Fahrettin İbrahim
19 کانوونی یەکەم 2019•نوێکردنەوە: 20 کانوونی یەکەم 2019
هەولێر - AA
بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان، سەفین دزەیی پێشوازی لە شاندێکی ئاژانسی ئانادۆڵو بە سەرۆکایەتی لێپرسراوی بەشی سۆرانی ئاژانسی ئانادۆڵو، خەیروڵڵا سارۆهان کرد.
خەیروڵڵا ساروهان وێڕای دەربڕنی خۆشحاڵی خۆی بەو دیدارە، کورتە باسێکی لەسەر ئەرک و ئامانجی ئاژانسی ئانادۆڵو بە گشتی و بە تایبەتیش لە هەرێمی کوردستان پێشکەش کرد.
خەیروڵڵا سارۆهان گوتی: "ساڵی داهاتوو پێدەنێینە یادی ١٠٠ ساڵەی دامەزراندنی ئاژانسەکەوە. ئاژانسی ئانادۆڵو لە سەرەتای دامەزراندنیدا تەنها بە یەک زمان وەشانی هەبوو، بەڵام لەم ساڵانەدا ئەوە بۆ ١١ زمان زیاد کرا و یەکێک لە گرنگترین زمانەکان کە بایەخی پێدەدرێت زمانی کوردییە بە هەر دوو شێوەزاری کرمانجی و سۆرانی و بە کردنەوەی ئۆفیسی ئاژانسی ئانادۆڵو و پەخشی سۆرانی لە هەرێمی کوردستان ویستوومانە لەگەڵ براکانماندا راستەوخۆ پەیوەندی دروست بکەین".
لێپرسراوی بەشی سۆرانی ئاژانسی ئانادۆڵو ئاماژەی بەوەدا کە ئاژانسی ئانادۆڵو تەواوی پێشهاتەکانی جیهان بۆ کوردستان و رەهەندە سیاسی و مرۆڤی کوردستانیش بەپێچەوانەوە بە تەواوی دنیا دەگەیەنێت و هەوڵەکانی بەم ئاراستەوەیە.
لەبەرامبەردا بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان، سەفین دزەیی پێزانینی خۆی بۆ ماندووبوونی کارمەندانی ئاژانسی ئانادۆڵو دەربڕی و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواستن.
سەفین دزەیی وێڕای ئاماژەدان بە گرنگی ئاژانی ئانادۆڵو و خواست و چاوەڕوانییەکان لێی، رایگەیاند: "گرنگی ئاژانسی ئانادۆڵو لەوەدایە کە پێی باشە جێی متمانە بە و پشت بە سەرچاوەی راستەقینە ببەستێ".
بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان، سەفین دزەیی کردنەوەی بەشی سۆرانی ئاژانسی ئانادۆڵوی لە هەرێمی کوردستان بە هەنگاوێکی گرنگ زانی کە نیشانەی بایەخدانە بە پەیوەندییەکانی دوو لایەنە.