Zana Natık Kerem
16 ئادار 2021•نوێکردنەوە: 16 ئادار 2021
ھەولێر ــ AA
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤانی بارزانی لە ٣٣یەمین ساڵیادی کیمیابارانکردنی شاری ھەڵەبجە، پەیامێکی بڵاوکردەوە.
لە پەیامەکەی نێچیرڤانی بارزانی-دا ھاتووە "ئەمڕۆ سی و سێ ساڵ بەسەر کیمیابارانکردنی ھەڵەبجە بە دەستی رژێمی بەعس و شەھیدبوونی زیاتر لە پێنج ھەزار ھاووڵاتیی بێتاوان و برینداربوونی ھەزارانی دیکە و وێرانبوونی شارەکە و دەربەدەربوونی خەڵکەکەیدا، تێدەپەڕێت".
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان راشیگەیاندووە "لە یادی ھەرگیز لەیادنەچووی ئەو مەرگەساتە گەورەیەی بەسەر گەلەکەماندا ھات، وێڕای دروود و سڵاو و سەردانەواندن لە ئاست شەھیدان و قوربانییەکاندا، وەک ھەمیشە جەخت لە یەکڕیزی و تەبایی و پێکەوەییی ھەموو لایەن و پێکھاتەکانی کوردستان دەکەینەوە. وەفاداریمان بۆ خوێنی شەھیدان و بەفیڕۆنەچوونی رەنج و خەباتی گەلەکەمان، ھەر ئەوەمان لێ دەخوازێت".
نێچیرڤان بارزانی لە پەیامەکەیدا نووسیوتەتی "لەم یادەدا دووبارە جەخت لە بایەخدانی زیاتر بە ھەڵەبجە و خەڵکەکەی دەکەینەوە. خزمەتی برینداران و کەسوکاری قوربانییان، کار و ھەنگاوی زیاترمان لێ دەخوازێت کە شایستەی پارێزگای ھەڵەبجە و دانیشتووانە سەربەرز و ستەمدیدەکەی بێت".
هەروەها ھاتووە "داواکارین حکوومەتی عێراقی فیدراڵ، وەک بەرپرسیاریەتیی یاسایی و ئەخلاقی، لەمبارەیەوە ئەرکی خۆی جێبەجێ بکات و بۆ قەرەبووکردنەوەی دانیشتووان و ژینگەی وێرانکراو و ژاراویکراوی پارێزگای ھەڵەبجە، ھەنگاوی کردەیی بنێت".
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤانی بارزانی ئاماژەی بەوەیشداوە کە لە یادی مەرگەساتی ھەڵەبجەدا داوا لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەکەن کاری جددی بکەن بۆ قەدەغەکردنی بەرھەمھێنان و بەکارھێنانی ھەموو جۆرە چەکێکی کۆمەڵکوژ و بنەبڕکردنی چەک و تەکنۆلۆجیای مردن و رایگەیاندووە "دەبێ ئەمە خەمی ھەموو جیھان بێت لە پێناو پاراستنی ژیان و ژینگە و شارستانییەتدا".
لە کۆتایی پەیامەکەی سەرۆکی ھەرێمی کوردستاندا ھاتووە "شەھیدانی ھەڵەبجە و ھەموو شەھیدانی گەلەکەمان ھەمیشە لە یادمانن و لە ویژدانی کوردستانییاندا زیندوون. سڵاو و دروود بۆ گیانی پاکیان".