پەروەردەیی

هەوڵەکانی زانکۆی گەشەپێدانی مرۆیی بۆ پرسیار کردن لەبارەی کێشەکانی کۆمەڵگە

زانکۆی گەشەپێدانی مرۆیی ساڵانە چەندین کۆڕ،سیمینار، پانێڵ وسەمپۆزیۆم رێکدەخات، ئەویش بە دەستبردن بۆ کێشە هەنووکەیی وبنچینەییەکانی نێو کۆمەڵگەی هەرێمی کوردستان و دواتر لەشێوەی کتێب و یاداشت و بڕیارنامەی کۆتایی، پێشنیار و سەرنجەکانیان بڵاو دەکەنەوە.

Rewa Mahmood Hasan  | 12.12.2019 - نوێکردنەوە : 15.12.2019
هەوڵەکانی زانکۆی گەشەپێدانی مرۆیی بۆ پرسیار کردن لەبارەی کێشەکانی کۆمەڵگە

As Sulaymaniyah

سلێمانی - AA

زانکۆی گەشەپێدانی مرۆیی کە یەکێکە لە زانکۆ تایبەتەکانی هەرێمی کوردستان و له‌ڕۆژی ١٦ی كانونی یه‌كه‌می ساڵی ٢٠٠٨دا لەلایەن ئەمینداری گشتی یەکێتی جیهانی زانایانی موسڵمان د.عەلی قەرەداغیەوە دامه‌زراوه‌ و ئەمساڵ هەشتەمین جار مەراسیمی خولی دەرچوانی رێکخست.

زانکۆی گەشەپێدانی مرۆیی لە چوار کۆلێژ پێکهاتووە لەوانە، کۆلێژی زانست، کۆلێسی زمان، کۆلێژی یاساو رامیاری و کۆلێژی کارگێری، لەئێستا ٨ هەمین خولی دەرچوانی زانکۆکەی بەڕێکرد.

زانکۆکە جگە لە پێگەیاندنی خوێندکاران، ساڵانە چەندین کۆڕ، سیمینار، پانێڵ و سەمپۆزیۆم رێکدەخات، ئەویش بە دەستبردن بۆ کێشە هەنووکەیی و بنچینەییەکانی نێو کۆمەڵگەی هەرێمی کوردستان و دواتر لەشێوەی کتێب و یاداشت و بڕیارنامەی کۆتایی، پێشنیار و سەرنجەکانیان بڵاو دەکەنەوە. وەک سەرۆکی زانکۆکە ئاماژەی پێدەکات هەر لەسەرەتاوە زانکۆکە رایگەیاندووە کە دەبێت کاریان بەستنەوەی زانکۆ بێت بە کۆمەڵگەوە، پرسیار بکەن دەربارەی کێشەکانی کۆمەڵگە، لەو چوارچێوەیەدا زانکۆکە ساڵانە چەندین، سیمینار،کۆڕبەند، ۆرکشۆپ و پانێڵ رێکدەخات، دواتر لەسایتی زانکۆ ئەنجامەکان بڵاو دەکاتەوەو هەندێکیان دەکاتە کتێب و یاداشت، هاوکات بۆ ئەومەبەستە لەگەڵ چەندین فەرمانگەی حکوومی و ئەهلی نامەی لێکتێگەیشتنیان هەیە بۆ هەماهەنگی.

سەرۆکی زانکۆی گەشەپێدانی مرۆیی پرۆفیسۆر دکتۆر مەریوان ئەحمەد رەشید لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو ئاماژەی بەوەدا کە لەم ساڵدا ٦٧٥ خوێندکار لە زانکۆکەیان دەرچوون و بەو بۆنەیەوە مەراسیمێکیان بۆ ئەنجام داون.

پرۆفیسۆر دکتۆر مەریوان ئەحمەد ئاماژە بەوە دەکات زانکۆی گەشەپێدانی مرۆیی لە پۆڵێنی وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستاندا توانیوێتی ٣ ساڵە لە لووتکەی زانکۆ ئەهلییەکانی هەرێمی کوردستاندا بێت، هەربۆیە وەزارەت لەپار ساڵەوە بڕیاری داوە کە خوێندنی ماستەر بکاتەوە بۆ زانکۆی گەشەپێدانی مرۆیی لەگەڵ زانکۆیەکی ترداو ئاماژەی بەوەدا کە خوێندکارانی خوێندنی باڵا لەبواری ماستەردا تائێستا ساڵێکیان لە خوێندنەکەیان تەواو کردووە.

لەبارەی پەیوەندی زانکۆکەیان لەگەڵ زانکۆکانی جیهان و ناوچەکە، سەرۆکی زانکۆکە ئاماژەی بەوەدا کە ئەوان لە پەیوەندییەکی باشدان لەگەڵ زۆرێک لە زانکۆکانی وڵاتانی ناوچەکە، لەوانە نامەی لێکتێگەیشتنیان هەیەل لەگەڵ زانکۆی ساکاریا لە تورکیا، زانکۆی کوردستان لە شاری سنەی ئێران و لەو بارەیەوە گوتی، "بۆ نموونە لەگەڵ زانکۆی ساکاریا لەتورکیا نامەی لێکتێگەیشتنمان هەیە، سەردانی یەکتری دەکەین، بەشداری کۆنفرانسەکانی یەکتر دەکەین، هاوکات لەماوەیەکی نزیکی پێشووداو لە حوزەیراندا وەفدێکمان سەردانی زانکۆی کوردستان-یان کرد لە شاری سنە لە ئێران، چەندین خوێندکاری هاوبەشمان هەیە کە مامۆستاکانی زانکۆی گەشەپێدان و زانکۆی کوردستان وانەیان پێ دەڵێنەوە. هاوکات لەماوەکانی رابردوودا چەندین خوێندکارمان رەوانەی زانکۆی یوزنجی یڵ کردووە لە شاری وان لە تورکیا تاکو لێکتێگەیشتن رووبدات و خوێندکارانمان ئاگادار بن لە رەوشی خوێندن و زانست و ئەو تەکنەلۆجیایەی لەو زانکۆیە بەکار دێت".

پرۆفیسۆر دکتۆر مەریوان ئەحمەد رەشید ئاماژەی بەوەدا کە زانکۆکە کە خاوەنەکەی پرۆفیسۆر دکتۆر عەلی قەرەداغییە، گرنگییەکی زۆر دەدات بە بواری ئەکادیمی و خوێندن و خزمەت کردنی ئاستی بواری ئەکادیمی و قازانج نەویستە و تەنیا ئامانجیان خزمەتکردنە بە گەل و وڵات.

بابان فەرەیدون ئەحمەد دەرچووی کۆلێژی زمان بوو لەبەشی ئینگلیزی، ئەو زۆر خۆشحاڵ دیاربوو کە دوای چوارساڵ لە هەوڵ و تێکۆشان لە زانکۆکە دەرچووە، هیوای خواست کە بتوانێت بۆ لەمەودوا خزمەت بەوڵاتەکەی بکات و ئەوەی کە فێری بووە بیبەخشێتەوە و خزمەتی پێبکات.



بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن