Hemin Hüseyin
25 کانوونی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 26 کانوونی دووەم 2017
هەولێر-AA
دوای ئەوەی لە ئەنجامی کۆنتڕۆڵکردنەوەی چەند گەڕەکێکی شاری مووسڵ لەلایەن هێزە عێراقییەکان، کاروانی گەڕانەوەی ئاوارەکان روو لە زیادبوونە و بەپێی ئاماری وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراقیش، لەماوەی یەک هەفتەی رابردوودا، ٣٥ هەزار کەس گەڕاونەتەوە مووسڵ.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا ئاماژە بەوە دەکات کە بەپێی توانا ئاسانکاری بۆ گەڕانەوەی ئەو ٩٥ هەزار ئاوارەیەی مووسڵ دەکات کە لە ماوەی سێ مانگی رابردووەوە روویان لە هەرێمی کوردستان کردووە.
لە راگەیەنراوەکەی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا هاتووە "لە سەرەتای ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنی مووسڵ لە رۆژی ١٧ تشرینی یەکەمی ٢٠١٦، ھەرێمی کوردستان پێشوازی لە ٩٥ ھەزار ئاوارەی مووسڵ کردووە کە لەماوەی سێ مانگی رابردوو روویان کردووەتە ھەرێمی کوردستان و پاش رزگارکردنی ناوچەکانیشیان، بەپێی توانایی خۆی ئاسانکاری بۆ گەڕانەوەیان دەکات".
بەپێی راگەیەنراوێکی وەزارەتی ناوخۆ، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان رۆڵێکی بەرچاوی ھەبووە لە پێشوازیکردن و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری سەرەتایی و پەناگە بۆ ئەو ھاووڵاتییانەی لە ناوچەکانی شەڕو ناوچەکانی ژێر دەستی داعش پەنایان بۆ ھەرێمی کوردستان ھێناوە. بە کۆنترۆڵکردنی بەری چەپی مووسڵ، حکوومەتی ھەرێم لە چوارچێوەی دەزگا راسپاردەکانی کار دەکات بۆ گەڕانەوەی ئارەزوومەندانەی ئاوارەکان بۆ ناوچە رزگارکراوەکانیان.
لە راگەیەنراوەکەدا ئاماژە بەتێڕوانینی نەگۆڕ و روونی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەکات لەبارەی گەڕانەوەی ئاوارەکان و پێی وایە پێویست دەکات لە کاتی گەڕانەوەیان بەرژەوەندیی ھاووڵاتییانی ئاوارە لەبەرچاو بگیرێت و بەپێی یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی مامەڵە لەگەڵ ئەم پرسە بکرێت، لەوانە ئارەزوومەندانە و سەلامەتی گەڕانەوەیان.
ھەر لەمبارەوە، وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، داخستنی کەمپی ئاوارەکان بەدوور و بەپێچەوانەی سیاسەتی حکوومەتی ھەرێم دەزانێت، لەگەڵ ئەوەشدا پێشوازی لە گەڕانەوەی ئارەزوومەندانەی ئاوارەکان دەکات بۆ شوێنەکانییان و بەپێی توانایی خۆیشی ئاسانکاری بۆ گەڕانەوەیان دەکات.
لە بەشێکی دیکەی راگەیەنراوەکەدا هاتووە "ژمارەی ئاوارە و پەنابەران لە ھەرێمی کوردستان لە ناوەڕاستی ساڵی ٢٠١٤ەوە بەنزیکەی یەک ملیۆن و ٨٠٠ هەزار کەس مەزەندە دەکرێت بەبێ لەبەرچاوگرتنی جیاوازی نەتەوەیی، ئایینی و پێشخانی سیاسی ھەموو جۆرە خزمەتگوزارییەکانی ئاسایش و پاراستن و خزمەتگوزاریی گشتی بۆیان دابین کراوە".
لە کۆتاییدا بەھۆی سنوورداربوونی تواناییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەڕێوەبردنی ئەو قەیرانە مرۆییە، داوا لە حکوومەتی عێراق و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەکات بەردەوام بن لەسەر دابینکردنی ھاوکاری مرۆیی و خزمەتگوزاریی بنەڕەتی بۆ ئەو ئاوارانەی بەھۆی دڵنیا نەبوون لە رەوشی ناوچەکانییان تا ئێستا بڕیاریان نەداوە بۆ شوێنەکانییان بگەرێنەوە.