عێراق

دهۆک.. چوار رۆژە ئاگر لە دارستانەکانی زاوێتە کەوتووەتەوە

نیوەڕۆی رۆژی هەینی رابردوو ئاگر لە نزیک خانوویەکی دۆڵی زاوێتە کەوتەوە و دواتر تەشەنەی سەند و گەیشتە زەوییەکانی گوندی کۆرا تا دەگاتە گوندی رەشەوری و تاوەکو ئێستا ئاگرەکە بەردەوامە.

Ismael Adnan Yaqoob  | 26.07.2021 - نوێکردنەوە : 28.07.2021
دهۆک.. چوار رۆژە ئاگر لە دارستانەکانی زاوێتە کەوتووەتەوە

Dahuk

دهۆک- AA

نیوەڕۆی رۆژی هەینی رابردوو ئاگر لە نزیک خانوویەکی دۆڵی زاوێتە کەوتەوە و دواتر تەشەنەی سەند و گەیشتە زەوییەکانی گوندی کۆرا تا دەگاتە گوندی رەشەوری و تاوەکو ئێستا ئاگرەکە بەردەوامە.

بەرپرسی یەکەی رزگارکردن لە بەڕێوەبەرایەتی بەرگریی شارستانی پارێزگای دهۆک، زێرەڤان عەبدوڵڵا لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئەو ئاگرەی ماوەی چوار رۆژە کەوتووەتەوە، رووبەری زیاتر لە هەزار دۆنم زەوی گرتووەتەوە، سەرەتا ئاگرەکە لە دۆڵی زاوێتە کەوتووەتەوە دواتر گەیشتووەتە گوندی کۆرا تا دەگاتە گوندی رەشەوری و تاوەکو ئێستاش بەردەوامە".

زێرەڤان عەبدوڵڵا لەبارەی هۆکارەکانی کەوتنەوەی ئاگرەکەوە گوتی: "هۆکارەکەی نازانین، بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵ و دارستان و قایمقامییەتی قەزای ناوەندی دهۆک لێکۆڵینەوەیان لەبارەی هۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکە دەستپێکردووە".

بەرپرسی یەکەی رزگارکردن لە بەڕێوەبەرایەتی بەرگریی شارستانی پارێزگای دهۆک گوتیشی: "ئێمە ئاگرەکەمان لە زاوێتە کۆنتڕۆڵ کرد، بەڵام بەهۆی هەڵکردنی بـا کە بووە هۆی هێنانی پرووشکە دار لەگەڵ خۆیدا، جارێکی دیکە ئاگرەکە سەریهەڵدایەوە، هەروەها بەرزی پلەکانی گەرماش هۆکارێکی دیکەبوو بۆ دووبارە سەرهەڵدانەوەی ئاگرەکە".

زێرەڤان عەبدوڵڵا باسی لە کارەکانی دامرکاندنەوەی ئاگرەکەی کرد و گوتی: "زیاتر لە ١٠ بنکەی ئاگرکوژێنەوە لە پارێزگای دهۆک بەشدارن لە کوژاندنەوەی ئاگرەکە، بەڵام کارەکان زۆر قورسن و ئەستەمە بتوانین ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ بکەین چونکە ئۆتۆمبێلەکانی ئاگرکوژێنەوە ناگەنە ناوچە شاخاوییەکان، لە ئێستادا دوو هێلێکۆپتەر و کۆمپرێسەری هەوا بۆ دامرکاندنەوەی ئاگرەکە بەکاردەهێنین، نزیکەی ٤٠ کۆمپرێسەری هەوامان هەیە کە لە ئێستادا لە ناوچەکەدا کار دەکەن".

بەرپرسی یەکەی رزگارکردن لە بەڕێوەبەرایەتی بەرگریی شارستانی پارێزگای دهۆک هۆکاری بەکارنەهێنانی ئۆتۆمبێلەکانی ئاگرکوژێنەوەی لە ناوچە شاخاوییەکان بۆ بوونی مین گەڕاندەوە کە لە سەردەمی رژێمی پێشووی عێراق لە ناوچەکەدا چێنراون و گوتی "لە سەرەتای سەرهەڵدانی ئاگرەکەوە تاوەکو ئێستا ١٠ تاوەکو ١٢ مین تەقیونەتەوە و تاوەکو ئێستاش ئەگەری تەقینەوەی مینی دیکە هەیە، بۆیە نەناردنی کارمەندانی ئاگرکوژینەوە بۆ ناوچە شاخاوییەکان بەهۆی بوونی مەترسییە لەسەر ژیانیان".

لەلای خۆیەوە، بەڕێوەبەری فەرمانگەی دراستانی دهۆک، کاوە سەبری بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "بەشێک لە ئاگرەکە بە ئەنقەست کەوتووەتەوە،بەڵام هۆکاری سرووشتی هەیە بۆ زیاتر تەشەنەسەندی ئاگرەکە لە دارستانی زاوێتە کە بووە هۆی سووتانی ژمارەیەکی زۆری داری سرووشتیی بەڕووبەری زیاتر لە هەزار دۆنم، ئەمەش زیانێکی زۆر گەورەیە".

شارۆچکەی زاوێتە ناوچەکی داپۆشراوە بە داری سرووشتیی و ١٠ کیلۆمەتر لە ناوەندی شاری دهۆکەوە دوورە و دەکەوێتە رێگەی نێوان شاری دهۆک و قەزای ئامێدی.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın