Rewa Mahmood Hasan
30 کانوونی یەکەم 2019•نوێکردنەوە: 31 کانوونی یەکەم 2019
سلێمانی-AA
ئەمڕۆ ٣٠ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٩ کاتژمێر٣:٠٠ی پاشنیوەڕۆ، لە هۆڵی رۆشنبیری شاری سلێمانی دیدارێک بۆ بڵاو کردنەوەی بیروڕاکانی عارفی جیهانی، مەولانای جەلالەدینی رۆمی و شاعیری کورد مەولەوی رێکخرا.
لە دیدارەکەدا جگە لە باس کردن لەژیانی هەریەک لە مەولانای جەلالەدینی رۆمی و مەولەوی شاعیر، هاوکات بە چەند شیعرێکی ناوبراوان هاوشانی ژەنینی چەند پارچە موزیکێکی تایبەت بە سروشتی خانەقای مەولەوییە، دیدارەکە رازێنرایەوە.
مامۆستا لهۆن قادر کە ماستەری لەسەر'' بەراوردی نێوان مەولانای جەلالەدینی بەڵخی و مەولەوی تاوگۆزی کورد'' بەدەستهێناوە، لەلێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو ئاماژەی بەوەدا کە دیدارەکەی ئەمڕۆ تایبەت بووە بە مەولانا، بەتایبەت لە کوردستاندا یەکەم جارە دیدارێکی لەو چەشنە لەسەر مەولانا رێکدەخرێت، لەکاتێکدا لەسەر ئاستی جیهانی و دەزگا نێودەوڵەتیەکاندا مەراسیمی بۆ ساز دەکرێت.
لهۆن قادرگوتی: ''مەولانا لە لایەن یونیسکۆ-وە مەراسیمی بۆ رێکخراوە ٢٠٠٧ ناونراو ساڵی مەولانا، بەڵام ئێمە بە هەوڵی ئەو چەند کەسەی لێرەین ئەمرۆ ئەم دیدارەمان ئەنجام دا، ئامانجمان لێی ئەوە نەبووە کە مەولانا بناسێنین، بەڵکو مەولانا ناسراوە، هەروەک چۆن ئامانجمان ئەوە نەبووە کە پیرۆزییەکی تر بۆ وڵاتمان زیندوو بکەینەوە، نەخێر بەڵکو دەمانەوێت، بڵێین بیروڕاو گوتار و گوفتارەکانی ئەو کەسایەتیە زۆر قوڵن، دەتوانین جوڵەیەک لەبیرکردنەوەی ئایینی، لەنێو کۆمەڵگەی ئێمەدا دروست بکات، هەروەک چۆن ئیلهام بەخشی سەدان بیرمەندی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، رۆژئاوا، ئەورووپا و ئەمریکا بووە، هیوادارم لێرەش ئەو بیروباوەڕانە ببێتە ئیلهام بەخشێک بۆ نوسەران، شاعیران و ئەدیبان لە هەرێمی کوردستان، کە بیر دەکەنەوە و گرنگی بە بیر کردنەوە دەدەن.''
لهۆن قادر کە ئێستا خوێندکاری دکتۆرایە لەبەرامبەر کاریگەریی بیروڕاکانی مەولانا لەسەر شاعیر و ئەدیبان و کۆمەڵگەی هەرێمی کوردستاندا،ئاماژەی بەوەدا کە کاریگەری هەبووە لەسەر شاعیران بەتایبەت هەندێک هەن دەڵێن لەخۆشەویستی مەولاناوەیە، شاعیری کورد ناونراو مەولەوی و دەڵێت،'' بەڵام وەک ئەوەی لەنێو کۆمەڵگەی کوردیدا بیروڕاکانی مەولانا ببێتە جێی مشتومڕ و لەنێو کۆمەڵگەدا جێگەی گرتبێت، تائێستا جێگەی نەگرتووە''.
لهۆن قادر ئاماژە بەوە دەکات کە لەوە ناچێت هەندێک لایەن وەک باڵی ئایینی، یان نا ئایینییەکان، بەرژوەندی خۆیان لەوەدا ببینەوە، کە مەولانا ببێتە باس لێرە و دەڵێت،'' چونکە هۆشیاریەکی زۆر دروست دەکات، ئەو لایەنانەش نێوانیان لەوەیە نەبێت لەگەڵ هۆشیاری تاکەکانی کۆمەڵگەدا.''
بەرێوەبەری بەشی چالاکی وێژەیی سەر بە بەڕێوەبەرێتی رۆشنبیری وهونەریی سلێمانی،هیوا رەئوف کە دیدارەکەیان رێکخستبوو، لە کۆتاییدا رایگەیاند، ئەوان دەستخۆشی لە هەموو ئەو لایەنانە دەکەن کە خۆبەخشانە ئامادەی ئەو دیدارەبوون و هاوکاریان کردوون، هەروەک بە تایبەت سوپاسی مامۆستا لهۆن قادر-ی کرد کە بیرۆکەی دیدارەکەی داڕشتووە و هەموو جۆرە هاوکاریەکی کردوون، دواتر سوپاسی ئەو موزیسیانانەی کرد کە بە پێشکەش کردنی چەند پارچە موزیکێکی تایبەت بە تەسەوف و عارفەکان، دیدارەکەیان رازاوەتر کرد.