Dilşad Seyfeddin Ahmed
29 کانوونی یەکەم 2015•نوێکردنەوە: 30 کانوونی یەکەم 2015
بە ئامادەبوونی ژمارەیەك لە هونەرمەندانی شارەكە، بەڕێوەبەرایەتی هونەری سینەمای سلێمانی یادی رۆژی جیهانی سینەمای كردەوە، بەو بۆنەیەشەوە هۆڵی سینەمای سەردەم لە نێو تەلاری دەزگەی چاپ و پەخشی سەردەم كرایەوە.
لەو یادەدا جگە لە پێشكەشكردنی چەند گوتەیەك، بەڵگەفیلمێك لەبارەی دەزگەی چاپ و پەخشی سەردەم هەروەها ترایلەرێك سەبارەت بە كار و چالاكییەكانی بەڕێوەبەرایەتی هونەری سینەمای سلێمانی پێشكەش كرا.
دواتر شەش كورتە فیلم بەبۆنەی ئەو یادەوە نمایش كران: زەوی ونبووان لە سیناریۆ و دەرهێنانی هەوراز محەمەد، دیلی شەترەنج لە سیناریۆ و دەرهێنانی سرووشت عەبە رەش، سانتا كلوس دەرهێنانی ئاكۆ عەزیز، مایكرۆفۆن لە سیناریۆ و دەرهێنانی كەریم غەفوور كەریمۆك، سەهۆڵاو لە سیناریۆ و دەرهێنانی جەلال ساعدپەناه، ئاپارتمانی مێروولەكان لە سیناریۆ و دەرهێنانی تۆفیق ئەمانی كە ئەو فیلمە بەشداری چەندین فێستیڤاڵی جیهانی فیلمی كردووە و توانیویەتی زیاتر لە 20 خەڵاتی جیهانی و نێوخۆیی بەدەست بهێنێت.
بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی هونەری سلێمانی كاوە قادر لەو بارەیەوە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ساڵانە یادی ئەم رۆژەمان كردووەتەوە بە ئەنجامدانی چەندین فێستیڤاڵ بەڵام ئەمساڵ بەبۆنەی ئەو دۆخە و نەبوونی بوودجەوە نەمانتوانی وەك ساڵان یادەكە بكەینەوە و تەنها یەك رۆژ و بەكردنەوەی هۆڵێكی نوێ یادەكەمان كردەوە".
كاوە قادر لەبارەی سینەمای كوردی و هۆڵەكانی سینەما و بوودجەوە دوا و گوتی: "سینەما پیشەسازییە و بوودجەیەكی خەیاڵی و گەورەی دەوێت تاوەكو بینەر چێژی لێوەر بگرێت، بەپێچەوانەوە ئەگەر بوودجەی بۆ خەرج نەكرێت كرچ و كاڵ دەردەچێت و نەكردنی باشتر دەبێت، لە كاتی هاتنەپێشەوەی حكوومەت و كەرتی تایبەت و دروستكردنی هۆڵی تایبەتدا هانی بەرەوپێشەوەچوونی سینەما دەدرێت و بینەری خۆی دەبێت".
ئەو ئاماژەی بەوەش كرد، لە ماوەی ساڵانی رابردوودا و سەرەڕای كەموكوڕییەكان لە سلێمانی سینەما بینەری خۆی هەبووە و زۆرجار هۆڵەكان پڕ بوونەتەوە.
لەلای خۆیەوە ماڵی سینەما لە راگەیەندراوێكدا پیرۆزبایی رۆژی جیهانی سینەما و یادی 120 ساڵەی سینەما لە جیهاندا لە هونەرمەندانی سینەماكاری كورد و هەوادارانی هونەری سینەما لەكوردستان كرد و جەخت دەكاتەوە لەوەی بەردەوام لەهەوڵدا بن و كار بكەن بۆ بنیاتنان و دروستكردنی سینەمایەكی نەتەوەیی.
ماڵی سینەما رایگەیاندووە "لەو پێناوەدا پێویستیمان بەهاوكاری و هەماهەنگی هەموان هەیە و دەبێت پشتیوانی لەرەوتی راستەقینەی سینەماو فیلمسازی كوردی بكەین".
ماڵی سینەما لە راگەیەندراوەكەیدا ئاماژەی كردووە بەوەی لە رووی بەرهەمهێنانەوە لە ماوەی ساڵی٢٠١٤- ٢٠١٥ كۆمەڵێک كورتەفیلمیان بەرهەم هێناوە كەبەشداری بەرچاویان هەبووە لە فێستیڤاڵە نێوخۆیی و جیهانییەكان و هەتا ئێستاش براوەی ٣٧ خەڵاتی جیهانین.