Sarmand Hameed
22 شوبات 2020•نوێکردنەوە: 23 شوبات 2020
هەولێر - AA
گوتەبێژی حكومەتی ھەرێمی كوردستان، جووتیار عادل ئاشكرایكرد لەسەر راسپاردەی سەرۆكوەزیرانی ھەرێمی كوردستان، مەسرور بارزانی، تەواوی دامودەزگا پەیوەندیدارەكان راسپێردراون بۆ بەدواداچوون و لێكۆڵینەوە لەسەر كەیسی رووداوی منداڵە حەوت ساڵەكەی ھەولێر كە لە مانگی نیسانی ٢٠١٩دا روویداوە.
جووتیار عادل لە راگەیەنراوێکدا کە کۆپییەکی گەیشتووەتە ئاژانسی ئانادۆڵو، ئاماژەی بەوەکردووە، لایەنە پەیوەندییدارەكان رێكاری یاساییان لەبەرانبەر ئەم دۆسیەیه و تۆمەتبارەکانی گرتووەتەبەر و ئەو پێنج تۆمەتبارەی كە پێشتر بە کەفالەت ئازادكرابوون، دەستگیركراونەتەوە و بە ھیچ شێوەیەكیش چاوپۆشی لە تۆمەتبارانی ئەم تاوانە قیزەونە ناكرێت.
گوتەبێژی حكومەتی ھەرێمی كوردستان ئاشکرایشیکردووه، پەیوەندیی بە باوكی كچەکهوه كراوە و دڵنیاكراوەتەوە كە بەھیچ شێوەیەک قبووڵناكرێت هیچ كەسێك ھەڕەشەی لێبكات.
جوتیار عادل، وێڕای دەربڕینی ھاوخەمیی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان لەگەڵ خانەوادەی قوربانییەكە، هاوکات بەناوی حکوومەتی هەرێمەوە ھاووڵاتییانی دڵنیاکردووەتەوە كە تۆمەتبارانی ئەم دۆسیەیە لە رێگەی یاساوە سزا دەدرێن و، بە ھیچ شێوەیەک رێگە بە پێشێلكردنی مافی ھاووڵاتییان و تێكدانی ئاشتیی كۆمەڵایەتیی نادرێت.