Sarmand Hameed
07 تشرینی دووەم 2021•نوێکردنەوە: 08 تشرینی دووەم 2021
هەولێر - AA
سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی رایگەیاند، ئەوانەی کە بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشیان کردە سەر ماڵەکەی و هەوڵی تیرۆرکردنیان داوە باش دەیانسن و ئاشکرایان دەکەن.
نووسینگە راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، ئەنجوومەنی وەزیران بە سەرۆکایەتی مستەفا کازمی کۆبونەوەیەکی نائاسایی ئەنجامداوە.
لە میانی کۆبوونەوەکەدا، مستەفا کازمی گوتەیەکی پێشکەش کردووە.
سەرۆکوەزیرانی عێراق لەبارەی ئەو هێرشەی کە بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کرایە سەر ماڵەکەی گوتی: "شەوی رابردوو بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرش کرایە سەر ماڵەکەم، هێرشەکە راستەوخۆ رووبەڕووم بوویەوە، ئەوە کارێکی ترسنۆکانە بوو لە ئازایەتی ناوەشێتەوە و دەربڕی ویستی عێراقییەکان نییە".
مستەفا کازمی گوتیشی: "وڵاتەکەمان بە چەندین ئاڵنگارییدا تێدەپەڕێت کە هی ئەمڕۆ نین و بەرهەمی ئەم حکوومەتە نیین، توانیمان قەیرانی ئابووری و تەندروستی چارەسەربکەین، قەیرانی دابەزینی نرخی نەوت و سیاسەتە هەڵەکانی حکوومەتەکانی پێشوومان تێپەڕاند".
سەرۆکوەزیرانی عێراق جەختی لەوە کردەوە کە سەرکەوتووبوونە لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت و گوتی: "سەرکەوتوو بووین لە بەدیهێنانی داواکارییەکانی گەل و مەرجەعییەت و خۆپیشاندەران بە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت و هەموو داواکارییەکانمان دەستەبەرکرد کە کومیسیۆن دوای کرد".
مستەفا کازمی وەک وەڵامێک بۆ ئەو کەس و لایەنانەی کە حکوومەت بە دەستوەردان لە هەڵبژاردنەکان تۆمەتبار دەکەن، گوتی: "ئەنجامی هەڵبژاردنەکان و سکاڵا و تانەکان لە تایبەتمەندیی حکوومەت نییە، ئەرکی ئێمە بریتی بوو لە دابینکردنی بوودجە و پاراستنی ئاسایشی هەڵبژاردنەکان".
گوتیشی: "نەمانهێشت عێراق بخلیسکێتە ناو شەڕی هەرێمییەوە و توانیمان وڵات بگەیەنینە کەناری ئارام".
سەرۆکوەزیرانی عێراق هۆشداریشی دا لەوە هەندێک هەن هەوڵ دەدەن یاری بە ئاسایشی عێراق بکەن و دەوڵەتی چەتەییان دەوێت، و گوتی: "بەڵام ئێمە بنیاتنانی دەوڵەتمان دەوێت".
مستەفا کازمی باسی لە هەنگاوەکانی حکوومەتەکەی لە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی کرد و گوتی: "لەدژی گەندەڵی جەنگاین و ناوەستین لە راوەدوونانی گەندەڵکاران و رێگە بەهیچ نێوەندگیرییەک لەگەڵ ئەواندا نادەین و لە دادگادا رزگاریان نابێت".
سەرۆکوەزیرانی عێراق باسی لە رووداوەکەی رۆژی هەینی ناوچەی سەوز کە پێکهەڵبرژان لەنێوان هێزە ئەمنییەکان و لایەنگری ئەو هێزانەی کە ئەنجامی هەڵبژاردن رەتدەکەنەوە، روویدا، گوتی: "فەرمانمان داوا بە لێکۆڵینەوەی دەستبەجێ لە رووداوی خۆپیشاندانەکانی هەینی بەردەم ناوچەی سەوز، هەموو دەستدرێژکارێک دەخەینە زیندانەوە و رادەستی دادگای دەکەین، چونکە ئێمە جیاوازیی ناکەین لە نێوان عێراقییەکاندا".
کازمی راشیگەیاند کە کەسانێک هەن هەوڵی بچووکردنەوەی عێراق دەدەن و گوتی: "ئێمە بۆ خزمەتی گەلەکەمان هاتووین، کەسانێک هەن کە دەیاناوێت عێراق بڕفێنن، بەڵام رێگە بەمە نادەین، عێراق لە هەموو هەوڵێک بۆ بچوککردنەوەی گەورەترە، عێراق نابێتە گۆڕەپانی سەرکێشیی چونکە خاوەنی گەلێکی هۆشیار و پاشخانێکی شارستانیی قوڵە".
سەرۆکوەزیرانی عێراق لەبارەی ئەنجامدەرانی هێرشەکەی سەر ماڵەکەی و هەوڵی تیرۆرکردنی، گوتی: "بەدوای ئەوانەدا دەچین کە تاوانەکەی دوێنێیان کرد، باش دەیانناسین و ئاشکرایان دەکەین، دەستی دادوەریی دەگاتە بکوژانی شەهید عەقید نبراس فەرمان ئەفسەری دەزگای هەواڵگری نیشتمانیی".
بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە لە رێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە ھێرش کرایە سەر ماڵی سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی لە ناوچەی سەوز ناوەڕاستی بەغدا و ناوبراو بێ ئەوەی بریندار بێت لە ھێرشەکە رزگاری بوو.
لە میانی خۆپیشاندانەکانی رۆژی ٥ی تشرینی دووەمی گرووپەکانی نزیک لە ئێران کە ناڕەزایەتی لە ئەنجامی ھەڵبژاردنەکان نیشان دەدەن، پشێویی کەوتەوە و لە ئەنجامی تەقەی ھێزە ئەمنییەکان خۆپیشاندەرێک کوژرا.
لەدوای ئەوە، گرووپەکانی نزیک لە ئێران و میلیشیا شیعەکان بە زمانێکی توند رەخنەیان لە کازمی گرت، ھەڕەشەیان لێ کرد و ئاماژەیان بەوە کرد کە کوشتنی خۆپیشاندەرەکە بە بێ سزا تێپەڕ نابێت.