Serkan Avci,Koray Kılıç
26 ئادار 2023•نوێکردنەوە: 26 ئادار 2023
هاتای – AA
لیژنەی هەڵکۆڵین لە ناوچە کارەساتبارەکان توانیوویەتی نزیکەی ٣٠٠ بەرهەم لە ژێرداروپەردووی ئەو ٦٣ شوێنە کولتوورییە تۆمارکراوەدا رزگار بکات کە لە ئاکامی بوومەلەرزەکانی شەشی شوبات لە هاتای داڕووخاون.

تیمەکانی لیژنەی هەڵکۆڵین لە ناوچە کارەساتبارەکان کە دوای روودانی بوومەلەرزەکان فەرمانگەکە دروست کرا، بەردەوامە لە کارەکانی رزگارکردنی شوێنەوار و بەرهەمە دێرین و مێژووییەکان.

لیژنەکە بە سەرۆکایەتی سەرۆکی بەشی مێژووی هونەریی لە کۆلێژی ئادابی زانکۆی قەفقاز، پڕۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر محەمەد ئارسڵان لەلایەن نۆ زانکۆوە پێک هێندراوە کە ١٦ زانا و ٢١ قوتابی لەخۆ دەگرێت، بەردەوامن لە گەڕان بە دوای بەرهەم و شوێنەوارە مێژووییەکان لەنێو داروپەردووی داڕووخاوی باڵەخانە مێژووییەکانی وەک مزگەوت، کڵێسا، گڵکۆ، گەرماو و باڵەخانە گشتییەکان.

تیمەکانی لیژنەکە تاکوو ئێستا توانیوویانە نزیکەی ٣٠٠ بەرهەم رزگار بکەن کە ٢١ نووسراو، ١٣ وێنەی هێمای ئایینی، ١٨٥ کتێبی ئایینی، ١٨ هێمای ئایینی، حەوت دەستنووسی کتێبی پیرۆز، حەوت پارچەی تەلارسازی نەخشێندراو، شەش سیرامیک، دوو چرا، دوو دەرگالێدەر، دوو لۆگۆی عوسمانییەکان، خاچ، سکە و دەرگای داریان لەنێودان.

پڕۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر محەمەد ئارسڵان سەرنجی خستە سەر ئەوەی کە بەهۆی بوومەلەرزەکانەوە نزیکەی ١٨٠ باڵەخانەی مێژوویی بوونەتە داروپەردووی داڕووخاو یان زیانی زۆریان بەرکەوتووە، گوتی: "تاکوو ئێستا توانیوومانە نزیکەی ٣٠٠ بەرهەم دەربهێنینەوە و رزگاریان بکەین. بە تایبەت نووسینە دۆزراوەکان زۆر گرنگن، چونکە ناسنامەی باری شارستانی و بەڵگەنامەکانی پارێزگاکە لەخۆ دەگرن. کارەکانی ٦٣ شوێنی کولتووری تەواو بوون و بەردەوامین لە ئەنجامدانی کارەکانمان".