سلێمانی
ژمارەیەكی زۆر لە خەڵكی عێراق لە ناوخۆی ئەو وڵاتە ئاوارە بوون و تا ئێستا 460 هەزار خێزان كە پێكدێن لە 2 ملیۆن و 300 هەزار كەس ئاوارەی شارە ئارامەكانی عێراق بوون.
هەرێمی كوردستان و پارێزگای كەركووك لەڕووی ژمارەی ئاوارەكانەوە پشكی شێریان بەردەكەوێت بەوەی بە هەرسێ شاری هەولێر و دهۆك و سلێمانی 235هەزار و 989 خێزانی ئاوارە ڕووی تێكردووە كە زۆرینەی لە دهۆكە و كەركووكیش 470هەزار و 50 خێزانی ئاوارەی لەخۆگرتوە.
وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی عێراق بۆ ئاگاداربوون لە رەوشی ئاوارەكان و دابینكردنی پێداویستییەكانیان و گفتوگۆكردن لەگەڵ ئیدارەی پارێزگاكان و تێگەیشتن لە كێشە بنەڕەتییەكانی ئاوارەكان لە گەڕاندایە بۆ شارەكان و لە سەرەتادا سەردنی دهۆك و هەولێری كرد و ئەمڕۆش لەسلێمانی و دواتریش دەچێتە دیالە.
لە سەردانەكەی سلێمانیدا كۆبوونەوەیەكی سازكرد لەگەڵ پارێزگاری شارەكە و تیمە تایبەتەكان بە كاروباری ئاوارەكان هەم ئەوانەی لە بەغداوە نێردراون هەم ئەوانەی لە سلێمانی پێكهاتوون.
پاش كۆبوونەوەكەش لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا مەبەستی كۆبوونەوە و سەردانەكە راگەیەنرا.
سەرەتا پارێزگاری سلێمانی بەهرۆز محمد ساڵح گوتی "لە كۆبونەوەكەدا گفتوگۆمان كرد لەبارەی كێشەی موچەی ئاوارەكان و نەوت و خواردن و تەندروستی و خوێندنگاكان و پێداویستییەكانی ئاوارەكان و دروستكردنی كەمپە نوێیەكان كە ئێستا دوو كەمپی گەورە لە كاركردندایە یەكیان لە باداوا لە ناوچەی بنگرد و ئەوی تریان لە كەلار تا بزانین قۆناغەكانی كاركردنیان گەیشتووەتە چی و كێشەكانی بەردەممان چین و چۆن چارەسەریان بكەین.
پارێزگاری سلێمانی راشیگەیاند كە چۆنیەتی هاوكاری و هەماهەنگی نێوان وەزارەتی كۆچ و كۆچبەران لەگەڵ پارێزگای سلێمانی بۆ باشتر خزمەتكردنی ئاوارەكان تەوەرێكی سەرەكی كۆبوونەوەكان بووە.
دواتر وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی عێراق دەرباز محمد گوتی "پێشتر سەردانی هەولێر و دهۆكمان كردووە و ئەمڕۆش سەردانی سلێمانی و دیالە دەكەین بەهۆی زۆری ژمارەی ئاوارەكان عێراق لە كێشەیەكی گەورەدایە ژمارەكەیان زیاتر لە 2ملیۆن و 300 هەزار كەسی تێپەڕاندووە كە ئەو ژمارەیە لە هەر وڵاتێكدا بێت كێشەیەكی گەورەیە ئەمە لە كاتێكدایە عێراق خۆی بەدەست هەندێك كێشەی كەمی خزمەتگوزاری و خراپی ژێرخانی ئابووری و چەندین كێشەی ترەوە گیرۆدەیە".گووتیشی: "وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق لەرێگەی لیژنەی فریاكەوتن و داڵدەدانی ئاوارەكانەوە لەسێ ئاستدا خزمەتی ئاوارەكانی كردووە كە یەكەمیان دابین كردن و بەخشینی ملیۆنێك دینارە بە هەر خێزانێك كە تا ئیستا 350 هەزار خێزان وەری گرتووە و 110 هەزار خێزان ماون و ئاستی دوەمیان دابەشكردنی خۆراك و پێداویستییەكانیانە و ئاستی سێهەمیش دابین كردنی شوێنی مانەوە و دروستكردنی كەمپەكانە".
وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی عێراق ئاماژەیدا بەوەش كە "وەزارەتی كۆچ و كۆچبەران وەزارەتێكی لۆجیستیكییە و خزمەتگوزارییەكانی وەك دابین كردنی نەوت و تەندروستی و رێگاوبان و پەروەردە پێویستە وەزارەتەكانی تایبەت بەو بوارانە دابینی بكەن و دەبێتە كاری ئەوان و كێشەی ئاوارەكان كێشەیەكی نیشتمانی هاوبەشە و دەبێت هەماون پێكەوە بەشداربین تیایدا".
گوتیشی "ئیدارەی پارێزگاكان و رێكخراوە ناوخۆ و نێودەوڵەتییەكان زۆر هاوكاریان بوون لە خزمەت گەیاندن بە ئاوارەكان و ئەگەر ئەوان نەبونایە ئێستا دۆخی ئاوارەكان زۆر لە ئێستا خراپتر دەبوو و وەزارەتی كۆچ و كۆچبەران تەنها یەك لەسەر سێی ئەركەكەی كەوتووەتە سەر شان".
وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی عێراق باسی لەوەشكرد ئێستا لە پارێزگای سلیمانی 20 هەزار یەكەی نیشتەجێبوون لە قۆناغی دروستكردندایە لە شێوەی كەمپ كە بە كەرڤانە دروستدەكرێن بە تەواوی پێداویستییەكانەوە كە بەشێكیان لە مانگی 12 و بەشەكەی تریشیان لە مانگی 1ی ساڵی نوێ تەواو دەبن كە ئاست و كوالێتی ئەو كەمپە نوێیانە لەوانەی UN باشتر دەبن.
بە پێی لێدوانی وەزیری كۆچ و كۆچبەران بۆ ئێستا ئەولەویەتی كاركردنی وەزارەتەكەی دابین كردن و پەیداكردنی خۆراك و تەندروستی و سوتەمەنی دەبێت بۆ ئاوارەكان.
دەربارەی خراپی ئاستی كەمپەكانیش وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی عێراق دەرباز محمد گوتی "ستاندارد و بنەمای كەمپ لەوە باشتر نابێت چونكە ناكرێت تۆ شوێنێكی وا بۆ ئاوارەكان دروستبكەیت كە تیایدا جێگیربن و بیر لە گەڕانەوە نەكەنەوە بۆ زێدی خۆیان بەپێی بنەمای وەزارەت كەمپەكان كاتین و شوێنی مانەوەی كاتیش یا دەبێت خێمە بێت یا كابینە و كەرەڤانە".