Sarmand Hameed
17 ئادار 2023•نوێکردنەوە: 18 ئادار 2023
هەولێر - AA
١٢هەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی بەغدا بۆ گوڵ بە بەشداری وڵاتانی عەرەبی و نێودەوڵەتیی لە پارکی زەورا لە بەغدا دەستیپێکرد.
ئەمینداری بەغدا، عەممار موسا لە گوتارێكدا کە لە ڕێوڕەسمی دەستپێكردنی فێستیڤاڵەكەدا پێشکەشکی کرد، وێڕای بەخێرهێنانی ئامادەبووان، رایگەیاند: "لە ساڵی ٢٠٠٩ەوە، ساڵانە لەلایەن ئەمیندارییەتی بەغداوە بەبەشداری ژمارەیەک لە وڵاتان و دەیان كۆمپانیا و فەرمانگەوە فێستیڤاڵی تایبەت بەچاندن و بەرهەمهێنانی گوڵ دەكرێتەوە".
عەممار موسا گوتیشی: "بەغدا پایتەختە خۆشەویستەكەمان ساڵانێكە گرنگی بە گوڵ و جیهانە جوان و دڵڕفێنەكەی دەدات و جەخت لە پێویستی بەشدارییکردنمان لە فێستیڤاڵ و پێشانگای هاوشێوە لەسەر ئاستی ناوخۆ و وڵاتانی دیکە دەکەینەوە".
ئەمینداری بەغدا راشیگەیاند، ئەوان بایەخی تایبەت بە زیادکردنی رێژەی سەوزایی و گرنگی بڵاوکردنەوەی کولتووری بایەخدان و زیان نەگەیاندن بە گوڵ و سەوزایی دەدەن.