Heman Hussein Yaseen
22 شوبات 2024•نوێکردنەوە: 23 شوبات 2024
هەولێر - AA
وەک کاردانەوە دژی بڕیارەکەی دادگای باڵای فێدراڵیی عێراق سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی کورسی کۆتاکان لە پەرلەمانی کوردستان-عێراق، پێکهاتەکانی هەرێم کۆبوونەوەیەکیان ئەنجامدا و دواتر لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییدا، بڕیارەکەیان بە نادادپەروەری و فشاری سیاسیی ناوبرد.
لایەنەکانی تورکمان، مەسیحی و کلدان و ئاشووری لە نووسینگەی وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان کۆبوونەوەیەکیان ئەنجامدا و تیاییدا ناڕەزایەتیان دژی بڕیارەکەی دادگای باڵای فێدراڵیی عێراق دەربڕی.
وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان، ئایدن مەعروف دوای کۆبوونەوەکەش لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییدا، ئامانج و ناوەرۆکی کۆبوونەوەکەی خستەڕوو، تیاییدا جەختی لەوەکردەوە کە بڕیارەکەی دادگای باڵای فێدڕالیی، بڕیارێکی سیاسیی بووە تا یاسایی.
وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان، ئایدن مەعروف لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا گوتی: "ئەمڕۆ لەگەڵ لایەنە تورکمانەکان و کلد و ئاشووری و مەسیحییەکان کۆبوونەوەیەکمان ئەنجامدا و تیاییدا پێمان وابوو کە ئەو بڕیارەی دادگای باڵای فێدڕالیی عێراق نادادپەروەریی تیادابوو، بەهۆی بڕیارەکەوە کاریگەری لەسەر ڕەوشی پێکھاتەکان دروست بووە، چونکە کورسی کۆتا لە پەرلەمانی کوردستان، بە یاسا ڕێکخراوە و ئێمە دەزانین بوونی پێکھاتەکان لە ھەرێم لە ئاستێکی باشدایە، بۆ دەرچوونی بڕیارەکەش ھیچ ڕاوێژ بە نوێنەرانی پێکھاتەکان نەکراوە و لە دەرەوەی ئیرادەی پێکھاتەکان بووە".
بڕیارەکە دوێنێ ٢١ی شوبات دەرچوو کە هاوکات بوو لەگەڵ ڕۆژی جیهانی زمانی دایک و وڵاتان سەرقاڵی ئەم یادکردنەوە بوون بۆ زیاتر پەرەپێدانی مافی پێکهاتەکان لە وڵاتەکانییان و وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان ئایدن مەعروف تیشکی خستەسەر بۆنەکە و گوتی: "بڕیارەکە لە کاتێکدا بوو کە ڕۆژی جیھانی زمانی دایک بوو، وڵاتان سەرقاڵی یادکردنەوەی ئەم ڕۆژە بوون بۆ ئەوەی ڕێز لە پێکھاتەکان بگیرێت بەڵام دادگای باڵای فێدڕالیی بڕیارێکی نا دادپەروەری دەکرد، بێگومان ئەم بڕیارەش زیاتر بۆ فشار دروستکردنە لەسەر پێکھاتەکان".
هەر لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان گوتیشی: "ئەم بڕیارە بە نایاسایی و نا دادپەروەرانەی دەزانین و ئەمە دەستوەردانی ڕاستەوخۆیە چونکە کۆتا بە یاسا ڕێکخراوە و مافێکی سەرەتاییە بۆ پێکهاتەکان، بۆیە ھەنگاوەکە ناڕەوایە و مەبەست لێی سزادانی سیاسییە و داوا دەکەین لایەنەکان ھەڵوێستی جدییان ھەبێت بۆ چارەسەرکردنی بابەتەکە و گەڕانەوەی مافەکانییان".
لەبارەی بەشداریکردنییان وەک بەرەی تورکمانی عێراقی لە هەڵبژاردنی خوولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، ئایدن مەعروف گوتی: "ئێمە بەشداری لە ھەڵبژاردنی داھاتووی پەرلەمانی کوردستان دەکەین".
دوێنێ چوارشەممە، دانیشتنی دادگای باڵای فێدڕالیی عێراق لەبارەی پرسی مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێم و یاسای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان-عێراق ئەنجامدرا و لەمیانییدا دادگاکە ١١ کورسی کۆتاکانی لە پەرلەمانی کوردستان - عێراق بە نادەستووریی لەقەڵەمدا و ڕایگەیاند کە پەرلەمانی کوردستان-عێراق لە ١٠٠ ئەندام پێکدێت.
بەپێی بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدڕالی عێراق، ژمارەی ئەندامانی پەرلەمانی کوردستان لە ١١١ ئەندامەوە بۆ ١٠٠ ئەندام کەم دەکرێنەوە و پڕۆسەی هەڵبژاردنیش بەشێوەی فرەبازنەیی ئەنجام دەدرێت.