ھەولێر
رۆژی شەممە لە ھەولێر رێکخراوی پرسی میدیا بەھاوکاریی فەرمانگەی رێکخراوە ناحکومییەکان، کۆنفرانسێکی بە بەشداریی چەند مامۆستایەکی ئاینی و مامۆستایانی زانکۆ و رۆژنامەنووسان و چالاکوانی رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی سازکرد.
لەو کۆنفرانسەدا پرسی گەندەڵی و چۆنیەتیی بەرەنگاربوونەوەی تاوتوێ کرا، ھەروەھا رۆڵی میدیاکان و مامۆستایانی ئاینیش لە ھۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگا بۆ بەرنگاربوونەوەی گەندەڵێ بەگرنگ زانرا.
پاشان لەلایەن رێکخراوی پرسی میدیا و فەرمانگەی رێکخراوە ناحکومییەکان، وەک پێزانین و پاڵپشتیەک لە رۆژنامەنووسان بۆ رووماڵکردنی پرۆژەی پێکەوە داڕشتنی ستراتیژی نیشتمانی بۆ بنبڕکردنی گەندەڵی پێزانینی ئاراستەی رۆژنامەنووسان کرد.
لەناو چەند مێدیایەکی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان و راگەیاندنی نێودەوڵەتی پەیامنێری ئانادۆڵو شوان سدیق و ئاژانسەکە لەلایەن رێکخراوی پرسی میدیاو فەرمانگەی رێکخراوە ناحکومەییەکان خەڵات کرا، کە ئازاد حەمەدەمین نەقینی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان پێشکەشی کرد.
محەمەد فەریق بەرپرسی رێکخراوی پرسی میدیا دەڵێ: "لەپرۆژەی رابردوومان ئاژانسی ھەواڵی ئانادۆڵو چالاکیەکەمانی، لەبارەی بنبڕکردنی گەندەڵی رووماڵ کردووە."
فەریق گوتیشی: "ئەم خەڵاتە زیاتر بۆ ھاندان و پاڵپشتیکردنی رۆژنامەنووسانە لە رووماڵکردنی ئەو پرۆژانەی بۆ بنبڕکردنی گەندەڵی ئەنجام دەدرێن."
رێکخراوی پرسی میدیا بەھاوکاری فەرمانگەی رێکخراوە ناحکومییەکان، پرۆژەیەکی درێژخایەنیان وەک ستراتیژێک بۆ بنەبڕکردنی گەندەڵی لە ھەرێمی کوردستان داڕشتوە، بڕیاریشە بۆ ماوەی ٥٠ رۆژ لە زۆربەی شار و شارۆچەکەکانی ھەرێمی کوردستان، لەڕێی مامۆستایانی ئایینی لەرۆژانی ھەینیدا قسە لەسەر دیاردەی گەندەڵی بکرێ.