Selami Küçükoğlu
09 شوبات 2022•نوێکردنەوە: 10 شوبات 2022
ئەرزەڕۆم - AA
لە چوارچێوەی "چالاکی نێودەوڵەتیی ئەمراه ئۆزبای بۆ سەرکەوتن بەسەر سەهۆڵ و تاشە بەرد"دا کە ئەمساڵ هەشتەمینی لە ئەرزەڕۆم بەڕێوەچوو، وەرزشوانان سەردانی ئەرزەڕۆمیان کرد و بەسەر تاڤگە سروشتییەکاندا سەرکەوتن کە بە سەهۆڵ داپۆشراوە.
چالاکییەکە بە رابەرایەتی پارێزگای ئەرزەڕۆم بەڕێوەدەچێت کە یەک هەفتە دەخایەنێت و بە بەشداری ١٦ شاخوانی پرۆفیشناڵ کە لە حەوت وڵاتی جیهانەوە بەشدارن.
لە چوارچێوەی ئەو چالاکییەشدا، وەرزشوانان سەردانی قەزاکانی تۆرتوم و ئوزوندەرەیان کرد و بەسەر ١٣ تاڤگەدا سەرکەوتن کە بەهۆی سەرماوە بەتەواوی بوستوویانە.
پارێزگاری ئەرزەڕۆم، ئۆکای مەمیش لە دوای تەماشاکردنی سەرکەوتن بەسەر تاڤگەدا لە قەزای تۆرتوم لە لێدوانێکیدا ئاماژەی بەوە کرد کە دڵخۆشن بە پێشوازیکردن لە شاخەوانە ناودارەکانی جیهان.
ئۆکای مەمیش باسی لەوە کرد کە چالاکییەکە لەسەر ئاستی جیهان گرنگی زۆری پێ دەدرێت و گوتی:''بەبۆنەی چالاکی نێودەوڵەتیی ئەمراه ئۆزبای بۆ سەرکەوتنی بەسەر سەهۆڵدا کە ئەمساڵ هەشتەمینی ساز دەکرێت بەیەکەوە کۆبووینەتەوە. لە سروشتێکی نایابداین، ئاوی ئەو تاڤگەیە دەبینین بەستووەیەتی کە بە هاوین بەخوڕ دێتە خوارەوە. لە ئەرزەڕۆم پێشوازیی لە وەرزشوانانی سەرکەوتن بەسەر سەهۆڵدا دەکەین کە لەسەر ئاستی جیهان ناسراون و لە وڵاتانی وەک رووسیا، ئازەربایجان و قرغیزستانەوە هاتوون. ئەم جۆرە چالاکییانە لە راستیدا ئەو چالاکییانەن کە ئاوێتەی سروشتمان دەکەن. ئێمەی مرۆڤ ناچارین رێز لە سروشت و ژینگە بگرین''.
لەو شوێنانەی چالاکی سەرکەوتن بەسەر سەهۆڵدا ئەنجامدرا، تیمەکانی جەندرمە رێوشوێنی ئەمنی توندوتۆڵیان گرتەبەر، هەروەها تیمە پزیشکییەکانیش لە ئامادە باشیدابوون.