کەمبوونەوەی ئاو لە بەنداوی مووسڵ قوتابخانەیەکی کۆنی ئاشکرا کرد
بەھۆی کەمبوونەوەی ئاستی ئاو لە بەنداوی مووسڵ، قوتابخانەیەک لە شارەدێی خانکێ سەر بە قەزای سێمێل، سەر بە پارێزگای دھۆک دەرکەوتووە کە مێژووەکەی بۆ زیاتر لە ٤٠ ساڵ دەگەڕێتەوە.

Dahuk
دھۆک - AA
بەهۆی گۆڕانی ئاو و هەوا و کەمبوونەوەی ئاستی ئاو، قوتابخانەیەک لە قەزای سێمێل سەر بە پارێزگای دهۆک لە ژێر ئاو دەرکەوتووە کە مێژووەکەی بۆ زیاتر لە چل ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە.
ئاشکرابوونی ئەم قوتابخانە کۆنە لە کاتێکدا ڕوویداوە کە ھەرێم و ناوچەکە بەھۆی گۆڕانی ئاو و هەواوە تووشی قەیرانی ئاو بووە و ئاستی ئاوی زۆربەی بەنداوەکان بە شێوەیەکی ھەستپێکراو کەمبووەتەوە.
بەنداوی مووسڵ کە یەکێکە لە گرنگترین سەرچاوەکانی ئاو لە پارێزگای دھۆک، ئاستی ئاوەکەی بەرەو دابەزین چووە، ئەمەش بووەتە ھۆی بە دیارکەوتن و ئاشکرابوونی ئەم شوێنە مێژووییە. قوتابخانەکە کە لە نێوان شارەدێی خانکێ و کەنارەکانی بەنداوەکەدا دروستکرابوو، پێشتر بە تەواوی لەژێر ئاودا شاردرابووەوە. بەڵام لەگەڵ دابەزینی ئاستی ئاو، بەشی سەرەوەی قوتابخانەکە بە دیارکەوتووە.
موختاری خانکێی کۆن، حەمزە عیدو قەیسو، بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو باسی مێژووی قوتابخانەکە کرد و گوتی: "لە ساڵانی حەفتاکاندا ئەم قوتابخانەیە (قوتابخانەی خانکێی کۆن) دروستکراوە، لەناو قوتابخانەکەش خانووەیەک بۆ مامۆستاکان دروستکرابوو، دوای دروستکردنی بەنداوی مووسڵ لە ساڵی ١٩٨٥دا، ئاوی بەنداوەکە بەرەو گوندەکەمان ھات. ئێمەش ناچاربوون بەرەو سەرەوە بچین و گوندەکە چۆڵ بکەین، لەو کاتەدا زیاتر لە ٨٥ گوندی ئێزدی بەھۆی گلدانەوەی ئاوی بەنداوی مووسڵەوە چۆڵکران، ئەمە بۆ سێهەمجارە بەھۆی نزمبوونەوەی ئاستی بەنداوی مووسڵەوە ئەم قوتابخانەی خانکێ دەردەکەوێت، بەڵام ئەمساڵ زۆر بە ڕوونی دەردەکەوێت بەراورد بە ساڵەکانی پێشتر".
حەمزە عیدو قەیسو گوتیشی: "قوتابخانەیەکی دیکەش ھەیە کە ھێشتا تەواو دەرنەکەوتووە، بەڵام ئەگەر کەمێک زیاتر ئاستی ئاوەکە دابەزێت، ئەویش بەدیار دەکەوێت و بە چاو دەبینرێت".
لە ٢٥ی مانگی یەکی ١٩٨١ دەستکرا بە بونیادنانی بەشە سەرەکییەکانی پڕۆژەی بەنداوی مووسڵ، لە ٢٤ی مانگی تەمووزی ١٩٨٦ بەنداوەکە بەگەڕخرا، دوای بەگەڕخستی بەنداوی مووسڵ و گلدانەوەی ئاو، ئەم قوتابخانەیەش ژێرئاو کەوت.