Heman Hussein Yaseen
09 شوبات 2024•نوێکردنەوە: 22 شوبات 2024
هەولێر - AA هێمن حوسێن
پیاوێک لە هەولێر ئارەزووی پاراستنی کەلوپەلە کۆنەکانە و لە ژوورێکی ماڵەکەیدا نزیکەی نۆ هەزار پارچە کەلوپەلی کۆنی هەڵگرتووە و هەر پارچەیەک مێژوویەکی تایبەتی هەیە، کۆنترینیان خەنجەرێکە کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی عوسمانییەکان و نوسینەکانی سەری گوزارشت لە نزیکەی ١٢٠ ساڵ بەر لە ئێستا دەکەن.
ئیسماعیل ڕۆستەم، پیاوێکی تەمەن ٤٣ ساڵەی خەڵکی هەولێرە. ئەو لە منداڵییەوە خولیای کۆکردنەوەی کەلوپەلە کۆنەکانە و لە ژوورێکی ماڵەکەیدا کەلوپەلە جۆراوجۆرەکانی هەڵگرتووە و، کاتێک سەردانی ژوورەکە دەکەیت، سەیرکردنی هەر شتێکی نێو ژوورەکە، دەتگەڕێنێتەوە بۆ سەردەمێکی جیاواز و وەبیرهێنانەوەی کۆمەڵێک بیرەوەری تاڵ و شیرین.
لە چاوپێکەوتنێکی ئاژانسی ئانادۆڵودا، ئیسماعیل ڕۆستەم گوتی: "لە منداڵییەوە کەلوپەلەکانی خۆم پاراستووە و ئەو خولیایەم هەبوو، دواتر خەونەکەم گەورە بوو، بەدوای دەستکەوتنی کەلوپەلە کۆنەکان گەڕام و بە دیاریکراوی لە ساڵی ١٩٩٨ دەستمکرد بە کۆکردنەوە و پاراستنی ئەو کەلوپەلانەی کە ئێمە و نەوەی پێش ئێمە بەکاریانهێناوە".
ئیسماعیل ڕۆستەم گوتیشی: "تا ئێستا نزیکەی نۆ هەزار پارچەی کۆنم هەیە کۆکردووەتەوە، جاری وا هەبووە ڕۆژێک کاتم ویستووە تا پارچەیەکی کۆنم لە کەسێک کڕیووە، هەندێک لە کەلوپەلەکانم لەبەر کەم جێگایی لە شوێنێکی دیکە داناوە و هەندێکیانم لەم ژوورە نمایش کردووە و ڕۆژانە سەیریان دەکەم، لەگەڵ سەیرکردنی هەر کەرستەیەک، دونیایەک بیرەوەریمان دێتەوە یاد چونکە زۆربەیان گوزارشت لە سەردەمێک دەکەن، کە مرۆڤ بە سادەیی دەژیا و وەک ئێستا نەبوو".
لەبارەی جۆری کەلوپەلەکان و کۆنترین شت لە ژوورەکەیدا، ئیسماعیل ڕۆستەم گوتی: "بە گشتی ئەوانەی لە کۆنەوە بەکارهێنراوە لەلای من هەیە، بەتایبەتی ڕادیۆ، تەلەفزیۆن، کتێب، یارییەکانی منداڵان، کەرستەی دیکەی ناو ماڵ، یان ئەو کەرستانەی خەڵک ڕۆژانە بەکاریهێناوە و ئێستا نەماون، هەندێک لە کەرستەکان بەکارنەهاتوون و لەناو کارتۆنی خۆیەتی".
ئیسماعیل ڕۆستەم گوتیشی: "یەکێک لە کۆنترین ئەو شتانەی لە ژوورەکەمدا هەیە، بریتییە لە خەنجەرێک کە مێژووەکەی بۆ نزیکەی ١٢٠ ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە و بە زمانی عەرەبی لەسەری نوسراوە (الدولة العثمانية) دەوڵەتی عوسمانی کە مێژووی دروستکردنەکەی نوسراوە ساڵی ١٣٢٧، هاوکات هەندێک نوسراوی دیکەی وەک تاپۆی ڕەش و، بەڵگەنامە فەرمییەکانی حکوومی هەیە کە مێژووەکەی بۆ سەردەمی پادشایەتی لە عێراق دەگەڕێتەوە".
لەبارەی چۆنیيەتی دەستکەوتنی خەنجەرەکە، ئیسماعیل ڕۆستەم گوتی: "ئەم خەنجەرەم ساڵی ٢٠٠٠ لە پیاوێک کڕی کە لە نزیک ناحیەی دارەتووی سەر بە پارێزگای هەولێر دۆزیبوویەوە، دواتر هێنامە ماڵەوە و بەشێوەیەکی ڕێک پاکمکردەوە، بینیم کە مێژووەکی کۆنی هەیە و بۆ سەردەمی عوسمانییەکان دەگەڕێتەوە".
ناوبراو لەبارەی هەندێک لە بەڵگەنامەکان دوا و گوتی: "لەناو بەڵگەنامەکان هەندێک شت وەک تاپۆی ڕەش، کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٤٩ و سەردەمی مەلیک فەیسەڵی دووەم کاتێک زەوییەکانییان لە ئاغاکان وەرگرتووە و دایانەوە دەست خاوەنەکانییان کە پێشتر زەوتکرابوو، بۆ ئەم مەبەستەش ئەم تاپۆیەیان بۆ دروستکردن وەک بەڵگەنامەیەکی فەرمیی، ئەم تاپۆیەم لە شاری بەغدا لە کەسێک کڕی و لێرە پاراستوومە".
یەکێکی دیکە لەو بەڵگەنامانەی لە ژوورەکەی ئیسماعیل ڕۆستەم دا هەیە، بریتییە لە بلیتی یانسیب (بەخت)، کاتی خۆی ئەم بلیتە لە بازاڕ بە پارەیەکی رەمزی دەفرۆشرا و خەڵک بەختی خۆی تاقیدەکردەوە یان هیچی بۆ دەرنەدەچوو یان ئۆتۆمبێل و خانووی بۆ دەردەچوو، مێژووی بلیتەکە دەگەڕێتەوە بۆ نزیکەی سەد ساڵ بەر لە ئێستا و لەسەری نوسراوە ١٩٣٠ی زایینی، هەروەها لە نێو کەرستە و کەلوپەلەکاندا، چەندین دەفتەری بچووکی تیادایە کە ئەو سەردەمە خەڵک دەیتوانی لە بازاڕی ناوەند بە پارەیەکی کەمتر لە نرخی بازاڕ، پێداویستییەکانی پێ بکرێت کە مێژووی ئەوانیش بۆ نزیکەی حەفتا ساڵ دەگەڕێتەوە.
لە لایەکی ژوورەکەدا، پایسکلێکی قەبارە ٢٦ ڕاگیراوە، کە هێشتا نایلۆنی کۆمپانیای بە چواردەوریەوەیە و مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٥٦ و بەکارنەهاتووە، هەروەها بەشێکی دیکەی ژوورەکەی تەرخانکردووە بۆ خواردن و خواردنەوەکان کە تیاییدا ژمارەیەک جۆری پسکیوت و خواردنەوە گازییەکان نمایشکراوە کە مێژووەکەیان بۆ نزیکەی پەنجا ساڵ بەر لە ئێستا دەگەڕێتەوە. لە پاڵ ئەوانیشدا، ژمارەیەک کتێبی زانستی و ئەدەبی دەبینرێت کە مێژووەکەیان بۆ ساڵانی ١٩٤٨ بەدواوە دەگەڕێتەوە، لە لایەکی دیواری ژوورەکەش، لە دوو چوارچێوەدا، هەندێک پارە و پوولی پۆستە هەڵواسراون کە گوزارشت لە سەردەمە جیاوازەکانی عێراق دەکەن.
بەشێکی دیکەی ژوورەکەی تایبەت کردووە بە بابەتی شووشەوات، هەرکەس پارچەیەک لەم شووشەواتانە ببینێت دەزانێت مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای ساڵی هەشتاکان کە ئەوکات میسڕییەکان ئەم جۆرە بابەتانەیان دەفرۆشت و زۆر گرنگیان بە ڕەنگ دەدا لە دروستکردنی دۆلکە، پەرداخ، پیاڵە و بابەتەکانی دیکە جوانکاری سەر مێز کە لە دوای ڕاپەڕینی ١٩٩١ ئەم بابەتانە لەلای خەڵک نەماون.
ئیسماعیل ڕۆستەم گلەیی لە بچووکی شوێنەکە هەیە و هیوای وایە کە بتوانێت لەلایەن حکوومەتەوە شوێنێکی بۆ دابین بکرێت و بتوانێت سەرجەم کەلوپەلەکانی لەوێ نمایش بکات و، خەڵکیش بتوانن سەردانی بکەن و لەمبارەیەوە گوتی: "جێگاکەم زۆر بچووکە خۆزگەم دەخواست حکوومەت جێگایەکم بۆ دابین بکات بۆ ئەوەی بتوانم کەلوپەلەکانم لەوێ نمایش بکەم، هەم دەیانپارێزم هەم ڕۆژانەش خەڵک بتوانێت سەردانم بکات".
ناوبراو گوتیشی: "ئێستاش ڕۆژانە خەڵک حەز دەکەن سەردانی ماڵەکەم بکەن، بەڵام بەهۆی سەرقاڵیم بە کاری ڕۆژانە و پەیداکردنی بژێوی ژیانم، ناتوانم هەمووکات لەماڵەوە بم، لەگەڵ ئەوەشدا بەپێی کات پێشوازی لەوانە دەکەم ئارەزووی بینینی کەلوپەلەکان دەکەن، خەڵک هەیە کاتێک دێتە ژوورە و ئەو کەرستانە دەبینێت کە سەردەمانێک لە ژیانێکی سادە بەکاریهێناوە، دەست دەکات بە گریان و دەچێتە ناو بیرەوەرییەکی ڕابردووەوە".