Heman Hussein Yaseen
02 تشرینی یەکەم 2023•نوێکردنەوە: 12 تشرینی یەکەم 2023
هەولێر - AA هێمن حوسێن
خۆشنووسی یەکێکە لە هونەرە کۆنەکان و مێژوویەکی دوور و درێژی هەیە و لە زۆربەی وڵاتانی ئیسلامییشدا باوە و پەرەی پێدراوە، لە ئێستاشدا گەنجێکی خۆشنووس لە شاری هەولێر، داهێنان لە هونەرەکەی دەکات و هونەری گڕافیکیی و خۆشنووسیی تێکەڵ بەیەکتر دەکات و سیمایەکی جوان و سەرنجڕاکێش دەبەخشێتە تابلۆکان.
عەبدولباری عەبدولخالق تەمەن ٢٦ ساڵ، ماوەی چەند ساڵێکە لەسەر دەستی گەورەخۆشنووس ئەحمەد عەبدولرەحمان ئەربیلی، فێری خۆشنووسیی بووە و لە ئێستاشدا هونەرەکەی بەشێوازێکی جیاواز پێشکەش دەکات و، وەک خۆی دەڵێت کارەکانی بەرەو هونەری مۆدێرن هەنگاو دەنێن.
ئەو ژوورێکی بچووکی لە ماڵەکەی خۆیدا جیاکردووەتەوە و، سەرجەم کەلوپەل و پێداویستییەکانی ڕۆژانەی تیادا جێکردووەتەوە و ڕۆژانەش لەم ژوورەدا چەند کاتژمێرێک بەدەم نوسین و نەخشاندنی تابلۆکانییدا بەسەر دەبات.
عەبدولباری عەبدولخالق بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "لە ساڵی ٢٠١١ەوە لەسەر دەستی مامم (ئەحمەد عەبدولڕەحمان ئەربیلی) فێری هونەری خۆشنووسیی بووم و پەرەم بە هونەرەکەدا تا گەیشتوومەتە ئەوەی کە ئێستا دەتوانم لە رێگای کاری دەستییەوە هونەری خۆشنووسیی و گڕافیک تێکەڵ بەیەکتر بکەم، ئەوەی من دەینووسم شێوازی مۆدیرنە کە شێوازی پۆرترێت و سێ ڕەهەندیی تیادا دەنەخشێنم، بەڵام باقی خۆشنووسەکانی دیکە لەسەر شێوازی کلاسیک کار دەکەن، بێگومان جیاوازی زۆر هەیە لە نێوان کلاسیک و مۆدێرندا".
عەبدولباری عەبدولخالق گوتیشی: "ئەوەی کە لە هونەری خۆشنووسی بەکاردێت لە کلاسیکدا زیاتر جۆری خەتی نوسخ و سولس، ئەوەی لە مۆدێرن بەکاردێت زیاتر جۆری دیوانییە و بواری جوڵەی زیاترە و دەتوانین بۆشاییەکان پڕ بکەینەوە".
عەبدولباری عەبدولخالق لە ژووری کارەکەیدا، چەند تابلۆیەکی لەبەردەستە و کاریان لەسەر دەکات، هەندێکیان ئایەتی قورئانیی لەسەر نەخشێنراوە و، هەندێکی دیکەش نووسینی شیعرە، یەکێک لە تابلۆکانیش تێکەڵکردنی گڕافیک و نووسینی شیعرە لەچوارچێوەی پۆرترێتی کەسایەتییەکی ئایینییدا.
ئەو خۆشنووسە لە پۆرترێتی کەسایەتییەکی ئایینییدا، چەند شیعرێکی عیرفانیی تیادا جێکردووەتەوە و بڕیاریشە پێشکەش بەو کەسایەتییە ئایینییەی بکاتەوە و، وەک خۆی دەڵێت دروستکردنی ئەم تابلۆیە بە شێوازی کاری دەستی، تا ئێستا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نەکراوە. ئەوەی پێشتر کراوە بە کۆمپیوتەر و تەکنەلۆجیای سەردەم بووە.
عەبدولباری عەبدولخالق لەبارەی پۆرترێتەکەوە گوتی: "ئەم کارەی من کردوومە، پێشتر بە کۆمپیوتەر کراوە، بەڵام لە رێگای کاری دەستییەوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش نەکراوە، تابلۆکە پۆرترێتی کەسایەتییەکی ئایینییە و، لەناو پۆرترێتەکەشدا ١٩ شیعری عیرفانیم تیادا بەکارهێناوە و ماوەی یەک مانگ خەریکی گرافیک و نووسینی تابلۆکە بووم".
عەبدولباری عەبدولخالق ئەوەش دەخاتەڕوو کە ستایلێکی تایبەت بەخۆی دەستداوەتێ و دیزاینی نوێ بۆ تابلۆکانیش دادەنێت و لەمبارەیەوە گوتی: "ئەوانەی کاریان لەسەر دەکەم، کۆمەڵێک تابلۆیە کە هەندێکیان لەسەر شێوازی دیزاینی خۆمە و هەندێکجاریش کەسێک پێشنیازی دیزاینێک دەکات، ئەگەر لەگەڵ ستایلی هونەری مۆدێرن بگونجێت بۆی دروست دەکەم".
لەبارەی هەنگاوەکانی داهاتووشیەوە، عەبدولباری عەبدولخالق گوتی: "بەهۆی کەمی کاتەکانمەوە تا ئێستا بەشداری یەک پێشانگام کردووە، بەڵام لە پلانمدا هەیە لە داهاتوودا پێشانگایەکی تایبەت بەخۆم بکەمەوە و مەبەستمە هەندێک تابلۆی جیاواز نیشان بدەم".
خۆشنووسی لە تەواو وڵاتان و کولتوورە جیاوازەکان ھەیە بەڵام لە وڵاتانی ڕۆژھەڵات و بە تایبەت لە وڵاتانی ئیسلامی پێگە و بایەخێکی زۆرتری ھەیە و هەمیشە گرنگی پێدراوە.