Ekip
13 کانوونی دووەم 2023•نوێکردنەوە: 14 کانوونی دووەم 2023
دهۆک - AA
به ئاماده‌بوونى ژمارەیەک كه‌سايه‌تى شاره‌زا له بوارى كه‌يسى جينۆسايد، بنكەی رۆشنبیری و كۆمەڵایەتیی لالش پێنجەمین ديدارى خۆى له ژێرناونیشانى "جينۆسايدى ئێزديیهكان و دادپه‌روه‌ریى" له شارى دهۆک ئه‌نجامدا.
سه‌رۆكى بنكەی رۆشنبیری و كۆمەڵایەتیی لالش له شارى دهۆک، سه‌عيد جردۆ لەبارەی ئامانجی ئه‌و ديداره بۆ ئاژانسى ئانادۆلۆ، ئاماژه‌ی به‌وه كرد خوازیارن له ديدارهكهدا زياتر كهیسيى ئێزديیهكان به جيهان بناسێنين و رایگه‌یاند: "له‌پێناو ئه‌وه‌ى هه‌رچى پێويسه له‌م بواره‌دا ئه‌نجام بدرێت، له پێنجه‌مین ديدارى لالشدا سێ كه‌سی شاره‌زامان له بوارى جينۆسايد داوه‌ت كردووه".
له‌باره‌ی كه‌سایه‌تییه داوهتكراوهكانیشهوه رایگه‌یاند: "هه‌ر يه‌ک له سه‌رۆكى پێشووى ده‌سته‌ى گشتیى ناوچه كوردستانییه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى هه‌رێمى كوردستان، محه‌مه‌د ئيسحان و رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دیندار زێباری و راوێژکاری سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری ئێزدییان، حوسێن قاسم حەسوون بوون، ئه‌وان ديد و بۆچوونهكانيان سه‌باره‌ت به كه‌يسى ئێزدييه‌كان خستەڕوو و باسى ئه‌وه‌يان كرد كه له توانادا هەيه زياتر كار له سه‌ر كهیسيى ئێزدیيه‌كان بكرێت بۆ ئه‌وه‌ى دادپه‌روه‌ریى و یاسا جێگاى خۆى بگرێت".
سه‌عيد جردۆ ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد كه ئاسته‌نگی زۆر له به‌رده‌میاندا هه‌يه به‌ڵام به‌پێویستی زانی حكوومه‌تى عێراقى فيداراڵ داكۆكى له كه‌يسى ئێزدييه‌كان بكات و داوا له نه‌ته‌وه‌يه‌كگرتووه‌كان و كۆمه‌ڵگاى نێوده‌وڵه‌تی بكات دادگايه‌كى تايبه‌ت به تاوانه‌كانى داعش كه ده‌رحه‌ق به ئێزدييه‌كان ئه‌نجاميانداوه، دروست بكرێت و گوتی: "بۆ ئه‌وه‌ى كه‌يسى ئێزدييه‌كان يه‌كلایی بكرێته‌وه، ياسا جێگاى خۆى بگيريت. هه‌روه‌ها تاوانباران به‌سزاى خۆيان بگه‌ن و زيانلێكه‌وتووانى ئێزدى قه‌ره‌بوو بكرێنەوە و ئه‌و رێكخراوه تیرۆریستییە ببنه پەند بۆ هه‌موو جيهان كه چيتر نه‌توانن هيچ جۆره تاوانێک ده‌رحه‌ق به پێكهاته نه‌ته‌وه‌يى و ئاينییەکان جيهان ئه‌نجام بده‌ن".
به هۆى پەلاماری تيرۆریستانى داعشه‌وه بۆ سه‌ر قەزای شنگال له ٣ی ئابی ٢٠١٤دا، زياتر له ھەزار و ٢٩٣ کەس کوژران و زیاتر لە ١٣٨ ھەزار ئێزدیى ئاوارەی کەمپەکانی سنوورى پارێزگاى دھۆک بوون. هه‌روه‌ها شەش ھەزار و ٤١٧ ئێزدی رفێنراون کە لەو ژمارەیە تا ئێستا زياتر له سێ ھەزار و ٥٠٠ یان رزگارکراون.
راوێژکاری سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری ئێزدییان، حوسێن قاسم حەسوون يهكێک له‌و كه‌سانه بوو كه به سیمينارێک به‌شداریى له پێنجهمىن ديدارى لالشدا كردبوو، له لێدوانێكىدا بۆ ئاژانسى ئانادۆڵو باسى لە رۆلى كابينه‌ى نوێى حكوومه‌تى عێراق بە سەرۆکایەتی محه‌مه‌د شياع سوودانى له‌وباره‌یه‌وه كرد و گوتى: "كابينه‌كه‌ى محه‌مه‌د شياع سوودانى له‌سه‌ر بنه‌مای ته‌وافوق دروست بووه، چه‌ندين دانوستاندمان له‌گه‌ڵ كردووه. كێشه‌كانى نێوان هه‌رێم و به‌غدا زۆرێکیان به هه‌ڵپه‌سێردراوى ماونه‌ته‌وه يهكێک له‌وانه‌ش پرسی مادده‌ى ١٤٠ى ده‌ستوورە، كه چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌ى شنگاليش له چوارچێوه‌ى ئه‌و ماددهيهدايه و پێويسته ئاواره‌كانى شنگال بگه‌رێنه‌وه سه‌ر زێدى خۆيان".
به پێویستیشی زانی بۆ ئه‌و مه‌به‌سته هه‌نگاوى گرنگ و جددى بنرێت و گوتی: "پهيوهنديیمان له‌گه‌ڵ حكوومه‌تى سوودانى تاوه‌كو ئێستا زۆر باشە، سه‌رۆكوه‌زيرانى هه‌رێميش له به‌غدا بوو. له‌و بڕوايهداین له‌گه‌ڵ كابينه‌كه‌ى سوودانى ده‌توانين بگه‌ينه زۆرێک له ئامانجه‌كانمان و زۆرێک له كێشه‌كانى ئێزدیى چاره‌سه‌ر بكه‌ين".