Zana Natık Kerem
24 مای,س 2022•نوێکردنەوە: 24 مای,س 2022
ھەولێر ــ AA
ئەنجوومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان لە وەڵامی ھەڕەشەی گرووپێک بەناوی "ھەیئەی تەنسیقی موقاوەمەی عێراقی" رایگەیاند، ھەر دەستدرێژییەک بۆسەر ھەرێمی کوردستان کە کیانێکی دەستووریی ناو عێراقە، باجێکی قورسی دەبێت.
ئەنجوومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا وەڵامی ھەڕەشەی گرووپێک بەناوی "ھەیئەی تەنسیقی موقاوەمەی عێراقی" بۆسەر ھەرێمی کوردستانی دایەوە و تیایدا ھاتووە "گرووپێکی لەیاسابەدەر بەناوی ھەیئەی تەنسیقی موقاوەمەی عێراقی کە لامان روون و ئاشکرایە، لەلایەن چ کەسانێکەوە ھان دەدرێن لە بەیاننامەیەکدا، کۆمەڵێک تۆمەتی بێ بنەمایان ھەڵبەستووە و ھەڕەشە لە ھەرێمی کوردستان دەکەن".
راشیگەیاندووە "ئەم ھەڕەشانە نوێ نین و بەکردەوەش تا ئێستا لە ناوچە جیاجیاکانی عێراق ئەوەی لە توانایاندا بووە بە فیتی ھێزە دەرەکییەکان کردوویانە و بەرھەمیان بۆ عێراق تەنیا وێرانکاری و ئاژاوە بووە".
لە راگەیەندراوەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستاندا، ھەروەھا ھاتووە "ئێمە لێرەدا پێیان رادەگەیەنین کە ھەر دەستدرێژییەک بۆسەر ھەرێمی کوردستان کە کیانێکی دەستووریی ناو عێراقە، باجێکی قورسی دەبێت. ئەوان لە مێژوو وانەیان وەرنەگرتووە گەرنا دەیانزانی کە ھێزی گەورەتر و پڕچەکتر لە ئەوانیش نەیتوانیوە ئیرادەی گەلەکەمان ببەزێنێت".
ئاماژەی بەوەیش داوە کە ئەم گرووپە لەیاسابەدەرانە ھەڕەشەن بۆسەر سەروەری و ئاسایشی عێراق و ھەر ئەوانن زەمینەیان بۆ گەشەکردنی تیرۆر و ھزری توندڕەوی خۆش کردووە.
ئەوەیشی خستووەتەڕوو کە سوپای عێراق و ھێزی پێشمەرگە سەرقاڵی کاری ھاوبەشن لە دژی تیرۆریستان و ئەم گرووپانەش سەرقاڵی فیتنە و ئاژاوەگێڕی و وێرانکارین و ھاتووە "حکوومەتی فیدراڵیی بەرپرسە، سەروەریی عێراق بپارێزێت و ئاستێک بۆ ئەم سەرەڕۆیی و دوژمنکارییانە دابنێت".