Heman Hussein Yaseen
10 ئادار 2021•نوێکردنەوە: 11 ئادار 2021
ھەولێر - AA
ئەمڕۆ رۆژی جلی نەتەوەییە لە ھەرێمی کوردستان و ژمارەیەک ھاووڵاتیی لە پێکھاتە جیاوازەکان بە پۆشینی جلوبەرگی نەتەوەیی خۆیان چوونە فەرمانگەکانیان و ئەم رۆژەیان بە پۆشینی جلوبەرگی نەتەوەیی بەڕێکرد.
لە نووسینگەی وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری پێکھاتەکان ژمارەیەک فەرمانبەر لە پێکھاتە جیاوازەکان ھەیە و جلی نەتەوەیی تایبەت بەخۆیانیان پۆشیبوو و لەم رۆژەدا بە زمانی نەتەوەیی خۆیان قسە دەکەن، ھاوکات وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری پێکھاتەکانیش وێرای پیرۆزباییکردن لە سەرجەم پێکھایەکانی ھەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەکرد کە ھەرێمی کوردستان سیمایەکی جوانی پێکەوەژیانی بەخشیووەتە جیھان.
لەبارەی رۆژی جلی نەتەوەییەوە، وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری پێکھاتەکان، ئایدن مەعروف بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: ''رۆژێکی گرنگە بۆ پێکەوەژیانی نەتەوەکان لە ھەرێمی کوردستان، بەم بۆنەوە پیرۆزبایی لە سەرجەم نەتەوەکانی ھەرێمی کوردستان دەکەین و ئەمڕۆش ھەموو جلوبەرگی نەتەوەیی خۆیان پۆشیووە و ئەمە سیمایەکی جوانە، بێگومان ھەرێمی کوردستان لە ھەموو زیاتر جێگای نەتەوەکانە و ئەم بۆنەیەش بەرزڕاگیرا و پێویستە ئەم بۆنە نەتەوەییانە زیاتر پەرەی پێ بدرێت''.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا لەبارەی ھاتنی پاپا فرەنسیس بۆ ھەرێمی کوردستان و کاریگەری لەسەر پێکەوەژیانی نەتەوە و ئایینە جیاوازەکان لە ھەرێمی کوردستان، ئایدن مەعروف گوتی: ''سەردانەکە گرنگ بوو بۆ عێراق و ھەرێمی کوردستان، پەیامەکەی روونە کە زیاتر پشتیوانی لە پێکھاتە جیاوازەکان و پێکەوەژیان کرد، لەبەر ئەوەی لەئێستادا عێراق و ناوچەکە زیاتر پێویستی بە پێکەوەژیان ھەیە و لەگەڵ ئەوەشدا لە ھەرێمی کوردستان بارودۆخی پێکەوەژیان و ئاشتی لە دۆخێکی باشدایە و ئەمش دەگەڕێتەوە بۆ کولتووری یەکترقبوڵکردن لە ھەرێمی کوردستان''.
فەرمانبەرەکانی نووسینگەی وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری پێکھاتەکان بە جلی نەتەوەییەوە رۆژەکەیان بەڕێکرد و ھەر کەس بە زمانی نەتەوەیی خۆی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو دوا.
سکاڵا بارزان کە لە نەتەوەی کوردە و فەرمانبەرە، بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: ''پیرۆزبایی لە سەرجەم پێکھاتەکانی ھەرێمی کوردستان دەکەم و ئەمڕۆ جلوبەرگی نەتەوەییم پۆشیووە و ئەمە پەیامێکە بۆ ئاشتی و پێکەوەژیان و یەکتر قبوڵکردن لە ھەرێمی کوردستان کە ئەمە کولتوور و مێژوویەکی درێژی ھەیە''.
سارا ھەژار فەرمانبەرێکی دیکەیە و لە نەتەوەی تورکمان ئەو بە زمانی نەتەوەیی خۆی، خۆشحاڵی بۆ ئەو رۆژە دەربڕی و گوتی: ''سەرەتا پیرۆزبایی لە سەرجەم نەتەوەکانی ھەرێمی کوردستان و خوشک و برا کورد و مەسیحییەکان دەکەم، بێگومان لەم رۆژەدا جارێکی دیکە پەیامی ئاشتی و یەکترقبوڵکردن بۆ یەکتر دووپات دەکەینەوە و خۆشحاڵین بە بوونی فرەنەتەوەیی لە ھەرێمی کوردستان''.
مەریەم عەبدولمەسیح کە بە جلوبەرگی نەتەوەیی ئاشووری ھاتبووە سەر کارەکەی، ئەو بە زمانی تایبەت بە نەتەوەی خۆی، پیرۆزبایی رۆژی جلوبەرگی نەتەوەیی کرد و گوتی: ''ئەمڕۆ بە جلوبەرگی نەتەوەیی ھاتوومەتە سەر کارەکەم، ھاوکارەکانیشم لە نەتەوەی جیاوازەوە بە جلی نەتەوەیی خۆیان ھاتوونەتە سەرکار، زۆر خۆشحاڵم کە ئەم پێکەوەژیان و یەکترقبوڵکردنە لە ھەرێمی کوردستان ھەیە و ئەمەیش سیمایەکی جوانی بەخشیووەتە ناوچەکە''.
رۆژی ١٠ی ئاداری ههموو ساڵێك رۆژی جلوبهرگی نهتهوهییه له ههرێمی كوردستان و پێكهاته جیاوازهكان جلوبهرگی تایبهت به نهتهوهی خۆیان دهپۆشن و بهگوڵ و شیرینی پیرۆزبایی له یهكتر دهكهن.