هەولێر - AA هێمن حوسێن
لە کۆی ١١١ کورسیی پەرلەمانیی، پێکهاتەکان خاوەنی ١١ کورسیین لە پەرلەمانی کوردستان-عێراق، بەشێک لە پارتە سیاسییەکان پێیانوایە کە دەبێت ژمارەی کورسی کۆتاکان کەم بکرێتەوە، لەبەرامبەردا پارتی دیموکراتی کوردستان و پێکهاتەکان سوورن لەسەر ئەوەی پشکی پێکهاتەکان وەک خۆی بە جێگیریی بمێنێتەوە و تا ئێستا چەندجارێک دادگای باڵای فیدڕالی لەمبارەیەوە کۆبووەتەوە و دانیشتنەکانی دواخستووە.
ئەگەرچی تا ئێستا دووجار وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان-عێراق دیاریکراوە بەڵام نەتوانراوە پڕۆسەکە لە وادەی دیاریکراودا ئەنجام بدرێت و ناکۆکی لایەنە سیاسییەکان گرفتێکی گەورەی بەردەم ئەنجامدانی پڕۆسەکەیە و، چاودێرانی سیاسییش پێیانوایە دەبوو لایەنەکان لە نێوخۆدا ڕێککەوتنیان هەبووایە لەسەر ئەنجامدانی پڕۆسەکە نەک گواستنەوەی دۆسیەکە بۆ دادگای فیدڕالی و جەخت لەوە دەکەنەوە کە دەستکاریکردنی کورسی پێکهاتەکان، زوڵمێکی گەورەیە.
مامۆستا لە کۆلێژی زانستە سیاسییەکانی زانکۆی سەڵاحەددین، دکتۆر شاڵاو عەبدولخالق محەمەد لەمبارەیەوە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "پڕۆسەی هەڵبژاردن گرنگترین پڕۆسەیە کە هەرێمەکان و وڵاتەکان پێویستە ئەنجامی بدەن بۆ ئەوەی دەستاودەستکردنی دەسەڵات بەشێوەیەکی ئاشتیانە لە پارتێک یان حزبێک بگوازرێتەوە بۆ حزبێکی دیکە، بەڵام بەداخەوە گرفتی ئەنجامدانی هەڵبژاردن و دواخستنی لە هەرێم پارتە سیاسییەکان بۆخۆیان بوونە، لە هەرێم پارتێک یان دوو پارتی سیاسیی ڕازی نەبووە بە دابەشکردنی کورسییەکان لەسەر ئاستی هەرێم و کۆمەڵیک بیانووی هێناوەتەوە و بەبۆچوونی من ئەو بیانوو و ململانێیانە لە ناو هەرێم چارەسەر بکرابووایە نەک بخرابووایە سەر مێزی دادگای فیدڕالی کە ئەمە دووجار کێشەکەی قووڵتر کردووەتەوە کەواتا لە گرفتی ناوخۆی سیاسیی بووەتە گرفتێکی یاسایی و ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی کە دەست لە کاروبارەکان وەربدرێت و ڕۆژ بە ڕۆژ پرسی هەڵبژاردن لە هەرێم دوابخرێت بۆ ئەوەی هیچ نەبێت ئەجێندا هەرێمییەکان و حزبە شیعییەکان بەسەر حکوومەتی هەرێم زیاتر زاڵ بن".
ئەو پسپۆڕەی زانستە سیاسییەکان پێیوایە خاڵە لاوازەکەی هەرێم دراوەتە دادگای فیدڕالی و بەمهۆیەوە بەشێوەیەکی نادەستووریی مامەڵە لەگەڵ هەرێم دەکرێت و لەمبارەیەوە گوتی: "بەداخەوە ئەو خاڵە لاوازەمان داوەتە دادگای فیدڕالی و دادگاکەش بە شێوەیەکی زۆر نادەستووری و سیاسییانە مامەڵە دەکات لەگەڵ پرسەکانی ھەرێمی کوردستان دەکات، لە نێویاندا پرسی هەڵبژاردن، پرسی وزە و یەکلاییکردنەوەی بوودجە".
دکتۆر شاڵاو عەبدولخالق محەمەد پێیوایە ئەگەر پڕۆسەی هەڵبژاردن ئەنجام نەدرێت ئەوا لێکەوتەی زۆر خراپی لێدەکەوێتە و بەدووریشی نازانێت کە دوو ئیدارەیی لە هەرێم ببێتە بابەتێکی دیفاکتۆ و لەمبارەیەوە گوتی: "چاوەڕێی ئەوە دەکەین کە ڕۆژی ئەم یەکشەممە، ١٨ی شوبات چی ڕوو دەدات و دوا بڕیاری دادگای فیدڕالی چییە، دەبێت بزانین دادگا چۆن دەتوانێت بە حەکیمانە ئەم بابەتە دوور لە پرسێکی سیاسی چارەسەر بکات، ئەگەر ئەوەی نەکرد کەواتا لێکەوتەی زۆر خراپی ھەیە، یەکەمیان بریتییە لە لێکەوتەی مەشرووعیەت و شەرعیەت واتا چەندێک ھەرێمی کوردستان دەکەوێتە قەیرانی نەبوونی متمانەی ھاوڵاتییانەوە، کە ئەمە یەکێکە لە لێکەوتە گەورەکان و زۆر زۆر مەترسیدارە، هەروەها لێکەوتەی دووەم بریتییە لە لێکترازانی ئیداری لەناو ھەرێمی کوردستاندا ئەو کاتە ھەرێمی کوردستان لە ڕووی دامەزراوەکانی بەڕێوەبردنی حوکمڕانییەوە، دەتوانین بڵێین ئیدارەی سلێمانی و ئیدارەی هەولێر دەبێتە دوو شێوازی جیای حوکمڕانی و بابەتی دوو ئیدارەیی زەق دەبێتەوە، هەروەها یەکگرتوویی خیتابی سیاسیی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی وهەرێمایەتی وردە وردە بەرەو لێکترازان دەچێت".
دوای چەندین دانیشتن و دواخستنی بڕیاردان، بڕیارە ڕۆژی ١٨ی شوبات دادگای باڵای فیدڕالی لەبارەی سکاڵایەکی سەرۆکی فڕاکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان-عێراق، زیاد جەبار و، سکاڵایەکی سەرۆکی فڕاکسیۆنی ڕافدەین لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی، ئامانج نەجیب شەمعوون کۆبێتەوە.
سکاڵاکارەکان تانەیان لە پێنج ماددەی یاسای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان-عێراق داوە کە بریتیین لە ماددەکانی (١،٩،١٥،٢٢،٣٦) لە یاسای ژمارە یەکی ساڵی ١٩٩٢ی ھەموارکراو، کە تایبەتن بە شێوازی بازنەی ھەڵبژاردن و کورسی کۆتاکان لە پەرلەمانی کوردستان.
دکتۆر شاڵاو عەبدولخالق محەمەد لەبارەی ئەگەری بڕیاری دادگای فیدڕالی سەبارەت بە پرسی پێکهاتەکان و کاردانەوە نێوخۆییەکان، گوتی: "کاردانەوە نێوخۆیەکان زیاتر پەیوەندیدار دەبێت بە پێکهاتەی تورکمان، دەتوانم بڵێم ئەوانە زوڵمیان لێ دەکرێت بەوەی کورسییەکانییان کەم بکرێتەوە یان دابەش بکرێت، ئەم لێکەوتانە دەبێتە هۆی ئەوەی بابەتی پێکەوەژیان و یەکتر قبوڵکردن بەرەو چ ئاراستەیەک دەڕوات، ھیوادارم سەرکردایەتی سیاسی بە تایبەتی لە ھەولێر و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بتوانن لە شوێنی دیکەدا قەرەبووی ئەو پێکهاتەیە بکاتەوە".
هاوکات پسپۆڕێکی دیکەی زانستە سیاسییەکان پێیوایە ئاستەنگەکانی بەردەم بەڕێوەچوونی پڕۆسەی هەڵبژاردن بریتییە لە ناکۆکییە ناوخۆییەکان و مەرجدارکردنی هەمواری یاسای هەڵبژاردن و کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن.
مامۆستا لە کۆلێژی زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی سەڵاحەددین، دکتۆر یاسین مەحموود چۆمانی لەبارەی گرفت و کۆسپەکانی بەردەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان-عێراق، بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئاستەنگەکانی بەردەم هەڵبژاردنی خوولی شەشەمی پەرلەمان لەسەرەتادا ئاستەنگی ناوخۆیی بوون لەنێوان هێزە سیاسییەکانی هەرێم، بەشێک لە هێزە سیاسییەکان هەندێک ئاستەنگیان بۆ هەڵبژاردن دروست کرد و هەندێکیان مەرجیان دیاریکرد کە بەڕاستی نەدەبوو هەڵبژاردن مەرجی هەبێت، یان هەمواری یاسای هەڵبژاردن و کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانییان کردە مەرجی ئەنجامدانی پڕۆسەی هەڵبژاردن، هەروەها هەموارەکەیان بەو شێوەیە ویست کە خۆیان دەیانەوێت، گفتوگۆی زۆریش لەبارەیەوە کرا بەڵام نەگەیشتنە ئەو ڕێککەوتنەی کە چۆن یاسای هەڵبژاردن هەموار بکرێتەوە، هەروەها هەندێک مەرجیش زیاد کران بۆ نموونە یەکەمجار پڕۆسەی هەڵبژاردن بە یەک بازنە بوو دوایی کرا بە چوار بازنە، دواتر مەرجی دیکە زیادکرا بەوەی دەبێت تۆماری دەنگدەرانی بەغدا بێت و دواتر بابەتی کۆتاکان وروژێندرا، ئەگەر هەموو ئەوانەش چارەسەر بکرابوونایە بە بۆچوونی من مەرجی دیکە دروست دەبوو، چونکە ئیرادەیەک نەبوو بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا، هەر بۆیە ئەمە وایکرد کە تەمەنی پەرلەمان درێژ بکرێتەوە و هەڵبژاردن دوابخرێت".
دکتۆر یاسین مەحموود چۆمانی گوتیشی: "لە مانگی ئایار کاتێک دادگای فیدڕالی پەرلەمانی کوردستانی هەڵوەشاندنەوە، هەندێک لە هێزە سیاسییەکان تانەیان لە بڕیارەکەدا، تا ئێستاش دادگای فیدڕالی لە قۆناغی لێکۆڵینەوە و دادبینییە لەو تانەیە و هێشتا بڕیاری کۆتایی نەدراوە کە نزیکەی دە مانگه، بابەتەکەش هەستیارە، لە ئێستاشدا ئاستەنگی گەورە بریتییە لە دادگای فیدڕالیی، چونکە دادگای فیدڕالی وەک لە یاسادا باس کراوە، پسپۆڕییەکەی ئەوەیە کە شتێک پێچەوانەی دەستوور بێت چارەسەری بکات، بەڵام ئەوەی ئێستا هەیە بەڕاستی ئەو درەنگ کەوتن و دادبینیی و بڕیاردانە لەسەر دۆسیەکە دەچێتە چوارچێوەی موماتەڵەکردن".
لەبارەی پرسی کۆتاکان لە ئەگەری بڕیاری دادگای فیدڕالی لە بەرژەوەندی سکاڵاکارەکان، دکتۆر یاسین مەحموود چۆمانی گوتی: "کۆتاکان کاریگەری زۆری هەیە، چونکە ئەو پێشنیازەی کۆمیسیۆن داویەتییە دادگای فیدڕالی، زۆر عادیل و ڕاست نیە، لەسەر بنەمای ژمارەی دانیشتووان کۆتاکانی دابەشکردووە لە کاتێکدا دەبێت بزانرێت کۆتا لە کوێ هەیە لەوێ کورسی بۆ دابنرێت، ئەمەی ئێستا هەڵەیە و زوڵمێکی گەورەیە لە پێکهاتەکان دەکرێت".
پێشتر ھەڵبژاردنەکان لە ھەرێمی کوردستان-عێراق، بەشێوەی یەک بازنەیی بەڕێوەدەچوو، ھاوکات لە کۆی ١١١ کورسی پەرلەمانیش ١١ کورسی بۆ کۆتاکان دیاریکراوە، بەڵام چاوەڕوان دەکرێت لە ھەڵبژاردنی داھاتوودا ھەرێم بەسەر سێ بازنەی ھەڵبژاردن دابەش بکرێت و کۆتاکانیش بەسەر بازنەکان دابەش بکرێت.
news_share_descriptionsubscription_contact

