ژيان, عێراق

بڕیێل.. زمانی پەنجەکانە و دەرگای زانست بۆ نابینایان دەکاتەوە

Heman Hussein Yaseen  | 12.02.2026 - نوێکردنەوە : 13.02.2026
بڕیێل.. زمانی پەنجەکانە و دەرگای زانست بۆ نابینایان دەکاتەوە

Arbil

هەولێر - AA هێمن حوسێن

ئەوان ھەرگیز خۆرھەڵاتنیان نەبینیووە، ناتوانن ڕەنگ و ڕووخسارەکان ببینن، بەڵکو بە ھەستکردن و دەنگی ھەناسە، کەسەکان دەناسنەوە.

لە پۆلەکاندا سەرەتا بە ھێواشی پەنجەکانییان بەسەر نووسینەکاندا دەخشێنن، پاشان بە متمانەوە چیڕۆک دەخوێننەوە بەو شێوەیەی کە ئەوانی دیکە سەیری فیلم دەکەن، کاتێکیش زەنگی پشوودان لێدەدات، دوو دوو قۆڵیان لە قۆڵی یەکتر ھەڵدەکێشن و، ھەنگاو دەنێنە ناو گۆڕەپان و باخچەی پەیمانگاکە، ئەگەرچی ھەنگاوەکانییان وریاییە بەڵام ھەرگیز ترسناک نین، لەلای ئەوان ھەموو دەنگێک زانیاری و ھەموو ھەوایەک ئاراستەیەک دەستنیشان دەکات.
​​​​​​​
نابیناکان خۆیان لەگەڵ خێرایی یەکتردا دەگونجێنن و ھەنگاوەکانییان فێرمان دەکەن کە تێگەیشتن گەورەترە لە بینین، دیمەنەکان جێگای بەزەیی نین بەڵکو جێگای سەرسامین، چونکە ھەندێکجار، ئەوانەی ناتوانن جیھان ببینن، ھەر ئەوانەن کە یارمەتی جیھان دەدەن بۆ ئەوەی ڕوونتر ببیندرێت.

پەیمانگای ڕووناکی بۆ نابینایان لە ھەولێر وەک چرایەکی ھیوا و دەرفەت بۆ قوتابییانی نابینا و کەم بینا کراوەیە. ئەم پەیمانگایە نۆ قۆناغی خوێندن و نزیکەی ٨٥ قوتابی ھەیە، ژینگەیەکی فێرکاری ناوازە و گشتگیر پێشکەش دەکات. خوێندکارانی پەیمانگاکە پڕۆگرامێکی ھاوشێوەی ھەر قوتابخانەیەکی دیکەی ئاسایی دەخوێنن، ئەمەش ئامادەیان دەکات بۆ ھەمان دەرفەتی داھاتوو وەک ھاوتەمەنە بیناکانیان. لەگەڵ تەواوکردنی خوێندن، قوتابی دەتوانێت بچێتە ھەر قوتابخانەیەکی ئامادەیی و ھاوشانی قوتابییە ئاساییەکان لە خوێندن بەردەوام بێت.

یەکێک لە کۆڵەکەی پەروەردەیی کەسی نابینا، خوێندنی سیستەمی بڕیێل-ە، کە شێوازێکی نووسینی ھەستکردنە و زۆر گرنگە لە فێربوونی خوێندن و نووسین بۆ ئەو کەسانەی کە نابینا یان کەم بینان، ئەم سیستەمە بەشێکی دانەبڕاوە لە توانای قوتابییان بۆ فێربوون و خوێندنەوە و نووسین، ھەروەھا بۆ بەھێزکردنیان لە داھاتوودا، بەڵام سەرەڕای ئەو پێشکەوتنانەی کە ھەیە، لە ڕووی ژێرخانی ئابوورییەوە گرفتێک بۆ نابینایان ھەیە کە ئەویش دابینکردنی ئامێرەکانی چاپ و کاغەزی ئەم سیستەمەیە و تا ئێستا بەشێک لە کاغەزەکان مێژووەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ پێش ڕاپەڕین و ئێستاش جارجارە لە ڕێگای خێرخوازانەوە پێنووس و کاغەزی تایبەت بەم سیستەمە بۆ پەیمانگای ڕووناکی نابینایان دابین دەکرێت و لایەنە پەیوەنددارەکانی حکوومەت ئەم ئەرکەیان نەگرتووەتە ئەستۆ.

پیتەکانی بڕیێل لە خشتەیەکی دوو بە سێ ڕیزکراون و بەو پێیەی ئەلفوبێ جۆراوجۆرەکانی بڕیێل وەک کۆدی نووسینەوە بۆ نووسینی چاپکراو سەرچاوەیان گرتووە، هەر خانەیەک بۆ ھەر ھێمایەک دروستکراوە. ھەر تێکەڵەیەک لە خاڵە بەرزەکان و خاڵە بەرزنەکراوەکان نوێنەرایەتی پیت، ژمارەیەک، یان نیشانەی خاڵبەندی جیاواز دەکات.

بە گشتی سیستەمەکە لە ڕێگای هەستکردنی پەنجەکانەوە بەکاردێت، نابینایەک لە ڕێگای پەنجە لێدان لە خاڵە بەرز و نزمەکانەوە، دەتوانێت پیتەکان بخوێنێتەوە و لێیان تێبگات، ئەم سیستەمە وەک هەر سیستەمێکی دیکەی پەروەردەیی، کەسی نابینا لە قۆناغەکانی سەرەتایی خوێندنەوە دەستی پێدەکات.

بەڕێوەبەر و ژمارەیەک مامۆستا لە پەیمانگای ڕووناکیی نابینایان لە هەولێر، نابینان و ڕۆژانە خەریکی پەروەردە و پێگەیاندنی قوتابییە نابیناکانن و ئەوان زیاتر لە کێشە و گرفتەکانی قوتابییەکان تێدەگەن و تیشک دەخەنە سەر کەموکوڕیی و پێداویستییەکانیان.

بەڕێوەبەری پەیمانگای ڕووناکی نابینایان لە هەولێر، دکتۆر حەسەن یوسف لەبارەی سیستەمی بڕیێل، لە چاوپێکەوتنێکی ئاژانسی ئانادۆڵودا گوتی: "ئەم سیستەمە، سیستەمێکی هەستکردنە و بەشێوازی پەنجەلێدان دەخوێندرێتەوە، لویس بڕێیل لە ساڵی ١٨٣١ ئەم سیستەمەی داهێنا، لە ساڵی ١٩٥٤ گەیشتە وڵاتانی عەرەبی و لە ساڵی ١٩٨٠ لە هەرێمی کوردستان کار بەم سیستەمە دەکرێت، سیستەمێکە بۆ پەروەردە و فێرکردن، زۆربەی پڕۆگرامەکانی خوێندن بە شێوازی بڕیێل بەردەستە، ئەگەرچی تا ساڵانێکی زۆر هەر ڕێنووسی ئینگلیزی و عەرەبی بەم سیستەمە دەنووسرا، بەڵام دوای ساڵی ٢٠٠٢ بە ڕێنووسی زمانی کوردیش بەردەستە".

حەسەن یوسف گوتیشی: "کاغەی بڕیێل وەک ئەشیعە وایە، پێنووس و لەوحەکەی کە پێی دەنووسرێت وەک بزماری ئاسایی وایە، کاتێک خاڵەکە دادەگیرێت ئەوا لە دواوەی کاغەزەکە شوێنی بزمارەکە بەرز دەبێتەوە بەبێ ئەوەی کاریگەریی شێواندن لەسەر کاغەزەکە دروست بکات، بەم شێوازە نابینا پەنجەی لێدەدات و دەیخوێنێتەوە".

دکتۆر حەسەن یوسف جەختی لەوەشکردەوە کە سیستەمەکە تا قۆناغی ناوەندی بەردەستە و دوای قۆناغی ناوەندی، ئەوا قوتابی لە ڕێگای دەنگەوە دەتواندرێت فێری پڕۆگرامەکانی خوێندن دەکرێت و لەمبارەیەوە گوتی: "ڕێنووسی بڕیێل قەبارەیەکی زۆری کاغەزی پێویستە و زۆرجار لەکاتی هەڵگرتن، خاڵەکان دەشێوێت، بەڵام بە گشتی لە پەیمانگا سیستەمەکە تا پۆلی نۆ دەخوێندرێت و دواتر قوتابییان دەتوانن سوود لە سیستەمی دەنگی وەربگرن، واتا ئەو پڕۆگرامانەی چاوساغەکان دەیخوێنن ئەوا لە ڕێگای ستۆدیۆیەوە دەیکەینە سیستەمی دەنگی و نابینایان لە ڕێی بیستنەوە سوودی لێ وەردەگرن".

دکتۆر حەسەن یوسف نیگەرانیی خۆیشی دەربڕی بە ڕەچاونەکردنی دۆخی نابینایان لە شوێنە گشتییەکان و گوتی: "هەرچەندە تا ئاستێکی باش خۆشحاڵین لەو باڵەخانە نوێیانەی کە دروست دەکرێت زۆربەیان ڕەچاوی نابینا کراوە و ڕێنووسی بڕیێلی تێدایە، بەڵام لە ئاستی چاوەڕوانی ئێمەدا نیە، بۆ نموونە لە ترافيک، مارکێت، پسوولەکانی ئاو و کارەبا بەهیچ شێوەیەک ڕەچاوی دۆخی نابینا نەکراوە، ئەگەر کەسێک نابینا بێت ناتوانێت پسوولەکان بیخوێنێتەوە، هەروەها وەزارەتەکانی پەیوەنددار کەمتەرخەمن و ڕێنووسی بڕیێل کەمتر بووەتە بابەتی گرنگی ئەوان".

هاوکات مامۆستایەکی پەیمانگاکە کە توێژینەوەیەکی لەسەر سیستەمی بڕیێل ئەنجامداوە، جەخت لەوە دەکاتەوە کە زۆر بە بایەخەوە سەیری سیستەمەکە دەکەن، هاوکات داواش لە وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکات کە ئەم سیستەمە لەم ژینگە داخراوە بهێننە دەرەوە و هەوڵبدەن وەک وانەیەکی هۆشیاریی بگەیەندرێتە ناو پۆلەکانی دیکەی خوێندن بۆ ئەوەی قوتابییانی ئاسایی شارەزایی و زانیارییان لەسەر کەسانی کەمئەندام و خاوەنپێداویستی تایبەت هەبێت.

مامۆستا هاوێر ئەردەلان بەکر لەبارەی سیستەمی بڕیێلەوە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "لای ئێمە وەک پەیمانگا، زۆر بە بایەخەوە سەیری ئەم سیستەمە دەکەین، ئەگەر بەراوردی بکەین نووسین و خوێندنەوەیەکی ئاساییە، توێژینەوەیەکم لەسەری ئەنجامداوە، لە توێژینەوەکەدا پیتەکانمان دانا و شیکردنەوەمان بۆی کرد و بەراوردمان کرد لە نێوان زمانەکانی کوردی و ئینگلیزی، گەیشتینە ئەو ئەنجامەی کە سەرەڕای خاڵە ئەرێنییەکان، چەند خاڵێکی نەرێنیشی هەبوو، قەبارەی کاغەزی بڕیێل کە بەهۆی گەورەییەوە، ئەو کەسەی بە ڕێگادا دەڕوات ناتوانێت کاغەزەکان هەڵبگرێت، هەروەها کوالێتی کاغەزەکان باش نین و دەبێت زۆر ئاگاداری بین و بەپێی تێپەڕینی کات نووسینەکە کاڵ دەبێتەوە".

لە ئەگەری فێرنەبوونی قوتابییان بە ڕێگای سیستەمی بڕیێل، هاوێر ئەردەلان بەکر گوتی: "لە پەیمانگا ستۆدیۆی دەنگییمان هەیە، ئەگەر قوتابی نەیتوانی فێری سیستەمی بڕیێل بێت ئەوا کتێبەکانییان بە شێوەیەکی دەنگیی گوێ لێ دەبێت، داواشم لە وەزارەتی پەروەدە هەیە چونکە دەتوانم بڵێم سیستەمی بڕیێل لە ژینگەیەکی داخراوە و ئەگەر کەسێک بەرکەوتەی لەگەڵ نابینایان نەبێت ئەوا نازانێت سیستەمەکە چییە و چۆنە، پێویستە هەفتانە وانەیەک لە قوتابخانە ئاساییەکان هەبێت بۆ هۆشیارکردنەوە لەسەر سیستەمی بڕیێل چونکە پێویستە منداڵان لە سەرەتاییەوە زانیاری و هۆشیاریان لەسەر کەمئەندام و خاوەنپێداویستە تایبەتەکان هەبێت".

ئەو مامۆستایە ئەوەش دەخاتەڕوو کە هەندێک لە دایک و باوکان شەرم دەکەن منداڵە نابیناکانییان لەگەڵ خۆیان ببەدەرەوە و جەختیش لەوە دەکاتەوە کە ئەم جۆرە منداڵانە پێویستییەکی زۆریان بە پاڵپشتیی دایک و باوک هەیە و لەمبارەیەوە گوتی: "خەڵک هەیە پێی شەرمە منداڵە نابیناکەی لەگەڵ خۆی بباتە دەرەوە و پاساوەکەی ئەوەیە دەڵێت نەکا شتێک بشکێنێت یان خۆی لە شتێک بدات لە کاتێکدا دەبێت دایک و باوک پشت و پەنای منداڵەکەی بێت بۆ ئەوەی ئەم منداڵە متمانەی بەخۆی هەبێت و بتوانێت ئایندەی خۆی مسۆگەر بکات.

مەرجەکانی وەرگرتنی قوتابییان لە پەیمانگاکانی نابینایان ئەوەیە کە دەبێت پشکنینی چاوی بۆ بکرێت و لەکارکەوتنەکەی لەسەدا ٦٥ زیاتر بێت و دەتوانێت تا پۆلی نۆ لەم پەیمانگایە بخوێنێت و دواتر دەچێتە قوتابخانەیەکی ئامادەیی ئاسایی و هاوشانی کەسانی چاوساخ درێژە بە خوێندن دەدات.

لەبارەی چارەسەرکردنی ئەو قوتابییانەی کە پێویستییان پێیەتی، مامۆستا هاوێر ئەردەلان بەکر گوتی: "هەرچەندە پشکنینێکی تایبەت بۆ شێوازی نابیناکان نەکراوە، بەڵام ئەگەر پشکنین بۆ قوتابییەکان بکرێت ڕەنگە قوتابی هەبێت پێویستی بە دەرەوە هەبێت بۆ چارەسەرکردن و بێگومان ئەمەش تێچووی زۆرە و ڕەنگە لە توانای خێزانەکاندا نەبێت".

هاوکات، گوڵزار حەسەن کە خۆی سەرەتای هەشتاکان لەم پەیمانگایە قوتابی بووە و ئێستا مامۆستای ڕاهێنەرە بۆ سیستەمی بڕیێل، ئەو ئاماژە بەوە دەکات کە قوتابییان زۆر بە ئاسانی دەتوانن فێری سیستەمەکە بن وەک هەر قوتابییەکی دیکەی ئاسایی کە فێری ئەلفبێی کوردی دەبێت.

لەمبارەیەوە گوڵزار حەسەن بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "قوتابییان لە پۆلی یەکەمەوە فێری سیستەمی بڕیێل دەکرێن، هەموو پیتەکان جیاوازن لە نووسیندا، ڕەنگە هەندێک پیت هەبێت کە بە دوو خاڵ بنووسرێت بەڵام ئاراستەیان جیاوازە و ئەمەش ماناکەیان جیاواز دەکات، ئێمە لەکاتی نووسیندا لەلای ڕاست دەست پێدەکەین بۆ لای چەپ، دواتر کە لاپەڕەکە هەڵدەگێڕینەوە ئەوا لەلای چەپەوە بۆ لای ڕاست دەخوێندرێتەوە".

گوڵزار حەسەن گوتیشی: "قوتابییانی نابینا وەک هەر قوتابییەکی دیکەی ئاسایین بۆ ئاستی تێگەیشتنیان، بێگومان دەبێت لە ماڵەوەش دایک و باوکی قوتابی هەوڵ لەگەڵ منداڵەی بدات بۆ ئەوەی بتوانێت قوتابییەکی زیرەک بەرهەم بهێنێت".

لەبارەی ژمارەی ئامێر و چاپەمەنییەکان لە سیستەمی بڕیێل دا، گوڵزار حەسەن گوتی: "چاپەمەنییەکانمان زۆربەیان لەکارکەتوون، هەتا ئێستاش بەشێک لە کاغەزەکانی لێرەن مێژووەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ پێش ڕاپەڕین، لە ساڵانی ڕابردوو ڕێکخراوەکان و خێرخوازەکان پێداویستییەکانییان دابین دەکرد، ئێستاش ئەم هاوکارییە کەم بووەتەوە".

گوڵزار حەسەن گوتیشی: "لێرە قوتابییەکان لەوحە و پێنووسیان پێدەدرێت بۆ ئەوەی لە ماڵەوە ڕاهێنانی پێ بکەن و دواتر داوایان لێدەکەین کە بۆمان بهێننەوە، هەندێکیان شیعر و ئەدەبی لێ دەنووسن و هەندێکیان وانەی دیکەی لێ دەنووسن، گرنگ ئەوەیە ڕاهێنانی پێ بکەن، بە گشتی سیستەمەکە یارمەتیدەرێکی باشە بۆ ئەوەی قوتابی زوو فێری خوێندنەوە و نووسین ببێت.

سسیتەمی بڕیێل کە بە ناوی داھێنەرەکەی، لویس بڕیێل ناونراوە، سیستەمێکی نووسینی ھەستکردنە کە نابینا یان کەم بینا بەکاری دەھێنن. پیتەکانی لەسەر ڕووی کاغەز یان شاشەیەک بەرز دەکرێنەوە، لەگەڵ گۆڕینی شوێنی خاڵە بەرزکراوەکاندا پیتەکان دەردەکەون، ئەم داھێنانە چارەسەری کەموکوڕییەکی بەرچاوی لە سیستەمی پەروەردەیی بۆ نابینایان کردووە.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın