Muhammet Ali Kemal
07 کانوونی دووەم 2016•نوێکردنەوە: 11 کانوونی دووەم 2016
ئیزمیر
هونەرمەند ئیبراهیم تاتڵیسەس دوای ئەوەی بەهۆی دەرمانێکی ئازارشکێنەوە باری تەندروستی تێکچوو، لەئیزمیر رەوانەی نەخۆشخانە کرا. لەپاش چارەسەرکردن هێنرایەوە ماڵەوە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی دەستکەوتوون، تاتڵیسەس لە فڕۆکەخانەی عەدنان مەندەرەس لە ئیزمیر حەبێکی ئازارشکێن دەخوات، دوای ئەوەی ماوەیەک باری تەندروستی تێکدەچێت و دەبرێتە بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەیەکی تایبەت. لە نەخۆشخانەکە چارەسەری پزیشکی وەردەگرێت و لەسەر خواستی خۆی دەبرێتە دەرەوە.
دکتۆری شارەزا لە نەخۆشییەکانی دڵ سامەت ئویار کە سەرپەرشتی چارەسەرکردنی تاتڵیسەسی دەکرد، ئاماژەی بەوەکرد ئەو ئازارشکێنەی تاتڵیسەس بەهۆی ئێشی سەرییەوە وەریگرتبوو، بووەتە هۆی درووستبوونی هەستاریی لەلەشیدا بەرامبەر حەبەکە.
دکتۆر ئویار گوتیشی: ''تاتڵیسەس لەکاتی چاوەڕوانیدا لە فڕۆکەخانە، دوای ئەوەی بەهۆی هیلاکی رۆژانەوە هەست بە ئازارێک لە سەریدا دەکات، حەبێکی ئازارشکێن دەخوات. بەو هۆیەشەوە تووشی تەنگە نەفەسی، ئاوساوی لە لەش، چاو و لێوەکانیدا درووست دەبێت و دەنگی دەگیرێت، دواتر دەهێنرێتە نەخۆشخانەکەی ئێمە''.