هونەر و كلتوور

کۆمپانیا تورکی و ئێرانییەکان پشکی شێری پێشانگای نێودەوڵەتی هەولێر پێکدەهێنن

- سەرپەرشتیاری پێشانگای نێودەوڵەتی هەولێر، سۆران قادر: "ئەوەی جێگای نیگەرانییە بۆ ئێمە کەمی ئاستی بەشداری کۆمپانیا ناوخۆییەکانە کە تەنیا دوو کۆمپانیا لەگەڵمان بەشدارن، ئێمە دەخوازین کۆمپانیا کوردییەکانیش بەشداربن و کێبڕکێ دروست بکەین".

Hawkar Yaseen  | 27.05.2021 - نوێکردنەوە : 29.05.2021
کۆمپانیا تورکی و ئێرانییەکان پشکی شێری پێشانگای نێودەوڵەتی هەولێر پێکدەهێنن

Arbil

هەولێر AA

پێشانگای نێودەوڵەتی پیشەسازی بیناسازی لە هەولێر بەردەوامە و دەیان کۆمپانیا لە هەشت وڵاتی دنیاوە تیایدا بەشدارن و بەرهەمی کارگەکانیان تێیدا نمایش کردووە.

بەشێک لە کۆمپانیا بەشدارەکان لە هەرێمی کوردستان نوێن و بەشێکیشیان ساڵانێکە بەرهەمەکانیان لە بازارەکانی هەرێمی کوردستاندا هەیە بەڵام بەدوای کڕیار و گرێبەستی نوێدا دەگەڕێن تاوەکو لە رێڕەوی ئاوەدانکردنەوەی هەرێمی کوردستان کاڵاکانیان پشکی گەورەی بەربکەوێت.

سەرپەرشتیاری پێشانگای نێودەوڵەتی هەولێر، سۆران قادر لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو رایگەیاند "لە پێشانگاکەدا هەشت وڵاتی دنیا بە ٨٧ کۆمپانیای بواری پیشەسازی و بیناسازی بەشدارن، پشکی شێڕی کۆمپانیا بەشدارەکان کۆمپانیا تورکییەکانن و دوای ئەوانیش کۆمپانیا ئێرانییەکان پلەی دووەمیان گرتووە، وڵاتانی دیکەش هەر یەکە و بە یەک یان دوو کۆمپانیا بەشدارن بەڵام ئەوەی جێگای نیگەرانییە بۆ ئێمە کەمی ئاستی بەشداری کۆمپانیا ناوخۆییەکانە کە تەنیا دوو کۆمپانیا لەگەڵمان بەشدارن، ئێمە دەخوازین کۆمپانیا کوردییەکان بەشداربن و کێبڕکێ دروست بکەین".

گوتیشی "هۆکاری ئەوەی کە ئاستی بەشداری کۆمپانیاکانی وڵاتانی دیکەی دنیا کەمە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە چونکە بەهۆی دۆخی کۆرۆنا هێشتا لەو وڵاتانە خۆیان دۆخەکە لەبارنییە و کاریگەری کۆرۆنا ماوە لەسەریان، لێرە حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاسانکاری زۆر باشی بۆ کردووین".

دەربارەی ئاستی بەشداری خەڵک و پێشوازییان لە پێشانگاکە، سۆران قادر رایگەیاند "ئاستی بەشداری خەڵک لەئاستی چاوەڕوانی ئێمەدا نییە، دەخوازین خەڵکێکی زیاتر بەشداریمان لەگەڵ بکات، هۆکارەکەشی رەنگە ئەوەبێت هێشتا بەشێک لە هاووڵاتیان نەیانزانیبێت کە پێشانگا هەیە".

جگە لە دوو کۆمپانیای ناوخۆیی هەرێمی کوردستان و چەند کارگە و کۆمپانیایەکی وڵاتانی دیکە بەشی زۆری بەشداربووانی پێشانگاکە کۆمپانیا تورکییەکانن و دوای ئەوانیش کۆمپانیاکانی ئێران.

نوێنەری کۆمپانیای نورا شاپ، ئۆغس سیسیۆ، کە کۆمپانیایەکی تورکییە و لە پێشانگای نێودەوڵەتی هەولێر بەشدارن بە ئاژانسی ئانادۆڵوی گوت "ئێمە وەک کۆمپانیایەک کە لێرە بەشداریمان کردووە دەرگامان هەیە، دەرگای ژووری ناو خانوو و شوێنە نیشەتەجێبوونەکان، زۆر پرۆژەی هەولێر و دهۆک لەگەڵمان کاردەکەن، بە کوالێتییەکی زۆر باش کاردەکەین و نزیکی ١٠ ساڵە لە هەرێمی کوردستانین، لەگەڵ زۆرینەی کۆمپانیاکانی ئێرە کارمان کردووە و هەمووشیان لە بەرهەمەکانمان رازیبوون".

گوتیشی "چەند جۆرێک دەرگامان هەیە دەرگای دار و دەرگای ئێمدیئێف، تەمەنی کۆمپانیاکەمان ٢١ ساڵە جگە لە هەرێمی کوردستان و شارەکانی عێراق دەرگا بۆ ئێران و بەشێک لە وڵاتانی ئەورووپا و چەند وڵاتێکی عەرەبیش دەنێرین".

ئۆغس سیسیۆ دەربارەی رۆڵی کۆمپانیا تورکییەکان لە ئاوەدانکردەوەی هەرێمی کوردستان گوتی"کۆمپانیا تورکییەکان رۆڵێکی زۆر گەورەیان بینیوە لە ئاوەدانکردنەوەی هەرێمی کوردستان چونکە لەمێژە پەیوەندییەکی زۆر هەیە لەنێوان کۆمپانیاکانی تورکیا و هەرێمی کوردستان، نزیکەی لەسەدا ٧٥ی کەرەستەکانی ئێرە کۆمپانیاکان لە تورکیاوە هاوردەی دەکەن".

نوێنەری کۆمپانیای زافار بۆناب ستیل، بەهرام پیری کە ئەمیان کۆمپانیایەکی ئێرانییە و لە پێشانگاکەی هەولێر بەشدارن بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو دواو گوتی "کۆمپانیاکەی ئێمە لەبواری بەرهەم هێنانی پۆڵا و شیش و ئاسن و شێلمان کاردەکەین، ماوەی ١٥ ساڵە دامەزراوە بەرهەمێکی زۆرمان هەیە، ماوەیەکی زۆرە بەشداری پێشانگاکانی هەرێمی کوردستان دەکەین و ئاشنایەتیمان هەیە لەگەڵیان، ماوەی چوار ساڵیشە بەرهەممان لە بازارەکانی هەرێمی کوردستان هەیە و رۆڵمان هەیە لە ئاوەدانکردنەوەی ئەم هەرێمەدا، ئێمە دروشمێکمان هەیە هەر شیشێک کە بەرهەمی دەهێنین و دەینێرین بۆ شوێنێک نێشانەیەکە بۆ ئاوەدانکردنەوەی ئەو شوێنە، بەرهەمێکی زۆریش دەنێرین بۆ هەرێمی کوردستان".

راشیگەیاند "پلانمان هەیە و دەستمان پێکردووە لە هەولێر لقێکی کارگەکەمان بکەینەوە و لێرەبەدوا لێرە شیش و پۆڵا و ئاسن بەرهەم بهێنین، ئامانجمانە پەیوەندییەکە فراوانتر بکەین ئەو تێچووە زیادەیەی لە بواری گواستنەوە و رێگاوبان خەرج دەکرێت بگەڕێتەوە و هەر لێرە بەرهەمەکانمان دروست بکەین و بیخەینە بازارەوە، بشتوانین خەڵکێکی زۆر لە هەرێمی کوردستان لەگەڵمان بەشداربن و بیانخەینە سەرکار لەو کارگەیەدا".

گوتیشی "بۆ دامەزراندنی ئەو کارگەیە ئەو کۆمپانیایانەی لێرەن و چەند ساڵێکە ئەزموونیان لەو بوارەدا کۆکردووەتەوە لەگەڵمانن و هاوبەشیمان دەکەن، حکومەتی هەرێمی کوردستانیش پێشوازییەکی زۆر باشیان کردووە لە پرۆژەکە، ئومێد دەکەین بەپێی ئەو بەرنامە رێژییەی بۆی کراوە تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ بگەینە ئەنجام و کارگەکە بکەوێتە کار".

بەهرام پیری گوتیشی "بەرهەمەکانمان بە وڵاتانی ئاسیا و ئەورووپا و ئەفریقادا بڵاوبوونەتەوە، بە راستەوخۆیی بۆ ١١ وڵاتی دنیای دەنێرین کە هۆکاری ئەمەش کوالێتی بەرزی بەرهەمەکانمانە".

ماوەی زیاتر لە ساڵ و نیوێکە بەهۆی رێکارەکانی خۆپارێزی لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، پێشانگا نێودەوڵەتییەکان لە هەرێمی کوردستان وەستاون و دوای ئەو ماوەیە ئەمە یەکەم پێشانگایە لە هەولێر بکرێتەوە، بڕیاریشە تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ نزیک بە شەش پێشانگای دیکە بکرێنەوە کە دووانیان لە مانگی حوزەیراندا دەبێت و یەکێک لەو دووانەش بە تەنیا تایبەتە بە کۆمپانیا ئێرانییەکان.




بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن