Heman Hussein Yaseen
11 تەمووز 2024•نوێکردنەوە: 13 تەمووز 2024
هەولێر - AA
وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان ئایدن مەعروف ڕایگەیاند: "دابەشکردنی ئەو پێنج کورسی کۆتایە لەسەر بنەمای جوگرافی هەڵەیە و لە بەرژەوەندی پێکهاتەکان نەبووە".
بەشێک لە لایەنە سیاسییەکانی پێکهاتەکان لەبارەی بەڕێوەچوونی پڕۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان – عێراق کۆبوونەوەیەکی ڕاوێژکارییان لە نووسینگەی هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان ئەنجامدا.
دوای کۆبوونەوەکەش، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان ئایدن مەعروف لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییدا ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی خستەڕوو و تیاییدا ڕایگەیاند کە یاداشتنامەیەکیان نوسیووەتەوە و ئاراستەی لایەنی پەیوەنداری دەکەن لە عێراق و هەرێم.
لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان ئایدن مەعروف گوتی: "ئەمڕۆ کۆبوونەوەیەکی ڕاوێژکاریمان ئەنجامدا تایبەت بە پرسی سیستەمی کۆتا و پڕۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کە تیاییدا ژمارەیەک لە نوێنەرانی پێکهاتەکان بەشداربوون، لەو کۆبوونەوەیە دووپاتمان کردەوە کە دابەشکردنی ئەو پێنج کورسی کۆتایە لەسەر بنەمای جوگرافی هەڵەیە و لە بەرژەوەندی پێکهاتەکان نەبووە".
ئایدن مەعروف گوتیشی: "بەداخەوە لە ڕابردوودا دەست لە کاروباری کۆتا وەردرا، هەوڵەکانی ئێمە گەڕاندنەوەی هەر ١١ کورسی کۆتایە، هەروەها گەڕاندنەوەی سیستەمی یەک بازنەییە، چونکە ئەمە مافێکی ئاسایی و یاسایی پێکهاتەکانە. لەم چوارچێوەیەشدا یاداشتێکمان ئامادەکردووە کە بۆلایەنی پەیوەنداری دەنێرین لە عێراق وەک سەرۆکایەتی کۆمار، سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران، کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق و یۆنامی کە تیاییدا داوامانکردووە ١١ کورسییەکە بگەڕێتەوە".
وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان بە پێویستی زانی نەتەوەیەکگرتووەکان ڕۆڵێکی ئەرێنیی لەمبارەیەوە ببینن و گوتی: "دەبێت نەتەوەیەکگرتووەکان ڕۆڵێکی باشی هەبێت بۆ پشتگیرییکردن لە پێکهاتەکان و ئێمە باش دەزانین لە هەرێم پێکەوەژیانێکی باش هەیە، حکوومەتی هەرێم پاڵپشتی پڕۆسەکەیە و پێویستە بەهەمانشێوە لایەنە سیاسییەکانی دیکەش هەمان پاڵپشتییان هەبێت بۆ ئەوەی پێکهاتەکان بەشداری هەڵبژاردن بکەن و مافیان پارێزراو بێت".
ئەمە لە کاتێکدایە کە دەستەی دادوەریی ھەڵبژاردنەکان سەربە ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق، لە چوارچێوەی ١٠٠ کورسییەکەی پەرلەماندا، بڕیاری دا پێنج کورسیی بۆ کۆتاکان تەرخان بکرێت کە پێشتر ١١ کورسی بوو و داواشی کردووە کە پێنج کورسییەکان بەسەر بازنەکانی ھەولێر، سلێمانی و دھۆک دابەش بکرێن.