ژيان, عێراق, رەمەزان مانگی رەحمەت و بەرەکەت

یاریی سینی و زەرف شەوانی ڕەمەزانی سلێمانی ڕەنگین كردووه‌

Fariq Faraj Mahmood, Emrah Akbulak  | 27.02.2026 - نوێکردنەوە : 03.03.2026
یاریی سینی و زەرف شەوانی ڕەمەزانی سلێمانی ڕەنگین كردووه‌

As Sulaymaniyah

سلێمانی - AA

لەگەڵ خۆرئاوابوون لە ڕۆژەکانی مانگی مانگی ڕەمەزاندا، ھەرێمی کوردستان بە گشتی کەشێکی جیاوازی دەڕەخسێنێت بۆ کات بەسەربردن و ئەنجامدانی چالاکی جۆراوجۆر، یەکێک لەو چالاکییانەش کە بە درێژایی شەوی ڕەمەزان لە ھەرێمی کوردستان ھەیە، یاری سنی سنیانێ یان (سنی و زەرف)ە کە تێیدا کۆمەڵێک کەس دابەش دەبن بەسەر دوو تیمدا و تا درەنگانی شەو سەرگەرمیی یارییەکە دەبن.

یاریەکە لە سنییەک و ١١ زەرف پێکدێت کە شتێکی بچووک لە یەکێک لە زەرفەکان دەشاردرێتەوە و لەلایەن دوو تیمی سێ کەسییەوە ئەنجام دەدرێت، یاریزان دەتوانێت لە کۆی ١١ زەرف، نۆ دانەی بەتاڵ بکاتەوە و دوو دانەیشی وەک گوڵ لێبدات و لە کۆتاییدا هەر لایەنێک توانی ١٠١ خاڵ بەدەست بهێنێت، دەبێتە براوی یارییەکە.

ئەم یارییە پێشتر لە ماڵ و دیوەخانەکاندا دەکرا، ئێستا بەهۆی لە شوێنە گشتییەکانی وەک کافتریا و چایخانەکان ئەنجام دەدرێت و خاوەنی یەکێک لە کافتریاکانیش ئاماژە بەوە دەکات کە ئەم یارییە لە کۆنەوە لە شاری کەرکووک ئەنجامدرا بەڵام دوای کۆڕەوەکەی بەهاری نەوەد و یەک، ئەوانەی لە کەرکووکەوە ئاوارەی سلێمانی بوون، بەشێک لە کولتوور و نەریتەکەشیان گواستەوە و لەو کاتەوە لەگەڵ هاتنی مانگی ڕەمەزان تا ڕۆژی جەژن، شەوانە ژمارەیەکی زۆر لە خەڵک سەرقاڵی یارییکردنن.


خاوەنی کافتریای شەوانی ڕەمەزان له‌ سلێمانی، پێشکەوت عەبدوڵڵا، بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "یاریی سینی و زەرف (سنی سنیانێ) یارییەکی دێرینە و زیاتر ئەو هاووڵاتییە کەرکووکییانە ئەم یارییەیان دەکرد کە دوای کۆڕەکەوە ئاوارەی سلێمانی ببوون، بەڵام دوای ساڵی ٢٠٠٣ خواست لەسەر ئەم یارییە کەم بووەوە، ئێستاش ئێمە وەک ژمارەیەک گەنج لە شاری سلێمانی حەزمان کرد ئەو مێژووە دووبارە بکەینەوە کە ساڵانێکی زۆر هەبووە، بەڵام دابڕانێک دروست بوو. بۆیە ماوەی ١٠ ساڵە ئەم یارییەمان گەڕاندووەتەوە بۆ سلێمانی. ئاوات و خولیامان ئەوە بوو کاتێک دەمانبینی لە کەرکووک و هەولێری خۆشەویست، ئایین و نەتەوە جیاوازەکان کاتێکی خۆش و برایەتییان بەیەکەوە بەسەر دەبرد، حەزمان کرد ئێمەش ئەوە لە سلێمانی دووبارە بکەینەوە".

پێشكه‌وت ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم یاریە بە دیاریکراوی لە شەوانی مانگی ڕەمەزاندا ئەنجام دەدرێت و شەوانە نزیکەی ١٠٠ بۆ ١٥٠ کەس بەردەوام بەشدار دەبن. سەبارەت بە مێژووی سەرهەڵدانی یارییەکەش، پێشکەوت عەبدوڵڵا گوتی: "سەرەتا کە داماننا لە سلێمانی خواستێکی کەمی لەسەر بوو، بەڵام دواتر بەهۆی هاتنی میوانی کەرکووک و هەولێرەوە ئێستا یارییەکە جێی خۆی کردووەتەوە و لەناو دڵی هەموواندایە".

پێشکەوت عەبدوڵڵا گوتیشی: "لە ناوەڕاستی سەدەی ڕابردوو ئەم یارییە سەری هەڵداوە و وەک باوباپیرانمان باسی دەکەن، بیرۆکەکە لە 'کڵاوکڵاوێن'ەوە هاتووە. برا تورکمانەکانمان زیاتر حەزیان بەم یارییە بووە و ئەوان پەرەیان پێداوە و خولیای بوون؛ دەتوانین بڵێین مۆرکی ئەوانی پێوەیە، بەڵام برایانی عەرەب و شارە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستانیش تێکەڵاویان دروست کرد و ئێستا هەموو نەتەوە جیاوازەکان یاریی سینی و زەرف دەکەن".

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın