وەرزش, کۆڤید- ١٩

كۆرۆنا زیانی زۆری بە کەرتی وەرزش گەیاندووە

ــ تەشەنەكردنی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ (COVID-19) بەجۆرێك كاریگەری لەسەر خولەكانی تۆپی پێ دروستكردووە كە پاڵەوانێتییەكانی تۆپی پێ لە سەرجەم وڵاتانی ئەورووپا هەڵپەسێردراون، ئەوەیش زیانی زۆری دارایی بە یانە گەورە و بچووكەكانی تۆپی پێ گەیاندووە.

Zana Natık Kerem  | 23.03.2020 - نوێکردنەوە : 23.03.2020
كۆرۆنا زیانی زۆری بە کەرتی وەرزش گەیاندووە

Istanbul

ئیستانبوڵ ــ AA

تەشەنەكردنی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ (COVID-19) كاریگەری خراپی لەسەر سەرجەم سێكتەرەكان لە جیهاندا دروستكردووە كە بەهۆی دەركردنی چەندین بڕیار بۆ رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسەكە، كەرتە گرنگەكان پەكیان کەوتووە و لەئێستادا ژمارەیەك وڵات لە كێبركێ دان بۆ دۆزینەوەی ڤاكسینی دژبە ڤایرۆسی كۆرۆنا.

تەشەنەكردنی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ (COVID-19) بەجۆرێك كاریگەری لەسەر خولەكانی تۆپی پێ دروستكردووە كە پاڵەوانێتییەكانی تۆپی پێ لە سەرجەم وڵاتانی ئەورووپا هەڵپەسێردراون، ئەوەیش زیانی زۆری دارایی بە یانە گەورە و بچووكەكانی تۆپی پێ گەیاندووە.

ــ كارەساتی هەڵپەساردنی خول و پاڵەوانێتییە وەرزشییەكان

تەشەنەكردنی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ هەروەك چۆن كاریگەری لەسەر بازرگانی و ئابووری دروستكردووە، بەهەمان شێوەیەش كاریگەری لەسەر وەرزش بەشێوەیەكی گشتی و توپی پێ بە تایبەتی دروستكردووە، بە تایبەتیتریش كە سەرجەم خول و پاڵەوانێتییە نێودەوڵەتییەكانی تایبەت بە تۆپی پێ هەڵپەسێردراون.

بەهۆی تەشەنەكردنی ڤایرۆسی كۆرۆناوە، گورزی گەورە بەر تۆپی پێ کەوتووە، یەکیتیی تۆپی پێی ئیتاڵیا سێریا ئا-ی تا سێی مانگی داهاتوو دواخست، هەروەها یەکێتییەكانی تۆپی پێی ئیسپانیا، ئینگلتەرا، فەڕەنسا هەمان بڕیاریان داوە و وەزیری وەرزش و لاوانی توركیاش، بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوە هەڵپەساردنی سەرجەم پاڵەوانێتییە وەرزشییەكانی راگەیاند.

ــ كۆرۆنا زیانی ملیارەها دۆلاری بە یانەكانی تۆپی پێ گەیاندووە

ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ، زیانێكی زۆری دارایی بە یانە گەورە و بچووكەكانی تۆپی پێ گەیاندووە و بەهۆی هەڵپەساردنی یارییەكانەوە، داهاتی یانەكان كەمبووەتەوە.

لەوبارەوە رۆژنامەی "میرۆر" بڵاویكردەوە كە لە ئەنجامی راگرتنی پریمێر لیگ بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوە، 150 ملیۆن پاوەند زیان بە یانەكان دەگات.

ئاماژەی بەوەیشكردووە ئەگەر پریمێر لیگ بۆ ئەم وەرزە، هەڵبوەشێتەوە زیانەكان دەگاتە 750 ملیۆن پاوەند.

هاوكات بەپێی ژمارەیەك راپۆرتی ئیتاڵیا، بەهۆی هەڵپەساردنی خولی سێریا ئا تا ئێستا 28 ملیۆن یورۆ زیان بەر یانەكان كەوتووە كە یوڤێنتوس زۆرترین زیانی بەركەوتووە و گەیشتووەتە 110 ملیۆن یورۆ.

هەروەها تۆڕی "كادینا كۆپی" بڵاویكردەوە، ئەگەر رەوشەکە بەم شێوەیە بەردەوام بێت ئەوا زیانەكانی وەرزەی لا لیگا دەگاتە 700 ملیۆن یورۆ.

ــ پلانی كەمكردنەوەی مووچەی یاریزانان

لەئێستادا زۆربەی یانە گەورەكانی تۆپی پێ پلانیان داناوە مووچەی یاریزانان و كارمەندەكانیان كەم بكەنەوە.

لەوبارەوە بەرپرسانی یانەكانی تۆپی پێی ئیتاڵیا داوایان لە كارگێریی یانەكانیان كردووە كە مووچەی یاریزانەکانیان كەم بكەنەوە، چونكە بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆنا و راگرتنی یارییەكانەوە، یانەكانیان زیانی زۆریان كردووە.

بەپێی زانیارییەكان، لەنێوان 20 بۆ 30 لەسەدای مووچەی یاریزانانی یانەكانی تۆپی پێ كەم دەكرێتەوە.


بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın