ھەولێر
بارینی یەکەم باران لە شاری ھەولێر خەڵکی ناوچەکەی خۆشحاڵکرد، بەڵام تەنگی بە پەنابەرانی کەمپی کەورگۆسک ھەڵچنی.
کەمپی کەورگۆسک ٣٠ کیلۆمەتر لە شاری ھەولێر دوورە و نزیکەی ١٥ ھەزار پەنابەری سوریی کە زۆربەیان کوردن، لێی نیشتەجێن.
بەنزیکبوونەوەی وەرزی سەرما و سۆڵەی زستان ئاستەنگی زیاتر بۆ ژیانی ئەو پەنابەرانە دروست دەبێ.
لە یەکەم بارانی ئەمساڵدا نزیکەی ٥٠ خیوەت بەھۆی بەخوڕی بارانەکە و ھێزی باوە لەشوێنی خۆیانەوە ھەڵقەنان و لەو سەرماوسۆڵەدا پەنابەران ناچارن خیوەتەکان چاکبکەنەوە.
رەوشی منداڵە جل قوڕاوی و پێپەتییەکان، شووشتنی چادرە بابردووەکان لەلایەن دایکانەوە دیمەنێکی تراژیدیی بۆ بینەرانی دیمەکە دروستدەکات و دڵ دەسووتێنێ.
بۆ بەرگرتن ئەو ئاوەی دەچێتە ناو خیوەتەکانەوە، پەنابەران بە خاکەناس ئاوەکە پەرش دەکەنەوە.
دایکان بۆ ئاوبردن لەو تانکەرانەی لە چەند خاڵێکی دیاریکراوی کەمپەکەوە وەستاون، پۆتینی لاستیکی لەبەر دەکەن و ئاو دەکێشنەوە. دیمەنەکانی ناو کەمپەکە ئەوە دەردەخەن کە پشکی شێری مەینەتی و زەحمەتییەکان بەر دایکان کەوتوون.
ئافرەتێکی بەتەمەن بەناوی ھەزال عیسا کاتێک کامێرای بینی بانگی کردین و گوتی: "پێش باران بارین بڕیاربوو جۆگەلەی ئاومان بۆ دروستبکەن، بەڵام نەیانکرد. ئەوەتا ھەموو خیوەت و زەخیرە و کەلوپەلمان کەوتووەتە ناو ئاو. ژیانمان ناخۆشە، داوا لە لایەنی پەیوەندیدار دەکەم بەھانامانەوە بێن."
ھەزال خان ئاماژەی بە خیوەتە تەڕبووەکانکرد و گوتی: "ئەوە حاڵ نییە ئێمەی تێداین. لە جەنگ رامانکرد کەچی ناخۆشی نەما لێرە نەیچێژین. ئەو زستانە چۆن بەڕێدەکەین؟ نازانم! لە ھەر باران بارینێکدا دەبێ وەھا بکەوینە ژێر ئاو؟ داوا لە حکومەتی ھەرێمی کوردستان دەکەین چارەیەکمان بۆ بدۆێتەوە. دوو رۆژە منداڵەکانمان لەبەر سەرما خەویان نییە. ئەوە یەکەم باران بوو، بەو زووانە دەرد و پەتاش روومان تێدەکا. وا بڕوا دەفەوتێین."
بەرپرسانی کەمپ بۆ رزگارکردنی پەنابەران، ئەوان بۆ کەمپی دارەشەکران دەگوازنەوە. ھەروەھا ئامبووڵانس لە ناو کەمپەکەدا لە ئامادەباشیدان.
عومەر محەمەدی تەمەن ٢٢ ساڵ گوتی: "لەگەڵ ھاتنی سەرما و باران ژیانمان زۆر ناخۆشبووە. نزیکەی ٥٠ چادر کەوتوونەتە ژێر ئاو. پێویستە بەخێرایی کەرەڤانە دروستبکرێ. بەداخەوە زستانێکی سەخت لەڕێیە و پێویستە ئامادەکاری بکرێ. چونکە بارانی زیاتر و توندتر لەڕێیە. سەیرکە لەبەر ئەو قوڕولیتەیە ناتوانین رێ بکەین."
قایمەقامی کەورگۆسک رزگار مستەفا بۆ رۆژنامەنووسان ئاماژەی بە خێرا دروستکرانی کەمپی کەورگۆسک کردو گوتی: "ئەو خێراییە بووە ھۆی ئەوەی خیوەتەکان کەموکورتی زۆریان ھەبێ و بەرگەی باو باران نەگرن."
ھەروەھا رزگار موستەفا گوتی: "ئەوان نزیکەی سێ مانگە لێرەن، تا ئێستا کێشەیەکی ئەوتۆیان نەبووە. ئاساییە کە باران و سەرما و سۆڵە کێشە دروستدەکات و ئەو شتە لە زۆربەی شوێنەکانی جیھاندا روودەدات. گرنگ ئەوەیە چارەسەر بدۆزینەوە. ئەمڕۆ نزیکەی کیلۆمەترێک ئاوەڕۆمان دروستکرد و بەردەوامین. ھەوڵیش دەدەین پەنابەرانی کەورگۆسک بگوێزینەوە کەمپی دارەشەکران."
لەگەڵ دەستپێکردنی ئالۆزیەکانی سوریا و دواتر فراوانبوونی ئەو ئاڵۆزیە بۆ قەیران؛ ژمارەیەکی زۆری خەڵکی ئەو وڵاتە بەرەو وڵاتانی دراوسێ رۆشتن و ئاوارەبوون و زیاتر لە ٢٠٠ ھەزار کەس کە کوردن ھاتونەتە ھەرێمی کوردستانی عێراق و لە چەند کەمپێکی کاتیدا جێگیرکراون.