Heman Hussein Yaseen
17 کانوونی یەکەم 2021•نوێکردنەوە: 17 کانوونی یەکەم 2021
ھەولێر - AA
بەرەبەیانی ئەمڕۆ بەھۆی شەپۆلێکی بارانبارین لە سنووری پارێزگای ھەولێر، لە ھەندێک گەڕەک لافاو دروست بووە و زەرەر و زیانی ماددی ھەبووە و بووەتە ھۆی گیانلەدەستدانی چەند ھاووڵاتییەک و رووخانی خانووی بەشێک لە ھاووڵاتییان.
تا ئێستا بەھۆی بارانبارین و لافاوەوە ھەشت ھاووڵاتیی گیانییان لەدەستداوە، پێنج ھاووڵاتیی لە گەڕەکی دارەتووی شاری ھەولێر کە سێ لەوانە ئەندامی یەک خێزانن و، سێ ھاووڵاتیی دیکەیش لە شارەدێی قوشتەپە بووە.
بەڕێوەبەری ناحیەی قوشتەپە، ستار عومەر بە میدیا خۆجێییەکانی راگەیاندووە کە، بەھۆی بارانبارین و لافاوەوە سێ ھاووڵاتی گیانییان لەدەستداوە و، ھاوکات قایمقامی ھەولێر نەبەز عەبدولحەمید بە میدیا خۆجێییەکانی رایگەیاند کە لە گەڕەکی دارەتووش پێنج کەس گیانییان لەدەستداوە و بە گشتی ھەشت کەس گیانییان لەدەستداوە کە یەکێک لەوانە بەھۆی ھەورە بروسکەوە بووە.
لە بەشێک لە گەڕەکەکانی شاری ھەولێر دەیان ئوتۆمبێل لافاو بردوویەتی و ھاوکات بەرگری شارستانی راشیگەیاندووە کە ئوتۆمبێلێکییان ئاو بردوویەتی و چەند کارمەندێکیشیان بریندارە.
بەھۆی بوونی بارانبارین و لافاوەوە، چەند شەقامێک داخراو و رێگای ھاتوچۆی ھاووڵاتییان گیراوە.