هونەر و كلتوور, عێراق

نۆیەمین پێشانگای کتێب بە بەشداری ٢١ ناوەندی بڵاوکردنەوە لە دهۆک دەستی پێکرد

بەڕێوەبەرایەتی ڕاگەیاندن و چاپ و بڵاوکردنەوەی دهۆک، نۆیەمین خولی پێشانگای کتێبی لە شاری دهۆک کردەوە، کە تێیدا ٢١ کتێبخانە و دەزگای وەشاندن بەشدارن.

Rawan Subhi Obaiullah  | 03.02.2026 - نوێکردنەوە : 05.02.2026
نۆیەمین پێشانگای کتێب بە بەشداری ٢١ ناوەندی بڵاوکردنەوە لە دهۆک دەستی پێکرد

Dahuk

دهۆک - AA

لە دهۆک نۆیەمین پێشانگای کتێب بە بەشداری ٢١ ناوەندی بڵاوکردنەوە لە هۆڵی زانکۆی دهۆک دەستی پێکرد.

بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و چاپ و بڵاوکردنەوەی دهۆک، خەلیل عەبدولغەفور لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو ئاماژەی بەوە کرد، کە هەر لە ڕۆژی یەکەمی کردنەوەی پێشانگاکەوە، پێشوازییەکی گەرم لەلایەن خوێنەرانەوە لێکراوه‌ و گوتی: "ئامانجمان لەم پێشانگایە برەودانی زیاترە بە کولتووری خوێندنەوە، بەتایبەت لە ناوەندەکانی خوێندندا، ئەم چالاکییانە دەبنە هۆی ئەوەی سەرچاوە زانستییەکان بگەنە دەستی قوتابیان و خوێنەران، تا ئاستی ڕۆشنبیرییان بەرزتر بێت و سوود لە نوێترین سەرچاوەکان وەربگرن".

نۆیەمین خولی پێشانگای کتێبی دهۆک، نزیکەی ٨ هەزار ناونیشانی جیاواز لە بوارە هەمەجۆرەکاندا لەخۆ دەگرێت.

سەبارەت بە خواستی خوێنەران، ڕەوان بادی کە وەک خاوەن کتێبخانەیەک لە دهۆک بەشدارە، ڕایگەیاند: "خوێنەران بایەخ بە هەموو بوارەکان دەدەن، بەڵام ئێستا خواستێکی زۆر لەسەر بابەتە ئەدەبی و ئاینییەکان هەیە. هەروەها لەم دواییانەدا کتێبەکانی بواری دەروونناسی (سایکۆلۆژی) بوونەتە جێی سەرنجی خەڵکی دهۆک، شانبەشانی بابەتەکانی گەشەپێدانی مرۆیی و مێژوویی کە هەمیشە خوێنەری تایبەتی خۆیان هەیە".

پێشانگاکە وەک ناوەندێکی گرنگی بەیەکگەیشتنی نووسەران و خوێنەران دەبینرێت و تا ٦ی شوباتی ٢٠٢٦ بەردەوام دەبێت و چاوه‌ڕوان ده‌كرێت ژمارەیەکی بەرچاو لە خوێنه‌ران سەردانی بکەن.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın