هونەر و كلتوور, عێراق

خوێنەرێکی زۆر ڕووی لە پێشانگای نێودەوڵەتی کتێبی هەولێر کردووە

خاوەنی کتێبخانە، محەمەد عەلی: "خەڵک زیاتر خواستی لەسەرە وەک بابەتی ئایینی، پەروەردەیی، عیرفانی و فیکریی،هەروەها هەست دەکرێت ئەمساڵ جۆش و خرۆشێکی زیاتری خوێنەران هەیە".

Heman Hussein Yaseen  | 10.04.2025 - نوێکردنەوە : 14.04.2025
خوێنەرێکی زۆر ڕووی لە پێشانگای نێودەوڵەتی کتێبی هەولێر کردووە

Arbil

هەولێر - AA

١٧هەمینی پێشانگای نێودەوڵەتی کتێب لە هەولێر کرایەوە و تێیدا زیاتر لە ملیۆنێک و ٢٠٠ هەزار ناونیشانی جیاجیای لێ نمایشکراوە و قەڕەباڵغییەکی زۆری خوێنەران لە پێشانگاکەدا دەبینرێت.

خاوەنی یەکێک لە کتێبخانەکان کە ساڵانە بەشداری لە پێشانگاکە دەکات، ئاماژە بەوە دەکات کە بەرارود بە ساڵانی ڕابردوو خوێنەرێکی زیاتر سەردانی پێشانگاکەی کردووە و پێشبینیش دەکات لە ڕۆژانی داهاتوودا ژمارەی سەردانیکاران بەرزبێتەوە.

خاوەنی کتێبخانە، محەمەد عەلی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "هەموو ساڵ بەشداری پێشانگاکە دەکەین، بۆ ئەمساڵ ئەو بابەتانەمان نمایشکردووە خەڵک زیاتر خواستی لەسەرە وەک بابەتی ئایینی، پەروەردەیی، عیرفانی و فیکریی،هەروەها هەست دەکرێت ئەمساڵ جۆش و خرۆشێکی زیاتری خوێنەران هەیە".

محەمەد عەلی گوتیشی: “ئەوەی تێبینیمان کردووە زیاتر چینی گەنج سەردانی پێشانگاکە دەکەن و پێشبینی دەکەین ژمارەی سەردانیکاران بەرزبێتەوە و نرخەکانیش بەراورد بە ساڵانی پێشوو هەرزانترە”.

نووسەرێک ئاماژە بەوە دەکات کە بۆ ئەوەی مرۆڤ چاکسازی لەناخی خۆیدا و لە وڵات بکات، ئەوا پێویستە ڕوو لە خوێندنەوە بکات هەر بۆیەش خوێندنەوە تایبەتمەندی و گرنگی خۆی هەیە.

هودا گولیزار حەوێزی لەمبارەیەوە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: “دەبێت ئێمە هەست بە گرنگی و گەورەیی کتێب بکەین، بێگومان هەر شتێک سوودی هەبێت خەڵک بە گەرمییەوە بەرەو پیری دەچێت، ئەوەی من ئەمساڵ دەیبینم جیاوازە لە ساڵانی ڕابردوو، دەبینین ژمارەیەکی زۆری خوێنەر لە زمان و دیالێکتەکانی دیکەش بوونیان هەیە کە ئەمە جێگای خۆشحاڵییە چونکە لە کۆتاییدا ئەگەر بمانەوێت چاکسازی لە خۆمان و وڵاتیش بکەین ئەوا دەبێت تاکێکی ڕۆشنبیر و ڕوو لە خوێندنەوە دروست بکەین”.

هودا گولیزار حەوێزی گوتیشی: "خوێندنەوەی کتێب جیاوازە لەگەڵ خوێندنەوە لە شاشە و سۆشیالمیدیا، ئەوەی ئەمڕۆ سەرنجمداوە خوێنەران زیاتر ڕوو لە کتێبە ئایینییەکان دەکەن. ئێمەش گەیشتووینەتە ئەو بڕوایەی کە کتێبە ئایینییەکان و ئەوانەی بەرەو ڕۆشنبیری و دیدگایەکی بەرزت دەبەن، گرنگییان پێ بدەین".

بەشداربوویەکی دیکەی پێشانگاکە کە چەندین ناونیشانی جیاوازی نمایشکردووە، ئاماژە بەوە دەکات کە لەیەکەم ڕۆژی سەردانیکارانەوە بۆمان دەردەکەوێت کە خەڵک تامەزرۆی خوێندنەوە و فێربوونە.

محەمەد مەحموودی لەمبارەیەوە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "بۆ دووهەمجارە بەشداری ئەم پێشانگایە دەکەین، بۆ ئەمساڵ ٥٠٠ ناونیشانی جیاوازمان نمایشکردووە، کتێبەکانمان زیاتر ئەدەب و شیعر، دیوانە کلاسیکییەکان، ئایین و مێژووە".

محەمەد مەحموودی گوتیشی: "خەڵکێکی زۆر ڕووی لەم پێشانگایە کردووە و ئەمەش بەو مانایە دێت کە خەڵک تامەزرۆی خوێندنەوەیە و وەک دەبینین سەردانیکاران لە تەمەنی ٢٠ بۆ ٤٠ ساڵە بە گشتی بەڵام تەمەنی جیاوازیشی تێدایە".

بۆ ئەمساڵ ٣٥٠ خانەی بڵاوکردنەوە لە ٢٢ وڵاتانی عەرەبی و جیهانییەوە تیایدا بەشدارن کە هەموویان لەسەر ڕووبەرێک کتێبەکانیان نمایش دەکەن کە زیاترە لە ٢٠ هەزار مەتر چوارگۆشە، هاوکات زیاتر کە ملیۆنێک و ٢٠٠ هەزار ناونیشانی جیاواز نمایشکراون.

پێشانگاکە لە ٩ تا ١٩ی نیسان بەردەوام دەبێت و ڕۆژانە لە کاتژمێر ١٠ ی بەیانی بۆ ٨ی ئێوارە بەردەوام دەبێت و بە درێژایی ڕۆژانی پێشانگاکەش چەندین پانێڵ و دیبەیتی ڕۆشنبیری لەبارەی وەرگێڕان و زمانەوە بەڕێوەدەچن و تێیدا ڕۆشنبیران و شارەزایانی زمان بەشداری تێدا دەکەن.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın