Dlshad Saifaalddin Ahmed
24 تشرینی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 25 تشرینی یەکەم 2016
وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوە ئاوییەكانی هەرێمی كوردستان، عەبدولستار مەجید لە كاتی پێشكەشكردنی گوتارێك لە رێوڕەسمێكی تایبەت بۆ رێزلێنان لە 50 جووتیاری نموونەیی سنووری پارێزگای سلێمانی كە لەهۆڵی رەمادە لە شاری سلێمانی بەڕێوەچوو، گوتی: "دوو ئەركی سەرەكیمان لەسەر شانە دابینكردنی ئاسایشی خۆراك و دابینكردنی ئاسایشی ئاو، لەهەردوو بواردا هەوڵمانداوە بە دابینكردنیان بگەین".
ئەو گوتی:" لەبەشی خۆراك دوای پەیڕەوكردنی سیستمی پاراستنی بەرهەمی ناوخۆیی و دانانی باج لەسەر بەرهەمی هاوردە لەكاتی پێگەیشتنی بەرهەمی ناوخۆیی، تا رادەیەكی باش بەرهەمی ناوخۆیی گەشەی باشی بەخۆوە بینیوە".
مەجید هەروەها گوتی:"لە ئێستادا كەرتی كشتوكاڵ لە بواری سەوزە و میوە و بەشێكی دانەوێڵە گەشەی باشی بەخۆوە بینیوە و گەیشتوینەتە ئاستی خود دابینكاری و بەشێكیان زۆر لە پێداویستی هاووڵاتییان زیاترە و رەوانەی دەرەوەی هەرێمی كوردستانی دەكەین".
وەزیری كشتوكاڵ ئاماژەی كرد بەوەی لە بەرهەمی كشتوكاڵی ناوخۆ پەتاتە رەوانەی سعوودیە و سێو بۆ میسر و هەنار بۆ ئیمارات و برنج بۆ سوودان و چەند بەرهەمێكی تریش رەوانەی چەند وڵاتێكی تر كراون.
بە گوتەی وەزیری كشتوكاڵی هەرێم كەرتی كشتوكاڵ بەرەوپێشچوانی باشی بەخۆوە بینیوە ، بەجۆرێك بەرهەمی گەنم لە ساڵی 2014 بڕی 884 هەزار تۆن بووە، بەڵام لەمساڵدا بۆ یەك ملیۆن و 600 هەزار تۆن زیاتر بووە.
ئەو نیگەرانی خۆی نیشان دا لەوەی ساڵانە پارەیەكی زۆر بۆ كڕینی بەرهەمەكان دەچێتە دەرەوەی هەرێمی كوردستان ، بەنموونە تەنها لەساڵی 2015 بڕی یەك ملیار و 200 ملیۆن دۆلار بۆ كڕینی بەرهەمەكانی شیر چووەتە دەرەوە.
عەبدولستار مەجید كە لەسەر پشكی كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان ئەو پۆستەی وەرگرتووە نیگەرانی خۆی نیشان دا لەوەی ناكۆكییە سیاسییەكانی ناوخۆ كاریگەری لەسەر پێشكەوتنی بوارە جیاكان بە بواری كشتوكاڵیشەوە كردووە.
لە بارەی ئاو و ئاسایشی ئاوەوە لە هەرێمی كوردستان، وەزیری كشتوكاڵ گوتی: " 17 بەنداومان هەیە لە هەرێم و لە ئێستاشدا بە دابینكردنی ئاسایشی ئاو نەگەیشتوین و پێویستمان بە 20 بەنداوی تر هەیە كە لەژێر جێبەجێكردن و دیزاینین و بەتەواو بوونیان بە خود دابینكاری ئاو دەگەین".
عەبدولستار مەجید ئەوەشی گوت "هەرێمی كوردستان پێویستی بەهەموو لایەكمان هەیە و هیوادارم كێشە ناوخۆییەكانمان كە ئێستا بە قەیرانی سیاسی و دارایی تێپەڕ دەبین و ئاڵۆزییەكی زۆر ناوچەكەی گرتۆتەوە، دەبێت هەموو لایەكمان خەمخۆرانەتر و دڵسۆزانە و بەرپرسیارانەتر مامەڵە بكەین".