ھەولێر
دووەمین کۆنفرانسی پاراستنی ژنان و بەھێزکردنی سەقامگیریی و ئاشتی لە شاری ھەولێر لە ھۆڵی سەعد عەبدوڵا بەڕێوە چوو.
بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو کۆنفرانسەکە لە ژێر چاودێری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان و بە ئامادەبوونی بانگخوازی جیھانی شریشری رافی شنکار و جێگری سەرۆکی پەرلەمان و پارێزگای ھەولێر بەڕێوە چوو.
لە کۆنفرانسەکەدا شەرڤانێکی ژن لە کۆبانێوە بەشدار بوو کە لە وتەکانیدا داوای لە ھەموو جیھان کرد هەوڵ بدەن لە رۆژئاوا ئاشتی سەقامگیر بێت.
محەمەد ئیحسان بەرپرسی ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم، گوتی: "بێگومان دیارە سالانێکە لە ھەرێمی کوردستان نەتەوە و ئایینی جۆراوجۆر دەژین و ھیچ کێشەیەکمان نەبووە بەڵام مەرامی سیاسی لە عێراق وای کردووە کە تا ئێستا چەندین جار ئێمەی کورد جینوساید کراوین و تا ئێستاش جەنگێک بەڕێوە دەچێ کە ئێمە بۆ ھەموو جیھان ئەو شەڕە بەڕێوە دەبەین ئێمەی کورد هەتا ئێستا ھێرشمان نەکردووتە سەر ھیچ کەس و لایەنێک تەنیا لە مێژوودا ستەم لە کورد کراوە. ئەوان خۆیان دەکوژن لە پێناو ئەوەی کە ئێمە بکوژن".
ھەروەھا گوتی: "خوشحاڵم لەو کاتەدا ئەو کۆنفرانسە لە ھەولێر بەڕێوە دەچێ دەبێ بە ھەموو جیھان بڵێین لە نێو خۆماندا بگەینە ئاشتی هەتا بتوانین لە کۆمەڵگا رەنگ بداتەوە".
ھەروەھا لەو کۆنفرانسە شریشری رافی شنکار بانگخوازی ئاشتی جیھانی گوتی: "ئەو کۆنفرانسە لە کاتێکی دژوار و ھەبوونی چەندین کێشەی جۆراوجۆر لە ھەرێمی کوردستان بەڕێوە دەچێ و بە سەرفرازیش بەشداری دەکەین و تا ئێستا زۆر ھەوڵ دراوە بۆ ئاشتی جیھانی بەڵام بەداخەوە لە سەردەمی ٢١ین ھێشتا ھەندێ کەس و لایەن دەیانەوێت کۆمەڵگای جیھانی بەرەو تاریکی ببەن".
ھەروەھا گوتی: "وەک ماھاتما گاندی با بڕوامان بەئاشتی لەنێو بردنی توندوتیژی ھەبێ و کوردستان لانکەی ئایینە جیاوازەکانە و دەبێ بیپارێزین بۆیە خاوەنی کولتوور و نەتەوەی کۆن و جیاوازە".
شریشری دەڵێ: "خوای گەورە ئەم جیهانەی بە جیاوازی رەنگ و ئایینەوە خوڵقاندووە و پێویستە ئێمەش پێکەوە بە ئاشتی و دۆستایەتی بژین و با خۆشەویستی و بەھێزکردنی بەھای مرۆڤایەتی لەبیر نەکەین".
هەژی گۆتنە، شریشری رافی شنکار بە مەبەستی ئاگەدار بوون لە باردۆخی ژیان پەنابەران لە هەرێمی کوردستان، دوێنێ سەردانی چەند کەمپێکی پەنابەران کرد و لە نزیکەوە لە وەزعی ژیان و گوزەرانیان ئاگەدار بووەوە.