Zana Natık Kerem
25 کانوونی دووەم 2022•نوێکردنەوە: 26 کانوونی دووەم 2022
ھەولێر ــ AA
دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق، ئەو تانانەی کە لە یەکەم دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێنەران تۆمار کرابوون، رەت کردەوە و دانیشتنەکەیشی بە یاسایی لەقەڵەم دا.
ئەمڕۆ سێشەممە، دادگای باڵای فیدراڵیی دانیشتنی تێڕوانین لە تانەکانی یەکەم دانیشتنی خولی پێنجەمی ئەنجوومەنی نوێنەران ئەنجام دا.
لە میانی دانیشتنەکەدا، دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق تانەکانی رەت کردەوە و رایگەیاند، یەکەم دانیشتنی خولی پێنجەمی ئەنجوومەنی نوێنەران کە تیایدا دەستەی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەن ھەڵبژێردرا یاساییە.
دوای ھەڵبژاردنەکانی ١٠ی تشرینی یەکەم، یەکەمین دانیشتنی خولی پێنجەمی ئەنجوومەنی نوێنەران عێراق لە نۆی ئەم مانگە ئەنجام درا و لە دانیشتنەکەدا، محەمەد حەلبوسی وەک سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەندامی فراکسیۆنی سەدر، حاکم زاملی بە جێگری یەکەم و ئەندامی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، شاخەوان عەبدوڵڵا بە جێگری دووەمی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران ھەڵبژێردران.
دوای ھەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی نوێنەران، ھەریەک ئەندامی سەربەخۆ لە ئەنجوومەنی نوێنەران، باسم خەزعەل خەشان و ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران، مەحمود داود سەلمان مەشهەدانی لە فراکسیۆنی ھاوپەیمانی عەزم بە پاساوی ئەوەی کە دانیشتنەکە و ھەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتیی نایاسایی بوون، سکاڵایان لە دادگای باڵای فیدراڵیی تۆمار کرد.
ئەم بڕیارەی دادگای باڵای فیدراڵییش لە کاتێکدایە کە دەبێت لە ھەشت مانگی شوباتی داھاتوو، ئەنجوومەنی نوێنەرانی دانیشتنی خۆی بۆ ھەڵبژاردنی سەرکۆماری نوێ ساز بکات، چونکە بەپێی بەپێی خاڵی/ب لە بڕگەی دووەم لە ماددەی ٧٢ی دەستووری ھەمیشەیی عێراق، پێویستە لە ماوەی ٣٠ رۆژ لە دوای یەکەم دانیشتنی خولی نوێی ئەنجوومەنی نوێنەران، سەرکۆمار لەلایەن ئەنجوومەنەکەوە دەنگی پێ بدرێت.
هەر ئەمڕۆ دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق، دانیشتنی تێڕاونین لە تانەکانی ئەندامانی ئەم خولەی ئەنجوومەنی نوێنەران لە فراکسیۆنی ھاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، عالیە نسەیف و عەتوان عەتوانی لەبارەی داواکاری بۆ ناساندنی گەورەترین فراکسیۆن، ھەروەھا ھەڵوەشاندنەوەی دانیشتنەکەی رۆژی نۆی ئەم مانگەی ئەنجوومەنی نوێنەران، دواخست.