پەرلەمانی عێراق رۆژی دووشەممە دەنگ بە حکوومەتەکەی عەللاوی دەدات
- ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رۆژی دووشەممە دانیشتنێکی نائاسایی ئەنجامدەدات بۆ بهخشینی متمانە بە کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق بە سەرۆکایەتی محەمەد تۆفیق عەللاوی.
Baghdad
بەغدا - AA
جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، حەسەن کەعبی داوای لە ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران کرد بۆ دانیشتنی نائاسایی لە رۆژی دووشەممەی داهاتوو بۆ بهخشینی متمانە بە کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق بە سەرۆکایەتی محەمەد تۆفیق عەللاوی.
حەسەن کەعبی لە راگەیەنراوێکدا کە کۆپییەکی گەیشتووەتە ئاژانسی ئانادۆڵو، ئاماژەی داوە بەوەی ئەنجوومەنی نوێنەران پابەندە بە سازكردنی دانیشتنێکی نائاسایی رۆژی دووشەممە بۆ بەخشێنی متمانە بە حکوومەتی داهاتوو، لەسەر بنەمای ئەو نامەیەی سەرۆکوەزیرانی دەستلەکارکێشاوە، عادل عەبدولمەهدی ئاراستەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی کردووە.
کەعبی راشیگەیاندووە: "لەسەر ئەو بنەمایە و پشتبەست بە یاسا داوای دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێنەران دەکەم".
رۆژی پێنجشەممە سەرۆکوەزیرانی دەستلەکارکێشاوەی عێراق، عادل عەبدولمەهدی نووسراوێکی فەرمی ئاراستەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی کرد و داوایکردبوو، ئەنجوومەنەکە رۆژی دووشەممە دانیشتنێکی نائاسایی سازبكات بۆ بهخشینی متمانە بە حکوومەتەکەی عەللاوی.
بەپێی دەستووری عێراق، دانیشتنی تایبەت بە بەخشینی متمانە بە حکوومەت لەسەر داوای ٥٠ پەرلەمانتار یان سەرکۆمار یان سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران، یانیش سەرۆکوەزیران ئەنجامدەدرێت کە سەرۆکوەزیرانی دەستلەکارکێشاوەش دەگرێتەوە.
بۆ بهخشینی متمانە پێویستە حکوومەتی نوێ دەنگی زۆرینەی رەها (٥٠+١)ی ئەندامانی ئامادەبووی دانیشتنەکە بەدەست بهێنێت (نەک ژمارەی سەرجەم ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران).
چاوەڕێدەکرێت حکوومەتەکەی عەللاوی بە ئاسانی متمانه بهدهستنههێنێت بەوپێیەی پێشبینی ئەوەدەکرێت کە هێزە سیاسییە سوننەکان و فراکسیۆنە كوردستانییهكانی ناو ئەنجوومەنی نوێنەران دەنگ بە کابینەکەی نەدەن.