Heman Hussein Yaseen
17 کانوونی یەکەم 2019•نوێکردنەوە: 19 کانوونی یەکەم 2019
هەولێر - AA
ئەمڕۆ سێشەممە لە رۆژی ئاڵای کوردستاندا، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی بە یاوەریی وەزیری پەروەردەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ئالان حەمە سەعید و پارێزگاری ھەولێر، فەرسەت سۆفی و بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی ھەولێر، بەشدار عەبدولخالق لە قوتابخانەی بنەڕەتی دیاربەکر لە ھەولێر بەشداری لە رێوڕەسمی ھەڵکردنی ئاڵای کوردستاندا کرد.

لە رێوڕەسمەکەدا نێچیرڤان بارزانی گوتەیەکی پێشکەش کرد و تیایدا ئەم رۆژەی لە ھەموو گەلی کوردستان پیرۆز کرد و گوتی:
"ئەم ئاڵایە سیمبولی بەرخودان و خەبات و تێکۆشانی گەلێکە کە ساڵەھای ساڵە خەبات بۆ ئازادی، سەربەخۆیی، یەکسانی دەکات تا مافەکانی بەدەست بھێنێت. لەژێر سێبەری ئەم ئاڵایە، کوردستان و کوردستانییان ھەموویان پێکەوە خەباتیان کردووە ھەر لە شۆڕشی ئەیلوول و دوای شۆڕشی ئەیلوولیش پێکەوە بۆ یەک ئامانج تێکۆشاون کە ئەویش بەدەستھێنانی مافەکانی گەلی کوردستان بە تێکڕای پێکھاتەکانییەوە بوو".

نێچیرڤان بارزانی گوتی: "ئەمە ئەمانەتێکی پیرۆزە لەسەر شانی ئێوە کە نەوەی ئایندەی ئەم وڵاتەن و پێویستە زۆر بە پەرۆشەوە ئەم ئاڵایە ھەڵگرن و ئەو پەیامەی کە خۆشەویستانی ئێمە پێشتر خەباتیان بۆ کردووە و ھەوڵیان بۆ داوە، پەنا بە خوا بیگەیەنن بەو شوێنەی کە گەلی ئێمە ساڵەھای ساڵ خەباتی بۆ کرد و قوربانی بۆ دا. ئەم ئەمانەتە لە دەست ئێوەی خۆشەویستدایە، ئێوە نەوەی ئایندەن، لەژێر ئەم ئاڵایە دەبێت بە چەکی خوێندن و فێرکردن و بە جددی و پەرۆشەوە بەرەو ئایندە بچن، دڵنیام کەوا ئێوە ئەم ئەمانەتە بە باشی ھەڵدەگرن و رادەستی نەوەی دوای خۆتان دەکەن".
نێچیرڤان بارزانی گوتیشی: "لەم رۆژە پیرۆزەدا دەمەوێت یادی ھەموو ئەو ئازیزانە بکەینەوە، یادی ھەموو ئەو خۆشەویستانە بکەینەوە، یادی ئەو شەھیدانە بکەینەوە کە لەپێناو رزگاریی گەل و وڵاتەکەماندا خوێنیان بەخشی بۆ ئەوەی ئێمە ئەم رۆژە بە سەربەرزی ببینین و بتوانین لە وڵاتی خۆمان لە ھەولێر و شوێنەکانی دیکەی کوردستان لە سایەی خەبات و بەرخۆدان و خوێنی ئەو خۆشەویستانە، ئاڵای کوردستان ھەڵکەین، سەری رێز و نەوازش بۆ ھەموو ئەو شەھیدانە دادەنوێنین و ھیوای چاکبوونەوە بۆ برینداران دەخوازین".
لە ساڵی ١٩٩٩، پەرلەمانی کوردستان رۆژی ١٧ی کانوونی یەکەمی ھەموو ساڵێکی وەک رۆژی ئاڵای کوردستان دیاری کرد.