Zekeriya Karadavut
03 ئەیلوول 2020•نوێکردنەوە: 05 ئەیلوول 2020
ئاکسارای-AA
ساڵانە ژمارەیەکی زۆر باڵندەی فلامینگۆ روو لە دەریاچەی توز دەکەن لە سنووری قەزای ئەسکیل سەربە پارێزگای ئاکسارای.
چوارمانگ بەرلە ئێستا، دەیان هەزار هێلکەی فلامینگۆ لەم ناوچەیە تروکان و بێچووەکان وردە وردە گەورەبوون تا گەیشتنە تەمەنێک کە بتوانن بفڕن.
لەئێستادا فلامینگۆکان پۆل پۆل دەستیان بە فڕین کردووە و بەرەو ناوچەکانی دیکە کۆچ دەکەن.

راگری کۆلێژی ڤێتەرنەری لە زانکۆی ئاکسارای، دکتۆر مستەفا جەمال دارڵماز لە لێدوانێکیدا بۆ پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو باسی لەوە کرد کە باڵندەی فلامینگۆ بووەتە یەکێک لە هێماکانی پارێزگای ئاکسارای و دەریاچەی توز گەورەترین شوێنی زاوزێی ئەم جۆرە باڵندەیەیە لە جیهاندا.

دکتۆر مستەفا جەمال دارڵماز ئاماژەی بەوەیش دا کە فلامینگۆکان لە مانگی ئاداردا دەست بە هێلکە دانان دەکەن و ٣٠ رۆژ دواتر هێلکەکان دەتروکێن، بێچووەکان لە ماوەی ٧٥-٩٠ رۆژدا دەگەنە تەمەنێک کە بتوانن بفڕن، دواتر لە سەرەتای وەرزی پاییزدا بەرەو ئیتاڵیا، ئیسپانیا، فەڕەنسا و باکووری ئەفریقا کۆچ دەکەن.
ناوبراو ئەوەیشی ئاشکرا کرد کە بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا لە جیهاندا کاریگەری ئەرێنی لەسەر ژیانی باڵندەی فلامینگۆ هەبووە، چونکە رەوشی کەشوهەوا باشتر بووە و جموجۆڵی مرۆڤیش کەمتر بووە، بەمهۆیەوە لە ساڵانی رابردوودا، نزیکەی ٢٠ هەزار هێلکەی ئەم باڵندەیە هەڵدەهات، بەڵام ژمارەی ئەو هێلکانەی لەمساڵدا هەڵهاتوون لە ٣٠ هەزار نزیک بووەتەوە.

بەشێکی هاووڵاتییانیش بۆ بینینی دیمەنی کۆچکردنی فلامینگۆکان سەردانی دەریاچەی توز دەکەن و چێژ لەو دیمەنە ناوازەیە وەردەگرن.