ژيان, عێراق

"دەتوانرێت سەگی پشدەر وەک سەگی پۆلیسیی و پشکێنەری ماددەی هۆشبەر بەکاربهێندرێت"

هاووڵاتیی، ئارام عەبدوڵڵا: "ڕەفتاری سەگ جیاوازە، ئەگەر خاوەنەکەی لەگەڵی بێت زۆر نەرم و نیانە، بەڵام ئەگەر خاوەنەکەی دیار نەبێت سەگێکی دڕە و پەلاماری ھەر کەس و شتێک دەدات کە ھەستی پێ بکات".

Heman Hussein Yaseen  | 19.01.2026 - نوێکردنەوە : 19.01.2026
"دەتوانرێت سەگی پشدەر وەک سەگی پۆلیسیی و پشکێنەری ماددەی هۆشبەر بەکاربهێندرێت"

Arbil

هەولێر - AA هێمن حوسێن

سەگی پشدەر، یەکێکە لە جۆرە ھەرە بەناوبانگەکانی سەگ لە جیھاندا کە بە بەھێزیی و تواناییەوە ناوبانگی دەرکردووە و زیاتر بۆ پارێزی ئاژەڵ و سەگی کار بەکاردێت، قەبارەی ئەم جۆرە سەگە بەرزییەکەی تا مەترێک دەبێت و کێشیان لە نێوان٦٠ بۆ ٨٠ کیلۆگرام دەبێت، قەبارەی سەریان تا ڕادەیەک گەورەیە و، خاوەن سینگێکی پان و قەدێکی باریکن و تا نزیکەی ٢٠ ساڵ ژیان دەکەن.

پشدەر، یەکێکە لە ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان و دەکەوێتە سنووری ئیدارەی ڕاپەڕینی سەر بە پارێزگای سلێمانیی، سەگی پشدەریش، وەک ناوەکەی دەریدەخات پەیوەندییەکی بەھێزی بە کولتووری ناوچەکەوە ھەیە و، لە مێژووشدا وەک پارێزەری ئاژەڵ بەکارھاتووە. ئەم سەگانە بە پلەی یەکەم بۆ پاراستنی ڕەوە مەڕ و بزن و ئاژەڵ لە نێچیرەکانی وەک گورگ و تەنانەت ھەڕەشەکانی مرۆڤیش بەکارھاتوونە و، شێواز و لەیەکچوونێکی زۆریان لەگەڵ سەگی کانگاڵی تورکییدا ھەیە بەتایبەتی لە ڕووی قەبارە و ھێزەوە، هەروەها ڕۆڵیان هەیە وەک پارێزەری ئاژەڵ و، ھەردوو جۆرەکەش گەورەن و بەھێزن.

تێزێکی دکتۆرای ئەم دواییەش تیشکی خستووەتە سەر تایبەتمەندییە گرنگەکان و لە ھەمانکاتدا نیگەرانییەکانیان لەبارەی سەگی پشدەرەوە، توێژینەوەکە کە لە چەند ناوچەیەکی ھەرێمی کوردستان ئەنجامدراوە و نموونەی چەند سەگێک لە تەمەن و ڕەگەز و کێشی جیاوازەوە وەرگیراوە، دەرکەوتووە کە بنچەی ئەم سەگانە لە ناوچەی پشدەر بووە و مێژووەکەی بۆ سێ تا پێنج ھەزار ساڵ بەر لە ئێستا دەگەڕێتەوە.

لە توێژینەوەکەدا دەرکەوتووە کە سەگی نێر لەم ناوچانە بە شێوەیەکی ئاسایی کێشیان دەگاتە ٩٠ کیلۆگرام، لەکاتێکدا مێینەکان کێشیان نزیکەی ٧٠ کیلۆگرامە، ئەم سەگانە باڵایان نزیکەی ٨٠ سانتیمەتر دەبێت و وەک سەگی گەورە پۆڵین دەکرێن و زۆرجار بۆ پاسەوانیی سوودیان لێ وەردەگیرێت و ھەندێک لەم سەگانە خاوەنی پێنج پەنجەی قاچن، ئەمەش تایبەتمەندییەکە کە بە شێوەیەکی گشتی بە گورگکوژ ناسراون و بۆ شەڕ و خۆپارێزیی بەکاریدەهێنن.

دکتۆر یوسف بەرزنجی، پڕۆفیسۆر لە کۆلێژی زانستە ئەندازیارییە کشتوکاڵییەکان لە زانکۆی سەڵاحەددین لەبارەی توێژینەوەکەیان بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "توێژینەوەکان تێزێکی دکتۆرا بوو، هاتین نموونەی ئەو شوێنانەمان وەرگرت کە ئەم جۆرە سەگەی لێی بەربڵاوە، وەک ڕانیە، قەڵادزێ، سلێمانی، سیتەک، دوکان و هەڵەبجە، نموونەکان لە ڕەنگ و ڕەگەز و تەمەنی جیاوازبوون، لە ئەنجامەکەیدا بۆمان دەرکەوت کە کێشی نێرەکان تا ٩٠ کیلۆ و کێشی مێیەکان نزیکەی ٧٠ کیلۆ دەبێت، هەروەها بەرزییەکانییان نزیکەی ٨٠ سانتیمەتر دەبێت، مێژووی ئەم سەگە لە وڵاتی ئێمە بۆ سێ تا پێنج هەزار ساڵ دەگەڕێتەوە".

دکتۆر یوسف بەرزنجی گوتیشی: "لە توێژینەوەکەدا، هاتین سیفاتەکانمان دیارییکرد و لە ڕووی بۆماوەییشەوە کارمان لەسەرکرد، بۆمان دەرکەوت کە بنچەی ئەم سەگانە دەگەڕێتەوە بۆ ناوچەی پشدەر و هەر بۆیەش بەناو سەگی پشدەری ناوبانگی دەرکردووە".

لە ڕووی سوود وەرگرتن لەم سەگانە، دکتۆر یوسف بەرزنجی گوتی: "ئەم سەگانە ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕن لە پاراستنی ئاژەڵیی دیکەدا بە تایبەتی مەڕ، بۆ نموونە لە وڵاتانی وەک ئەمریکا و ئوستڕالیا دوو سەگ دەتوانن ھەزاران مەڕ بەڕێوەببەن. ھەروەھا ئەم سەگانە توانای ئەوەیان ھەیە وەک سەگی پۆلیسیی خزمەت بکەن لەبری ئەوەی سەگی پۆلیسیی لە وڵاتانەوە هاوردە بکرێن، هەروەها دەتوانرێت بۆ پشکنینی ماددەی هۆشبەر لە بازگەکان سوودی لێ وەربگیرێت سەرەڕای ئەوەی کە هەموو ئەو ئەرکانە پێویستی بە شوێن و ڕاهێنانی زۆر تۆکمە هەیە کە بەداخەوە لێرە شوێنێکی وامان نیە، لەگەڵ ئەوەشدا بە گشتی ئاژەڵان دەتوانن جۆرێک لە هاوسەنگیی ڕابگرن، بۆ نموونە ئەگەر سەگ کەم بێت ئەوا پشیلە زۆر دەبێت، ئەگەر پشیلە کەم بێت ئەوا جورج و مشک زۆر دەبن، بۆیە بوونی بەخێوکردن و پاراستنی هەر ئاژەڵێک گرنگ و تایبەتمەندیی خۆی هەیە".

لە ڕووی پاراستنی تەندروستیشەوە، دکتۆر یوسف بەرزنجی گوتی: "سەگ هاوشێوەی ئاژەڵەکانی دیکە دەبێت خۆراکی تایبەتی پێ بدرێت و تێیدا ڕێژەی ڤیتامین و پڕۆتینەکان دیاریی بکرێت، بەڵام بەداخەوە کە دەبینین لێرە پاشماوەی خۆراکیان پێ دەدرێت و ئەمەش کاریگەریی لەسەر گەشەکردنییان هەیە، هەروەها زۆرجار لە کاتی نەخۆشکەوتنیان بەداخەوە ئەو دەرمانانەیان وەک چارەسەر پێدەدەن کە بۆ مرۆڤ دروستکراوە، بێگومان ئەمەش کاریگەریی نەرێنی هەیە چونکە ئەم دەرمانانە بۆ مرۆڤ دروستکراوە و تێچووی زۆر زیاترە".

توێژینەوەکە سەرنجی خستووەتە سەر ئەو مەترسییە گەورەیەی لەناوچوون هەیە بۆ نەمانی سەگەکان و لەمبارەیەوە دکتۆر یوسف بەرزنجی گوتی: "نەبوونی ناوەندێکی تایبەتمەند بۆ پاراستنی ئەم ئاژەڵانە لە نەخۆشییە بەربڵاوەکان، هەروەها نەبوونی ئامراز و ئامێرێکی دروست بۆ توانای ھەڵگرتنی سپێرم و ھێلکەی پیتێنراو بۆ نەوەکانی داھاتوو ئەمە مەترسییەکی جددی لەسەر مانەوەیان دروست دەکات بۆ نموونە لە ڕابردووشدا پێنج جۆر مەڕی کوردیی هەبووە کە دووانییان لەناوچوونە، سەگیش دوورنییە لە لەناوچوون بۆیە پێویستە گرنگیی پێبدرێت".

هاوکات هاووڵاتییەک لەناوچەی پشدەر کە چەندین سەگی پشدەری ڕاگرتووە و شارەزاییەکی باشی لەگەڵ هەڵسوکەوت و بەخێوکردنی ئەم ئاژەڵەدا هەیە، ئاماژە بەوە دەکات کە سەگی پشدەر بە وریایی و بە توانایی و بە هێزییەوە دەناسرێتەوە و لە تەمەنی مێردمنداڵییەوە خولییای بەخێوکردنی سەگی هەبووە و تا ئێستاش ڕۆژانە بەشێکی کاتەکانی لەگەڵ یارییکردن لەگەڵ سەگەکان بەسەر دەبات.

هاووڵاتیی، ئارام عەبدوڵڵا لەمبارەیەوە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "من لە مێردمنداڵییەوە خولیای بەخێوکردنی سەگم هەبووە، سەگی پشدەر،ھێز و توانا و وریاییەکەیەتی کە بۆ شەڕکردن و بە دڵسۆزییەوە بەناوبانگە، تایبەتمەندییەکەی ئەوەیە کە کەسی خۆی ھەموو دەناسێت، ھەروەھا بەرزتر و بە ھێزترە بەراورد بە سەگی ناوچەکانی دیکە، ناوچەکەی ئێمە تەنیا سەگی پشدەری ھەیە".

ئارام عەبدوڵڵا گوتیشی: "سەگ ساڵانە دووجار زاوزێ دەکەن و تا لە تەمەندابن دەتوانن زاوزێ بکەن، هەروەها لە ڕووی کۆمەڵایەتییشەوە خەڵک کڕین و فرۆشتن و مامەڵەکردنی پێ خۆش نیە، هەرچەندە خەڵکی ناوخۆ و دەرەوەش دەیکڕن و خواستیان لەسەرە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەمساڵ بەھۆی خراپی دۆخی ئابووریی ئێرانەوە، نزیکەی ھەزار سەگ کە پێشتر لێرە فرۆشرابوون و بردووبایە ئێران، ھێنراوەتەوە پشدەر و خەڵکی ناوچەکە کڕیوویەتییەوە".

ئارام عەبدوڵڵا باسی لە کێشە تەندروستییەکانی سەگی پشدەر کرد و گوتی: "بەزۆری تووشی کۆکە دەبن، لەم حاڵەتەشدا دەرمانی مرۆڤی بۆ بەکاردەهێنین چونکە دەرمانی ئاژەڵمان دەست ناکەوێت، هەروەها بۆ خواردنیش زۆربەی کات لە ڕێگای دەواجنەکانەوە مریشکیان بۆ دابین دەکەین".

ئەو هاووڵاتییە باسی چیڕۆکێک دەکات لەبارەی دڵسۆزیی و بە وەفایی سەگەوە و گوتی: "ئەم سەگانە تا بڵێی دڵسۆز و بە وەفان بەرامبەر خاوەنەکانییان، بۆ نموونە لە گوندی نسێوەی سەر بە پشدەر، کەسێک کۆچی دوایی کرد و سەگەکەی لەسەر گۆڕەکەی مایەوە و هیچ شتێکی نەخوارد تا تۆپی، بۆیە بە هەموو شێوەیەک پارێزگاری لە ماڵ و خاوەنەکەی دەکات، نموونەیەکی زیندوو ئەوەیە کاتێک من دەگەڕێمەوە ماڵ، لەسەر شەقامی سەرەکییەوە سەگەکان دەنگی ئۆتۆمبێلەکەم دەناسنەوە و دەزانن منم دێمەوە".

ئارام عەبدوڵڵا گوتیشی: "ڕەفتاری سەگ جیاوازە، ئەگەر خاوەنەکەی لەگەڵی بێت زۆر نەرم و نیانە، بەڵام ئەگەر خاوەنەکەی دیار نەبێت سەگێکی دڕە و پەلاماری ھەر کەس و شتێک دەدات کە ھەستی پێ بکات".

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın