Zana Natık Kerem
24 شوبات 2025•نوێکردنەوە: 25 شوبات 2025
ھەولێر ــ AA
وەزارەتی پلاندانانی عێراق ڕایگەیاند کە ژمارەی دانیشتووانی عێراق، گەیشتووەتە ٤٦ ملیۆن و ١١٨ ھەزار و ٧٩٣ کەس.
گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق، عەبد زەھرە ھینداوی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا بە ئامادەبوونی بەرپرسانی عێراق و ژمارەیەک باڵیۆز و نێردەی تایبەتی نەتەوەیەکگرتووەکان، ئەنجامی کۆتایی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان ڕاگەیاند کە لە ٢٠ و ٢١ی مانگی تشرینی دووەمی ساڵی ڕابردوو، بەڕێوەچوو.
عەبد زەھرە ھینداوی ئاماژەی بەوەداوە کە بەپێی ئەنجامی کۆتایی سەرژمێریی، ژمارەی دانیشتووانی عێراق، گەیشتووەتە ٤٦ ملیۆن و ١١٨ ھەزار و ٧٩٣ کەس.
ڕاشیگەیاند ھەر بەپێی ئەنجامی کۆتایی سەرژمێریی، ژمارەی ڕەگەزی (نێر) لە عێراق، گەیشتووەتە ٢٢ ملیۆن و ١٦١ ھەزار و ٦٠٤ کەس کە دەکاتە لە سەدا ٥٠،٢٢ی دانیشتووان، ھەروەھا ژمارەی ڕەگەزی (مێ)ش، گەیشتووەتە ٢٢ ملیۆن و ٩٥١ ھەزار و ١٨٩ کەس کە دەکاتە لە سەدا ٤٩،٧٧ی دانیشتووان.
باسی لەوەش کرد کە ڕێژەی دانیشتووان لە شارەکانی عێراقدا، گەیشتووەتە لە سەدا ٧٠،١٧ و لە گوندەکاندا، گەیشتووەتە لە سەدا ٢٩،٨٣.
باسی لەوەش کرد ھەر بەپێی ئەنجامی کۆتایی سەرژمێریی، ژمارەی دانیشتووان لە شارەکانی ھەرێمی کوردستان، گەیشتووەتە لە سەدا ٨٤،٥٧ و لە گوندەکاندا، گەیشتووەتە لە سەدا ١٥،٤٣.
ئەوەشی خستەڕوو بەپێی ئەنجامی کۆتایی سەرژمێریی، تەمەنی خوار پێنج ساڵ لە عێراق، گەیشتووەتە لە سەدا ١١،١٦ و خوار تەمەنی کارکردن لە پێنج ساڵ بۆ ١٤ ساڵ، گەیشتووەتە لە سەدا ٢٤،٧٤ و ھاوکات تەمەنی کارکردن لە ١٥ ساڵ بۆ ٦٤ ساڵ، گەیشتووەتە لە سەدا ٦٠،٤٤، ھەروەھا تەمەنی سەروو ٦٥ ساڵ، گەیشتووەتە لە سەدا ٣،٦٦.
ئاماژەی بەوەشدا کە بەپێی ئەنجامی کۆتایی سەرژمێریی، تەمەنی خوار پێنج ساڵ لە ھەرێمی کوردستان، گەیشتووەتە لە سەدا ٩،٩٢ ، خوار تەمەنی کارکردن لە پێنج ساڵ بۆ ١٤ ساڵ، گەیشتووەتە لە سەدا ٢١،٧٦ و ھاوکات تەمەنی کارکردن لە ١٥ ساڵ بۆ ٦٤ ساڵ، گەیشتووەتە لە سەدا ٦٣،٩٢، ھەروەھا تەمەنی سەروو ٦٥ ساڵ، گەیشتووەتە لە سەدا ٤،٤.
ڕاشیگەیاند کە ڕێژەی دانیشتووان لە عێراق کە بەپێی باری خێزانی دابەشبوون لە سەدا ٤٦،٦ سەڵتن و لە سەدا ٥٤،٠١ خێزاندارن و لە سەدا ١،٢٨ی ئەوانەی ھاوسەرگیریان کردووە لە یەکتر جیابوونەتەوە، ھەروەھا لەسەدا ٢،٨ بێوەژن و بێوەپاو، تۆمارکراوە.
باسی لەوەش کرد ڕێژەی دانیشتووان لە ھەرێمی کوردستان کە بەپێی باری خێزانی دابەشبوون لە سەدا ٤١ سەڵتن و لە سەدا ٥٥،٨٣ خێزاندارن و لە سەدا ٠،٦٦ی ئەوانەی ھاوسەرگیریان کردووە لە یەکتر جیابوونەتەوە، ھەروەھا لەسەدا ٢،١٨ بێوەژن و بێوەپاو، تۆمارکراوە.
ئاماژەی بەوەشدا کە بەپێی ئەنجامی کۆتایی سەرژمێریی رێژەی نەخوێندەوار لە عێراق، گەیشتووەتە لە سەدا ١٥،٣١، بەڵام ێژەی نەخوێندەوار لە ھەرێمی کوردستان زیاترە و گەیشتووەتە لە سەدا ١٦،٢٣.
ڕاشیگەیاند کە ئەنجامی کۆتایی سەرژمێرییەکە ئەوەی دەرخستووە کە رێژەی مردنی دایکان لە ھەر ١٠٠ ھەزار لەدایکبوونێکدا لە عێراق لە سەدا ٢٦،٧ە و لە ھەرێمی کوردستان لە سەدا ٣،٥ە.
گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق، عەبد زەھرە ھینداوی گوتی: "ڕیژەی دانشتووان کە لە سەرووی ١٥ ساڵەوە لە ڕووی ئابوورییەوە چالاکن لە عێراق، گەیشتووەتە لە سەدا ٤١،٦١ و لە ھەرێمی کوردستانیش، گەیشتووەتە ٤٦،٠٦ لە سەدا".
ھەروەھا عەبد زەھرە ھینداوی ئاماژەی بەوەشدا کە بەپێی ئەنجامی کۆتایی سەرژمێریی، ڕێژەی فەرمانبەران لە کەرتی گشتییدا لە عێراق، گەیشتووەتە لە سەدا ٣٨،٢٥ و لە ھەرێمی کوردستان، گەیشتووەتە لە سەدا ٣٧،١٨.
باسی لەوەش کرد کە لە کۆی گشتیی ژمارەی دانیشتووانی عێراق لە سەدا ٧٧یان لە یەکەکانی نیشتەجێبوون ئاوی خواردنەوەیان بۆ دەستبەرکراوە و ھاوکات لە کۆی گشتیی ژمارەی دانیشتووانی ھەرێمی کوردستان لە سەدا ٨٢یان لە یەکەکانی نیشتەجێبوون ئاوی خواردنەوەیان بۆ دەستبەرکراوە.
ئاماژەی بەوەشدا کە کە بەپێی ئەنجامی کۆتایی سەرژمێریی، ڕێژەی بەکارھێنەرانی گشتیی کارەبا لە عێراق، گەیشتووەتە لە سەدا ٩٨ و لە ھەرێمی کوردستان، گەیشتووەتە لە سەدا ٩٣، ھاوکات بەڕێژەی لە سەدا ٩٣ سەرچاوەکانی دیکەی کارەبا لە عێراق و ھەرێمی کوردستان بەکاردەھێندرێن.
ئەوەشی خستەڕوو کە بەپێی ئەنجامی کۆتایی سەرژمێریی لە سەدا ٥٨ی خێزانەکان لە عێراق و لە سەدا ٨٣ی خێزانەکان لە ھەرێمی کوردستان، زبڵ و خاشاکەکانیان لە ڕێگای کۆمپانیاکانی کۆکردنەوەی زبڵ فرێدەدەن.
ھەروەھا ڕاشیگەیاند کە ھەر بەپێی ئەنجامی کۆتایی سەرژمێریی لە سەدا ٤٩ی خێزانەکان لە عێراق و لە سەدا ٤٤ی خێزانەکان لە ھەرێمی کوردستان، پشت بە تۆڕی گشتیی (ئاوەڕۆ) دەبەستن.
ئەوەشی خستەڕوو، ئەنجامی کۆتایی سەرژمێریی ئەوەی دەرخستووە کە لە سەدا ٧٢،١٤ی دانیشتووانی عێراق و ھەرێمی کوردستان لە خانووی خۆیاندا نیشتەجێن و لە سەدا ١٩،٤١ یش لە خانووی کرێدا نیشتەجێن و لە سەدا ٢،١٢ لە خانووی حکوومەتدا بە کرێ نیشتەجێن.
ڕاشیگەیاند کە ھەر بەپێی ئەنجامی کۆتایی سەرژمێریی لە سەدا ٩١،٥٧ ئەو موڵکانەی کە ھاووڵاتییان تیایدا نیشتەجێن خانوون و لە سەدا ٧،٠٨ شوقەن و لە سەدا ٠،٧٠یش خانووی قوڕن.
ئەوەش لە کاتێکدا لە ٢٥ی تشرینی دووەمی ساڵی ڕابردوودا سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییدا، ئەنجامی بەرایی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووانی ڕاگەیاندبوو و ئاماژەی بەوەدابوو کە ژمارەی دانیشتووانی عێراق، گەیشتووەتە ٤٥ ملیۆن و ٤٠٧ ھەزار و ٤٩٥ کەس.
ھاوکات ھەر لە ٢٥ی تشرینی دووەمی ساڵی ڕابردوودا وەزیری پلاندانانی ھەرێمی کوردستان-عێراق، دارا ڕەشید مەحمود لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییدا، ئەنجامی بەرایی سەدا ٩٦ی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووانی لە ھەرێم ڕاگەیاندبوو و ئاماژەی بەوەدابوو کە ژمارەی دانیشتووانی ھەرێم، گەیشتووەتە شەش ملیۆن و ٣٧٠ ھەزار و ٦٦٨ کەس.