Heman Hussein Yaseen
03 تشرینی یەکەم 2019•نوێکردنەوە: 05 تشرینی یەکەم 2019
هەولێر - AA
ئەمڕۆ پێنجشەممە، ژمارەیەک لە نوێنەری پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ دەستەی مافی مرۆڤ کۆبوونەوە و دواتر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا، سەرۆکی دەستەی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان، زیا پەترۆس گوتی: "تۆڕی پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان سەردانی ئێمەیان کرد و دیارە داواکارییەکیان هەیە سەبارەت بەوەی کە هەرێمی کوردستان و پەرلەمانی کوردستان بە نیازن پڕۆژەی دەستووری هەرێمی کوردستان ئامادە بکەن، ئێمە لە دەستەی مافی مرۆڤ کۆبوونەوەیەکمان کرد و داواکارییەکەیان بەدەستمان گەیشت و بە دڵنیایییەوە کاری لەسەر دەکەین".
نوێنەری پێکهاتەی زەردەشتییەکان، ئارسەوان قادرۆک گوتی: "ئێمە وەکو تۆری پێکھاتەکانی کوردستان کە پێکھاتووین لە نوێنەرانی پێکهاتە ئایینییەکانی ھەرێمی کوردستان، بەپێی یاسای ژمارە ٥-ی ساڵی ٢٠١٥-ی تایبەت بە پاراستنی مافی پێکھاتەکان لە ھەرێمی کوردستان وەک ئەوەی لە ماددەی ٢دا ئاماژەی پێکراوە، پشتبەستن بە یاسا نێودەوڵەتییەکان جەخت لەسەر پاراستن و بەدیھێنانی مافە سیاسی، مەدەنی، کۆمەڵایەتیی، رۆشنبیری و ئابوورییەکانی پێکھاتەکان بۆ پەرەپێدانی گیانی لێبوردەی دەکەینەوە".
ئارسەوان قادرۆک لەبارەی ناوەڕۆکی داواکارییەکەیان گوتی: "داوا دەکەین مافی کۆتا لە ھەڵبژاردنەکانی داھاتووی پەرلەمانی کوردستان بدرێت بە ئێزدی، کاکەیی یارسانی، زەردەشتیەکان، بەھائی و سابئەی مەندائی و ھەموارکردنەوەی یاسای ھەڵبژاردنەکان بۆ دەستبەرکردنی مافی پێکھاتەکان، هەروەها داوا دەکەین لە رەشنووسی دەستووری ھەرێمی کوردستان مافی سەرجەم پێکھاتەکان زامن بکرێت و بەڕوونی لەناو دەستوور ناویان بھێندرێت".
لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا، نوێنەری مەسیحییەکان نەوزاد پۆڵس گوتی: "هەشت ئایین هەیە لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی، داواکارین لە سەرکردایەتی سیاسیی، پەرلەمانی کوردستان کاتێک دەستوور ئامادە دەکرێت، رەچاوی پێکهاتەکان بکەن و ئەم داواکاریەی ئێمە بە هەندە وەربگرن کە پێشکەش بە دەستەی مافی مرۆڤمان کردووە و هیوادارین جێبەجێ بکەین بۆ ئەوەی ئەزموونی پێکەوەژیان بوونی هەبێت".