پێش کردنەوەی نووسینگەی ئیستانبوڵی یەکێتیی تۆپی پێی ئەورووپا ئێوارەخوانێکی گەورە سازکرا
سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی ئەورووپا: "دەمانەوێت پەیوەندییەکانمان لەگەڵ فیدراسیۆنی تۆپی پێی تورکیا بەهێز بکەین. دەمانەوێت ئەزموونەکانمان بەش بکەین. لەبەرئەوە بڕیارماندا لەگەڵ فیدراسیۆنی تۆپی پێی تورکیادا بەیەکەوە لێرە نووسینگەیەک بکەینەوە".

Istanbul
ئیستانبوڵ - AA
پێش کردنەوەی نووسینگەی ئیستانبوڵی یەکێتیی تۆپی پێی ئەورووپا، لە کۆشکی چراغان ئێوارەخوانێکی گەورە سازکرا.
لەو چالاکییەدا هەر یەک لە سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی ئەورووپا، ئەلیکساندەر سێفرین ئەندامانی ئەنجوومەنی کارگێڕی یەکێتیی تۆپی پێی ئەورووپا، سەرۆکی فیدراسیۆنی ولاتانی بانگهێشتکراو، سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی تورکیا، ئیبراهیم هاجیئۆسمانئۆغڵو و جێگرەکەی و ژمارەیەک لە سەرۆکی یانەکانی تۆپی پێی تورکیا و بەرپرسانی دیکە بەشداربوون.
لە گوتارێکیدا کە لە چالاکییەکەدا پێشکەشی کرد، سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی تورکیا، ئیبراهیم هاجیئۆسمانئۆغڵو ڕایگەیاند: "سێهەم نووسینگەی نوێنەرایەتی تۆپی پێی یەکێتیی ئەورووپا (UEFA) دوای برۆکسل و لەندەن دەست بە کارەکانی دەکات. ئیستانبوڵ کە پایتەختی گەورەترین ئیمپراتۆریەتەکانی مێژوو بووە و دەرئەنجامی ئەو پێشکەوتنانەیە کە ساڵانێکە لە تۆپی پێی تورکیادا بەردەوامە، ئێستا دەبێتە یەکێک لە ناوەندە ئیدارییەکانی تۆپی پێ".
هەروەها سەرۆکی تۆپی پێی یەکێتیی ئەورووپا، ئەلیکساندەر سێفرین لە چالاکییەکەدا گوتارێکی پێشکەش کرد و، ڕایگەیاند: "دەمانەوێت پەیوەندییەکانمان لەگەڵ فیدراسیۆنی تۆپی پێی تورکیا بەهێز بکەین. دەمانەوێت ئەزموونەکانمان بەش بکەین. لەبەرئەوە بڕیارماندا لەگەڵ فیدراسیۆنی تۆپی پێی تورکیادا بەیەکەوە لێرە نووسینگەیەک بکەینەوە".