگەڵ ئەوەی هەزار ژمارەی مۆبایلم لەبەرە، پێویستم بەوە نییە بە کەس بڵێم ئەو ژمارەیەم بۆ وەرگرە، هەر خۆم هەموو ژمارەکانم لەبەرە و پەیوەندیان پێوە دەکەم".​​​​​​​

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın